ڕەزا دانشجوو
دوژمنایەتیی ڕێژێمی وەلایەتی فەقیهـ لەگەڵ کورد و کوردستان لەو ڕۆژەوە کە ئەم سیستەمە نامرۆڤانەیە دامەزرا دەستی پێ کرد. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی جگە لە وێرانکاری و ماڵوێرانی بۆ هەموو ئێران هیچی تری بەدیاری نەهێنا، بەڵام چیرۆکی گەلی کورد تەواو جیاوازه. ئەگەر بێتوانایی و بێپلانیی ڕێژیم بووەتە هۆی لەنێوچوونی سەرچاوە ماددی و مرۆییەکان لە هەموو شوێنێکی ئێران، ئەوەی لە کوردستان ڕووی داوە دەرئەنجامی پلاندانانێکی تەواو وشیارانە و ئامانجدار بووە.
لەڕاستیدا ڕێژیم ڕاستەوخۆ هاتۆتە شەڕی کورد و کوردستان. ڕەنگە ڕیشەی ئەم دوژمنایەتییە بۆ ڕووداوەکانی یەکەم ڕۆژەکانی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧ بگەڕێتەوە؛ ئەو کاتەی کورد حازر نەبوو هاوکاریی ڕێژیم بکا و بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکانی کرد و دژی دیکتاتۆریەتی ویلایەتی فەقیهـ ڕاوەستا و ئەم دژایەتییە و بەربەرەکانێیە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. لە بەرانبەردا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییش بۆ هێرشکردنە سەر کورد و کوردستان، هەموو ئیمکانات و شێوازە مومکینەکانی بەکارهێناوە و تا ئیستاش بەردەوامە. ئەمڕۆ سیاسەتی ئاسمیلەکردنی کورد بەهۆی داگیرکەرانەوە لە هەموو شوێنێکی جوغرافیای کوردستان لە ئاگریەوە تا داڵاهۆ دەبینرێت. بەشی تاڵی چیرۆکی هێرش و دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە تەنیا گەلی کورد نەکەوتۆتە بەر ڕق، کینە و دوژمنایەتیی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو جوغرافیای کوردستانیش بە دەیان فۆرمی جیاواز ئەو ڕق و دژایەتیکردنەی ئەزموون کردووە.
ئەوەی لە ماوەی ساڵیانی ساڵ لەم وڵاتە بەندکراوەدا ڕووی داوە، پلانێکی لەپێشداڕێژراو و بە شێوەیەکی تەواو ڕێکخراو بووه و لە سەر بنەمای تاقمێک تیۆریی ناسراو که ئامانجی کۆتاییان له نێوبردنی جوغرافیای کوردستانه دامەزراوە. سیاسەتەکانی ڕێژیم لەم بوارەدا دەتوانرێت لە چوارچێوەی "ئیکۆتێرۆریزم" و فۆرمە نامرۆڤانەترەکەی "زەویی سووتاو"دا پیناسە و باسی لێ بکرێت.
ئیکۆتێرۆریزم (Eco-terrorism) یان تێرۆری ژینگەیی ئەو کارانەن کە مرۆڤ بە دەستێوەردان و دەستکاریکردنی سروشت لەپێناو دەستەبەر قازانج و بەرژەوەندی دەیکات و دەبێتە هۆی تێکچوونی پەیکەری سروشتی ناوچەکە. دەستەواژەی تێرۆر بەو مانایە پێشنیار کراوە کە ئەم دیاردە ترسناکە بە تاوان دەزانرێت. ئەوەی لەم پێناسەیەدا ئاماژەی پێ کراوە زیاتر مەبەستی دەستێوەردانی خەڵکانێکە کە دەبنە هۆی لەنێوچوونی سروشت بۆ ئەوەی قازانجی زیاتر بەدەست بهێنن. کۆماری ئیسلامی و بەکرێگیراوانی لەنێو دەستەڵات وەک ئەندامانی بەسیج و سپای پاسداران ساڵانێکی زۆرە لە تەماحی سەروەت و ساماندا سروشتی کوردستان تاڵان دەکەن و لەنێوی دەبەن.
چەمکێکی تری پەیوەست بە "ئیکۆتێرۆریزم" و لە ڕاستیدا فۆرمی ئاڵۆزتری ئەم دیاردەیە بریتییە لە سیاسەتی "زەویی سووتاو"، کە لە درێژەدا بەکورتی باسی لێ دەکرێت. سیاسەتی "زەویی سووتاو (Scorched earth policy)" ستراتیژییەکە بۆ لەنێوبردنی هەموو سەرچاوە و موڵک و ماڵی سروشتی، کشتوکاڵی، ژینگەیی، گواستنەوە و بەگشتی بێبەشکردنی خەڵکی وڵاتە داگیرکراوەکان لەو سامان و ئیمکاناتانەی لەبەردەستدایە. لەڕاستیدا داگیرکەران کە توانای گۆڕینی پەیکەری کۆمەڵایەتی یان داسەپاندنی هەژموونی کولتوورییان نییە، ئەمجارەیان لەبری دانیشتوانی جوغرافیای داگیرکراو، هێرش دەکەنە سەر خودی جوغرافیای ناوچەکە. "زەویی سووتاو" یانی لەنێوبردن و خاپوورکردنی هەموو سەروەت و سامانی سروشتی و شوێنەواری مێژوویی و... .
لە شەڕی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڤێتنامدا، سوپای ئەمریکا لە کاتی پاشەکشەکردندا هەموو سەرچاوە و ئیمکاناتەکانی ئەو ناوچانەی پاشەکشەیان لێیان دەکرد و بەجێی دەهێشتن، لەنێو دەبرد بۆ ئەوەی نەکەونەوە دەستی پارتیزانەکانی "ڤێت کۆنگ". لەنێوبردنی سامانی وڵاتانی داگیرکراوی ئورووپا لەلایەن سوپای نازی لە کاتی کشانەوەیان لەم وڵاتانە، سووتاندنی بیرە نەوتییەکانی کوێت لەلایەن عێراقەوە لە کاتی کشانەوەی سەدام لە کوێت و هتد بەشێکن لەو ستراتیژییە سەربازییە. هەرچەندە ئەم ستراتیژییە بەشێکە لە پلانی سەربازی و نیزامی و لە حاڵەتێکدا بەکار دێت کە هێرشی سەربازیی کرابێتە سەر وڵاتێک، بەڵام جیهان لەم ساڵانەی دواییدا فۆرمێکی دیکەی ئەم سیاسەتە دوژمنکارانەیەی بە خۆیەوە بینیوە. لە دوایین نموونەدا، بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سوپای میانمار بەئەنقەست ئاگری لە دارستان و کێڵگەکانی موسڵمانانی "ڕۆهینگیا" بەر داوە و بەم شێوەیە ناچاری کردوون ماڵ و حاڵ وزێدی خۆیان بەجێ بهێڵن. تاڵانکردن، دزین و لەنێوبردنی شوێنەوار و ئاسەوارە مێژووییەکان بەشێکی دیکەی سیناریۆی "زەوی سووتاو"ی داگیرکەران لە ناوچە داگیرکراوەکاندایە.
دوای شکستی سوپای فەڕانسە و داگیرکردنی پاریس، بە فەرمانی هیتلێر، دەبوو هەموو بەرهەمە هونەرییەکانی فەڕانسە لە مۆزەخانەی گشتی و تایبەت کۆ بکرێنەوە بۆ ئەوەی لە کاتی گونجاودا بۆ ئۆتریش و ئەڵمانی نازی بگوازرێنەوە. سێپتامبری ١٩٤٠ کاتێک کۆمەڵێک بریکار و سەربازی نازی بە مەبەستی تاڵانکردن چوونە نێو "لۆڤەر"، ڕووبەڕووی هۆڵ و پێشانگایەکی زۆر بەتاڵ بوون چونکە بەڕێوبەرایەتیی مۆزەخانەی "لۆڤەر" لە دەستپێشخەرییەکی ژیرانەدا و ڕەنگە بەهۆی ئاگاداری لە شێوەی هەڵسوکەوتی داگیرکەران لەگەڵ دەستپێکردنی فەرمی شەڕ لە فەڕانسە، فەرمانی دابوو تا سەرجەم ئاسەوارە بەنرخەکانی لۆڤەر بۆ شوێنێکی سەلامەت بگوازرێنەوە. بەڵام بەداخەوە ئەمە تەواوی چیرۆکەکە نەبوو و زۆرێک لە بەرهەم و ئاسەوارە هونەری و مێژووییەکانی فەڕانسە لە ماوەی ساڵانی داگیرکاریی ئاڵمانی نازی لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی ئەم وڵاتە دزران یان لە نێوچوون. ئەوەی لە درێژەی ئەم وتارەدا دێت بەڕوونی باس لەوە دەکات کە بەدرێژایی ساڵانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئەوەی لە ڕۆژهەڵات ڕووی داوە دیاردەی ڕوونی سیاسەتی "زەویی سووتاو" بووە و ئاشکرا و بەئانقەست و بە ئامانجی لە نێوبردنی سروشت و داهاتی کوردستان ئەنجام دراون:
- پێدانی مۆڵەت بۆ دەرهێنانی کانی بەرد و سەرچاوەی جۆراوجۆر، کە بەرهەمەکانیان بە گشتی بە شێوەی خام بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران هەناردە دەکرێت و جگە لە تێکدانی ژینگەی کوردستان هیچ دەستکەوتێکی بەدواوە نەبووە. جگە لەوەش چەندین جار تێبینی ئەوە کراوە کە شوێنی ئەم کانی بەرد و سەرچاوانە لە نزیک ئاسەوارە دێرینەکان و جێگە مێژووییەکان هەڵکەوتوون و بوونەتە هۆی لەنێوچوونی پەیکەرەی مێژوویی ئەو ناوچەیە. وەک دوایین حاڵەتەکان دەتوانین ئاماژە بکەین بە پێدانی مۆڵەتی دەرهێنانی کانی بەرد لە نزیک شاخ و شوێنی مێژوویی "باڵوقایە"ی سەقز یانهەڵکەندن و گەڕان لەلایەن کۆمپانیای نەوت و گازی ڕێژیم لە نزیک شوێنی مێژوویی "بانکۆڵ" لە ئیلام، کە هەردووکیان ڕووبەڕووی ڕەخنە و گازەندەی توندی دانیشتووان و گروپەکانی ژینگەپارێز بوونەوە.
- سووتاندن یان بڕینی بەئەنقەستی دارستانەکانی کوردستان بە ئامانجی لەنێوبردنی سروشتی ڕۆژهەڵات. جگە لە قاچاخچییەکانی دار، کە بە شێوەیەکی سەرەکی بە هاوبەشیی ڕێژیم دارستانەکانی کوردستان تاڵان دەکەن، ساڵانێکی زۆرە شایەتی سووتاندنی بەئەنقەستی دارستانەکانی کوردستانین. لە یەکێک لە ئاگرکەوتنەوە هەرە ترسناکەکانی دارستانەکانی مەریوان، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری دارەکان سووتان، بەداخەوە ژمارەیەک خۆبەخشیش کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە لەو ناوچەیە بوون گیانیان لەدەست دا.
- دروستکردنی بێپلان و بێبنەمای بەنداو و گواستنەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان بە بیانووی دانی "بەشەئاو"، یەکێکی دیکەیە لە کردەوەکانی ڕێژیم لە دژی سروشتی کوردستان کە جگە لە خەسار و زیانی ماڵی و گیانی بووەتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی سروشت لە درێژخایەندا، ئەم لە کاتێکدایە کە هەموو ئەزموون و زانیارییە زانستییەکان پێشان دەدەن ئەم جۆرە دەستێوەردانانە ناتوانن بە هیچ شێوەیەک کێشەکە چارەسەر بکەن. نوێترین نموونە، پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی ڕووباری "زێ_زاب" بۆ گۆلی ورمێیە، کە دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئیکۆسیستەمی دەشتی زاب، ئەمەش لە کاتێکدایە بە وتەی هەموو شارەزایان، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بوژانەوەی گۆلی ورمێ نییە.
- داگیرکردنی لەوەڕگە و شاخەکان و دابەشکردنی لە نێوان بەکرێگیراوانی ڕێژیم یەکێکی دیکە لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییە، کە بووەتە هۆی لەنێوچوونی لەوەڕگە و سامانە سروشتییەکان و دیمەنە جوانەکانی کوردستان و تێکچوونی هاوسەنگیی سروشت. ئەم سیاسەتە ل ژێر چاودێری ڕاستهوخۆی سوپای پاسداران و بە قازانجی بەکرێگیراوانی ڕژیم ئەنجام دەدرێت.
- هەڵکەندن و دەرهێنانی نایاسایی بەشێکی دیکەی پلانی تاڵانکردن و دزینی سامانە سروشتییەکانی ڕۆژهەڵاتە. ئەم سیاسەتە ساڵانێکە بە شێوەیەکی ڕێکخراو لە سەرتاسەری کوردستان بەڕێوە دەچێت و تا ئێستا بەشێکی زۆری بەرهەم و کەرەستەی مێژووییەکانی ڕۆژهەڵات لەلایەن ڕێژیم و بەکرێگیراوەکانییەوە دزراوە. جگە لە بایەخی ماڵی ئەو کەلوپەل و بەرهەمانە، ئەمانە بەدڵنیاییەوە بەشێکن لە مێژووی کوردستان و نەبوونیان خەسارێکی قەرەبوونەکراوەیە.
ئەوەی لەم وتارەدا بە کورتی باس لێ کرا، سیاسەتی دوژمنکارانەی فرەچینەی داگیرکەران لەدژی جوغرافیای کوردستانە. لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی بێتوانا لە کاریگەریدانان لەسەر خەڵکی کورد و بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە خەریکی لەنێوبردن و تاڵانکردنی سروشت و سامان و داهاتی کوردستانە. ئەم پرسە لەم ڕوانگەوە زۆر گرنگ دەبێت کە بەداخەوە ئەم سەرچاوانە دووبارەبوونەوەیان نییە و نوێ نابنەوە. ڕەنگە داگیرکەران لە هەموو کەس باشتر بزانن کە درەنگ یان زوو ناچار دەبن ئەم خاکە بەجێ بهێڵن، هەر بۆیەش بەڕوونی هاتوونەتە شەری کوردستان و بە گرتنەبەری سیاسەتی "زەویی سووتاو" تێ دەکۆشن دوای ڕویشتنیان جگە لە وێرانەیەک هیچ شتێک بۆ گەلی کورد نەمێنێت.
بەرەنگاربوونەوەی ئەم سیاسەتە نامرۆڤانەیە پێویستی بە وشیاریی جەماوەری هەیە و بێدەنگیی لە بەرانبەر سیاسەتی" تێرۆری ژینگەیی" و "زەویی سووتاو" ڕەهەندەکانی ئەم کارەساتە قووڵتر دەکاتەوە. نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە ئەم شەڕە تەنیا دژی خاک و ئاوی کوردستان نییە، بەڵکوو دژی ناسنامە و پێناسەی کورد و ڕۆژهەڵاتە.