کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئازادی وەک ئەمری سیاسیی کوردی

02:14 - 3 جۆزەردان 2723

شاهۆ حوسێنی

لەبڕی پێشەکی:

ناڕەزایەتی، تێکهەڵچوونی‌ کۆمەڵایەتی و سیاسی، خواستی ئاڵوگۆڕی و گۆڕین، گرژی، توندوتیژی و هەموو دیاردەکانی‌ تری لەم شێوەیە ئاماژەیەکی ڕوونە بە هەبوونی قەیران، کێشە، کەلێن و دابڕان لەنێو کۆمەڵگەدا. بە مانای کارتێکەرنەبوون، شەرعییەت‌لەدەستدان، و نەمانی برەوی کولتووری کۆمەڵایەتی، سیاسی، بەها و نۆڕمەکانە. ئەوانە ئاماژەیەکن بە خواست بۆ گۆڕین و لادانی زۆر دیاردەی مسۆگەر، چەسپاو و داسەپاو.

ئەمەی لەو ناوەدا گرینگە ئەوەیە کە شێواز و ئاسۆی ئەم دیاردانە لە کۆمەڵگەیەک‌ ڕا بەرەو کۆمەڵگەیەکی‌ تر جیاوازیی هەیە. لە کۆمەڵگە دێموکراتیکەکاندا ئەمری ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری ڕەنگە بەرچاوترین بن و شێوازی مەدەنی و هێمنانە دیارترین شێواز. بەڵام لە کۆمەڵگە دیکتاتۆڕەکاندا بێگومان ئەمری سیاسی و ئازادی وەک ئەمری سیاسی گرینگترین دیاردەیە و شێوازی شۆڕش دیارترین شێوازی ئاڵوگۆڕیە. لە ئێران وەک کۆمەڵگەیەکی دیکتاتۆر چ لە ڕووی گوتاریەوە، چ لە ڕووی کولتووریە و؛ چ لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ئازادی وەک ئەمری سیاسی و، شۆڕش وەک شێواز بەرچاوترین دیاردەکانی مێژووی سیاسیی هاوچەرخی ئێران بوون لە ماوەی سەدساڵی ڕابڕدوودا؛ بەهۆی ئەوەکە هیچ مەجالێکی ڕێفۆرمخوازانە بۆ تێپەڕین لە دیکتاتۆڕییەت و پاوانخوازێتیی سیاسی لە ئێران هیچ‌کات نەڕەخساوە.

ئازادی و ئازادیخوازی:

کانت لەسەر ئەو باوەڕەیە ئازادی بە مانایی توانایی دەستپێکی کۆگشتییەک لە ڕووداوەکانە لەلایەن "خود". بەو پێیە دەشێ بگوترێ ئازادی بە مانای توانایی خود بۆ خۆدەرخستن، فام لەڕیی توانایی عەقڵی خۆی و توانایی خۆداڕشتن و خۆپێناسەکردن دیاردەیەکی مۆدێڕنە کە بە دێکارتەوە دەست‌ پێ ‌دەکات. بەڵام ئازادیخواز وەک ئەکت و کردە لە نووسراوەکانی ویلیام بێلشام‌ لە سەدەی ١٨‌دا دەرکەوت. ئەو لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە جیاوازی هەیە لەنێوان ئازادی بەو مانایەی کە زەین پاڵنەرەکان هەڵدەبژێرێت و ئەو زەروورەتانەی کە پاڵنەرەکانی زەین دیاری دەکات. ئازادی سەلمێنەری شیاویی مرۆڤ و تاکە بۆ هەر جۆرە هەڵسوکەوتێک لە حەوزەی فام، پێناسە و تێگەیشتندا.

ئازادیخوازی باسی دیاردەی توانایی مرۆڤ دەکات لە بەرانبەر زۆرداری و زۆر بەسەرداسەپاندن، ئازادیخوازی لە ڕاستیدا زۆرداری و زۆر وەک دژبەری ئیرادەی ئازادی پێناسە دەکات. ئازادیخوازی لەسەر دوو بنەمای سەرەکی بنیات نراوە: یەکەم شەرعییەتی توانایی ڕاپەڕاندنی ئەرک بە شێوەیەکی جیاواز و دووهەم بەرپرسیاریەتیی کۆتایی. ئەم دوو بنەمایە یەکەم ئاماژەیەکە بە جیاوازبوونی هەڵبژاردنی بژاردەکان لەلایەن تاکەوە بەهۆی جیاوازیی کات و شوێنەکان و دووهەم بەرپرسیاریەتیی مرۆڤەکان لە ئازادی و ئیختیاردا، واتە مرۆڤ کاتێ بەرپرسیارە کە ئازادی هەڵبژاردنی هەبێت. بەگشتی ئازادیخوازی ئەسڵی هێرش‌نەکردنە بۆ سەر ئەوانی‌تر.

هەرزەیی چەمکەکان لە کولتووری ئێرانیدا

بنەما و مەبەستی ئاڵوگۆڕەکان لە ڕۆژئاوا لەم شوێن و کاتەوە دەست پێ دەکات کە دێکارت بە دوو ڕەستە مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە نێو چەقی ژیان، کۆمەڵگە و مێژوو. یەکەم جار بە شککردن لە دیاردە زەینی و ڕوانگەکانیدا کە بەرهەمی ژیان لەنێو ژینگەیەکەی کۆمەڵایەتی و کولتووری و زەمانێکی تایبەتدا بوو. ئەو حەوڵ دەدات هەموو ئەم ئەندێشە، فام و ئاگاییانەی کە وەک ئەزموونی زەینی وەری گرتوون لە بێژنگیان بدات و وەردەیان بداتەوە. دواییش لەڕیی "من بیر دەکەمەوە" حەوڵ دەدات ئەندێشە و زەینی خۆی بکاتەوە بە چەقی فام و تێگەیشتوویی و بەم شێوەیە لە بوونێکی بەرکار، دەسکرد، ڕاهێنراو، ڕاهاتوو و دەستەموو بڕەخسێت، ئازاد بێت و سەربەخۆ بێت. واتە بوونێکی بکەر، خۆدەرخەر، خۆڕەخسێنەر و خۆبەرهەمهێن دەربخات. بەکورتی لە مرۆڤێکی یەخسیر بەرەو مرۆڤێکی ئازاد هەنگاو دەنێت. لە ڕاستیدا ئازادی سەرەتا و دەسپێکی جیهان، ئەندێشەی مۆدێڕن و دەرکەوتنی مۆدێڕنیتە، واتە گەڕانەوەی مرۆڤی بیرمەند، خاوەن ئەندێشە و سەربەخۆ بۆ نێو چەقی ژیان، جیهان و مێژوو بە مانای ئازادی و ڕەخسان لە کۆیلەیی و یەخسیریی سەرەتای دەرچوون لە جیهانی نەریتی و کلاسیک بەرەو جیهانی مۆدێڕنە.

ئاڵوگۆڕەکانی دوایی لە کۆمەڵگە، کولتوور، ئابووری و سیاسەت هەر لەسەر ئەساس و تەوەرەی ئازادیی مرۆڤ ڕووی‌ دا. بۆ وێنە دەرکەوتنی کۆمەڵگەی مەدەنی، لیبرالیزم، مرۆڤخوازی، عەداڵەت‌خوازی، دێموکراسی و دەوڵەتی دیمۆکراتیک هەموویان لەسەر ئەساس و تەوەربوونی ئازادیی تاک و بە مەبەستی پاراستن، پەرە و پەیڕەوی ئەم ئەندێشەیە دەرکەوتن و سەریان هەڵدا.

بەڵام ئەمەی لە ئێران دەرکەوت و سەری هەڵدا، ڕێک پێچەوانە و دژی ئەم ئاڵوگۆڕانە بوو کە لە ڕۆژئاوا وەک مۆدێڕنیتە دەرکەوت و سەری هەڵدا. ئێرانییەکان شێوە مۆدێڕنیتە، شێوە ئازادی، دەوڵەتی شێوە مۆدیڕن و دیاردە شێوە نوێیەکانیان بە مەبەستی سەرکوتی تاکی ئازادیخواز، بەرهەم‌هێنانی بوونی دەستەمۆ، دیل و بەرکار دەکار هێنا. ئەوان لە هەموو کەرەستەیەک کەڵکیان وەرگرت تا بەر بگرن بە دەرکەوتنی بوونی ئازاد، سەربەخۆ و خۆبنیاتنەر، بۆیەش بە بەرهەم‌هێنانی گوتار و ئایدۆلۆژیی گشتگیر و ڕادیکاڵ، بەرهەم‌هێنی داگیرکاری، پاوانخوازی و دیکتاتۆڕییەت بوون.

گرینگترین دیاردەی شێوە مۆدێڕن کە وەک بنەما لە ئێران دەرکەوت تا لەسەر ئەساسی ئەو، دیاردە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان پەرە بستێنن. ناسیۆنالیزمی ئێرانی بوو کە بەپێچەوانەی ناسیۆنالیزمی نەتەوەتەورە کە درێژەی سوبژێکتیسمی دێکارتی بوو، و سوبژەی لە تاک‌ ڕا گواستەوە بۆ گشت، تاک و گشتی ئۆبژەی بەرهەم‌هێنایەوە بە مەبەستی پارستن، پەرە و بەڕبڵاویی دەسەڵاتی سیاسی. بەکورتی دەشێ بگوترێ کە ئاڵوگۆڕەکان لە ئێران بە هۆی ئەوە کە چەمکەکان بەردەوام لەلایەن دەسەڵاتەوە لە نێوەرۆکی نوێ و مۆدێڕنی خۆی بەتاڵ کرا و نێوئاخنی کردن بەدیاردە تەواو نەریتییەکان، بەگشتی چەمکە نوێ و مۆدێڕنەکان تووشی هەرزەیی بوون. ئەم هەرزەییە خۆی لە سێ ئاستی ئایدۆلۆژیکدا دەدیتەوە، نەتەوەخوازیی ڕەچەڵەکی کە ڕەزاشا و حەمەڕەزای پەهلەوی و سەڵتەنەتخوازەکانی ئێستا خۆیان تێدا پێناسە دەکرد و دەکەن. دووهەم ئایینخوازەکانی مەشرووتەخواز و لە کۆماری ئیسلامیدا ڕێخۆرمخواز. سێهەم چەپی ئۆرتۆدۆکسی کە خۆیان لە توودە، چریکەکانی فیدایی خەڵق و ئێستاش لایەنەکانی وەک حیکمەتیست و کۆمۆنیستی ‌کرێکاریدا دەبیننەوە.

وێکچوویی بنەڕەتی و سەرەکیی هەمووی ئەم لایەنانە دژایەتی لەگەڵ سوبژێکتیسم بە مانای سەربەخۆیی تاک وەک بنەمای پلۆرالیزم، کەلان‌ڕەوایەتی و مۆنۆلۆگ بوونە کە دەشێ بەگشتی وەک دژایەتی لەگەڵ مۆدێڕنیتە پێناسە بکرێت. هەربۆیەش بەهۆی ئەو نیزامە مەعریفەتناسە پاوانخواز و نەریتییە هیچ ڕەوتێکی دێمۆکراتیزاسیونی لە ئێران نە هاتۆتە ئاراوە، نە دێتە ئاراوە و نە دەردەکەوێت.

ئازادی ‌و ئازادیخوازی لە کوردستان:

ئەگەر کورد تا سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانی بوونیکی ئۆبژەیە و لە چوارچێوەی شوناسی ئەوی ‌تر دایە، بەجۆرێک کە لەڕیی ئایین‌خوازییەوە دەکەوێتە بەرەی عووسمانی و تووشی کوشتار و ژینۆساید دەبێت، ئەوا لە پاش شەڕی یەکەم حەوڵەکانی کۆڕ و کۆمەڵە کوردییەکان، ڕووناکبیرانی کورد و ڕۆژنامەنووسانی کورد بە مەبەستی دەرخستنی شوناسێکی کوردانە، سەربەخۆیانە و خۆسەروەرانە لە کورد، کۆششێکی مۆدێڕن، سوبژێکتیستانەیە و هەر بەو پێیەش ئازادیخوازنەیە بۆ دەرخستنی کورد لە کۆیلەیی، کۆتی شوناس، فۆڕمی زەینی و چوارچێوەی مەعریفی داهێنراوی ئەوی ‌تری کورد.

ئەم دۆخە دەستپێکی دەرچوون لە نیزامی مەعریفەتناسانەی داڕێژراوی ئەوی‌ تری کورد و هەنگاوێکە بۆ بنیاتنانی نیزامیکی مەعریفەت‌ناسانەی کوردی وەک ڕایەڵێک بۆ لێك‌گرێدانەوەی کورد وەک کۆگشتییەکی پارچەکراو، بۆیە دەشێ بگوترێ کە دەستپێکی ئازادیخوازیی کوردی وەک حەولێکی مۆدێڕن و سۆبژێکتیڤیستانە بە مەبەستی دەرکەوتنی وەک فۆڕمێکی سەربەخۆ و جیاواز لەوی ‌تر لە پاش شەڕی یەکەمی جیهانییە. دیارە بنەماکانی ئەم ڕەوتە هەر لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم‌ ڕا داندرابوو، بەڵام وەک ڕەوت لە پاش شەڕی یەکەم گشتگیر دەبێت و کوردایەتی وەک کۆششێکی سەربەخۆیانە لە فۆڕمی زەینیدا دەبێتە بنەمای شۆڕشەکانی کوردی. ئیتر لەمەو بەدوا خەبات بۆ ڕەخساندنی تاکی کورد و کۆمەڵگەی کوردی لە چوارچێوە مانایی و ڕواڵەتی داسەپاو لەلایەن ئەویتری خاوەن دەسەڵات، هێژمۆن و دژە کورد دەبێتە ئامانجی شۆڕشەکانی کوردی.

 ئەمری سیاسیی فارسی لەسەر بنەمای دۆست و دوژمن بنیات نراوە، ئەم دۆستە لە ئێرانخوازیی پەهلەویدا تاکی موستەحیلی بوو لەنێو شوناس و فۆرماسیونی ئێرانیدا بوو، لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا تاکی موستەحیل‌بوو لەنێو شوناس و فۆرماسیۆنی زەینی شیعەدایە. هەر بەو پێیە دەشێ بگوترێ کە گرینگترین تایبەتمەندیی ئەمری سیاسی فارسی دیکتاتۆری، پاوانخوازێتی و دوگماتیزمە. دوژمن هەموو تاک و کۆمەڵگەکان لەخۆ دەگرێت کە دژی شوناسی داسەپاوی ئێرانین، دژی کۆیلەیی، دەستەمۆیی و خوازیاری ئازادین. کە وابێ ئەمری سیاسیی دژبەری ئەمری سیاسی فارسی دەشێ لەسەر بنەمای دیکتاتۆڕییەت و ئازادی بنیات بندرێت، واتە وەک دژایەتی و بەرپەرچدانەوەی پاوانخوازێتی و نەریت‌خوازی ئەمری سیاسی فارسی کە دیکتاتۆڕییە، ئەمری سیاسی کوردی پێویستە ئازادی‌خواز بێت. ئازادی بە مانای شەرعییەتی دەرکەوتنی تاک و کۆمەڵگەی جیاواز، پێشگرتن بە هەرجۆرە هێرشێک بۆ سەر شوناس و جیهانی ‌زەینی کوردی، شیاوی و توانایی خۆدەرخستن، خۆڕێکخستن و خۆبنیاتنان.