کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەر ئالترناتیوی ڕێژیم دروست نەبوو؟

02:12 - 3 جۆزەردان 2723

ئەلبورز ڕۆئین‌تەن

بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی هەبوونی ئاڵتێرناتیڤێک کە بتوانێ وێڕای وەرگرتنی متمانەی خەڵک بەرنامەیەکی دێموکراتیک و شەفافی هەبێ پێویستیەکی حاشا هەڵنەگرە. ڕەمزی سەرکەوتنی ئەو ئالتێرناتیوە گەیاندنی بەرنامەکەی بە خەڵک و ڕێنوێنی‌کردنی خەڵکی شۆڕشگێڕە کە دژی دیکتاتور شەڕ دەکەن. ئەو ئالتێرناتیوە دەبێ ببێتە دەنگی شۆڕش و وێڕای ڕێنوێنی نێوخۆ نوێنەرایەتیی ئەو شۆڕشە لە دەرەوە بۆ زیاتر گۆشەگیرکردنی حوکمڕانانی تاران دەکات تا بتوانێ ڕێگا لە سەرکوتی زیاتر بگرێ. ئەو ئالتێرناتیوە بۆ هەر ئەگەرێک بەرنامەیەکی هەیە و لە هەر ڕووداوێکدا ئامادەیە و بۆ هەر گرفتێک چارەسەرێکی نوێ بدۆزێتەوە، دەتوانێ ڕووخانی دیکتاتور خێراتر بکات. ئەو ئالتێرناتیوە وانەی لە مێژووی دیکتاتورەکانی ڕابردوو وەرگرتووە و پێشکەوتووانە بیر بکاتەوە تا مێژووی ڕەشی ڕابردوو دوبارە نەبێتەوە.

هەموومان باش دەزانین کە هەبوونی ئاڵتێرناتیڤێک بەو تایبەتمەندییانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، یەکێک لە گرنگترین پێداویستیەکانی ڕووخانە و دەبێ کار بکەین بۆ هەبوونی ئالتێرناتیوێکی وەها. تەنانەت سەرکەوتوو بوون لە بوارەدا خزمەت بە نەمانی دیکتاتۆر دەکات. بەڵام بە چاوخشاندنێک بە سەر گۆڕەپانی ئێستای سیاسەتی ئێران و هەموو ئەوانەی ئیدعای ئالتێرناتیڤ‌بوون دەکەن، دەبینین هەبوون و دروستبوونی ئالتێرناتیڤێکی وەها چەندە لە ڕاستی دوورە و تەنانەت لە خەیاڵێکی شیرین دەچێ، چونکە زۆربەی هەر زۆری کاراکتەرە سیاسییەکان بە تایبەتی نەتەوەی فارس کە وەک ئۆپۆزیسیونی ڕێژیم کار دەکەن لەو تایبەتمەندیانەی کە بۆ ئالتێرناتیڤێکی کاریگەر پێویستن و لە سەرەوە باسمان کرد، بێبەرین.

لێرەدا پرسیارێکی جیدی دروست دەبێ ئەی ئەگەر ئەو ئالتێرناتیڤە دروست نەبێ چی بکەین؟ ئایا دەبێ چاوەڕێ بکەین تا دروست دەبێ؟ ئەدی خەڵک چی بکات؟ ئەی ئەگەر خەڵک چاوەڕێی ئالتێرناتیڤی نەکرد چۆن دەبێ؟

سیاسەت دیتنەوەی ڕێگەچارە بۆ هەر دۆخێکە، واتە نابێ چاوەڕێی تەنیا هەبوونی ئەگەری دروستبوونی ئالتێرناتیڤ بکەین، بەڵکوو لە ئەگەری درووست‌نەبوونی ئەو ئالتێرناتیڤەش کە ئەگەرێکی بەرچاوە خاوەن بەرنامەی دیاریکراو بین. بەتایبەتی ئێمەی کورد لەو بوارەدا خاوەن پوتانسیەلی گەورەین کە بەکارهێنانی ئەو پوتانسیلە دەتوانێ خۆی لە خۆیدا ببێ بە ئالتێرناتیوێک کە کاریگەری زۆریشی دەبێ. کە واتە لە یەکەم هەنگاودا دەبێ هەموو هێلکەکان نەخەینە سەوەتەی ئەو ئالتێرناتیڤەی کە نەتەوەی فارس دروست دەکات، چونکە یەکەم لەوانەیە دروست نەبێ دووەم دروستیش ببێ لەوانەیە لە بەرژەوەندی کورد نەبێ، هەر وەکوو لە ماوەی ڕابردووش بینیمان.

لە هەنگاوی دووەمدا لە وەها ئەگەرێکدا بیر لەوە بکەینەوە کە وەک کورد چی بکەین، چونکە ئێمە ناتوانین تا سەر ئەو هەموو ئەو خەباتەی کوردستان بە ناوەندێک گرێ بدەین کە ناتوانێ ببێ بە ئالتێرناتیڤێک. دەزانم لەوەها دۆخێکدا باس لەوە دەکرێ کە کورد بەتەنیا ناتوانێ کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێ، ئەوە پرسێکی بەحەقە، بەڵام بەو هێزەی هەیە ئێمە دەتوانین لە کوردستان کۆماری ئیسلامی بڕووخێنین، تەنانەت کۆماری ئیسلامییەکی لاواز باشترە لە ڕێژیمێکی دیکتاتۆریی بەهێز کە سەر لە نوێ کورد سەرکوت بکات. بۆ ئەو بابەتە ئێمە دەبێ باوەڕمان بەو هێزەی نێوخۆی خەڵک هەبێ. لەوانەیە بەر لە شۆڕشی ژینا ئەگەر ئێمە بمانگووتبا کە شۆڕشێک بە بانگەوازی ناوەندی هاوکاری لە کوردستان هەڵدەگیرسێ کە کاریگەریی لەسەر هەموو ئێران دادەنێ کەس باوەڕی نەکردبا.

لە هەنگاوی سێیەمدا ئامادەکردنی گوتارێکە کە لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیە بێتەوە هەروەها وێڕای هەبوونی ئەو گوتارە نوێیە هەبوونی پلان و نەخشە ڕێگا بۆ هەنگاوی کرداری بۆ بەهێز بوون لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات کە پوتانسیێلێکی بەهێزی هەیە.

پرسینی پرسیاری ئەگەر ئالتێرناتیڤ دروست نەبوو، نەک بۆ دۆخی نەبوونی ئالتێرناتیڤ بەڵکوو بۆ هەر دۆخێکی دیکەش ئێمە ئامادە دەکات و ئەو ئامادەییە هیوای دەستەبەرکردنی داخوازیەکانمان زیاتر و زیاتر دەکات. دەبێ  زۆر زوو ئەو پرسیارەمان کردبا و ئەگەر ئێستاش بکەین هەر لەوەی باشتر کە سبەی بیری لێ بکەینەوە.