کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی بەربڵاوی خەڵکی ئابادان لە ساڵوەگەڕی کارەساتی مێترۆپۆل

10:24 - 3 جۆزەردان 2723

سەرەڕای میلیتاریزەکردنی شەقامی ئەمیرکەبیر لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، بنەماڵەی قوربانییانی کارەساتی مێترۆپۆلی ئابادان لە یەکەمین ساڵوەگەڕی ئەو ڕووداوەدا لە شوێنی ڕووداوەکە کۆ بوونەوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە یەکەمین ساڵوەگەڕی کارەساتی مێترۆپۆلی ئابادان، هاووڵاتییانی ئەو شارە و بنەماڵەی قوربانییانی ئەو ڕووداوە، لە بەردەم مێترۆپۆلی ئابادان کۆ بوونەوە و یادی ئەو قوربانییانەیان بەرز ڕاگرت.

لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممەوە هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم، ڕێگاکانی شەقامی ئەمیر کەبیر، شوێنی "مێترۆپۆلـ"ـیان داخستبوو، بەڵام سەرەڕای میلیتاریزەکردنی ئەو ناوچەیە لەلایەن ئەو هێزانەوە، خەڵکی ئابادان و بنەماڵەی قوربانییان خۆیان گەیاندە شوێنی کارەساتەکە و یادی قوربانییانیان بەرز ڕاگرت.

بینای دووانەی مێترۆپۆلی ئابادان کاتژمێر ١٢ و ٤٠ خولەکی ڕێکەوتی ٢ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی ڕووخا و بەهۆیەوە ٤٣ کەس لە هاووڵاتییانی ئابادان گیانیان لەدەست دا.

پاش ڕووخانی مێترۆپۆل، بە سەدان کەس لە خەڵکی ئابادان و شارەکانی دیکە بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی شەوانە، دروشمی دژی دەسەڵاتیان دەوتەوە.