کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی زیاتر لە ١٠ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی ماکۆ، خۆی، شووت و چاڵدران لەلایەن سپای پاسدارانەوە

11:20 - 3 جۆزەردان 2723

لە ماوەی دوو حەتووی ڕابردوودا لانیکەم ١٠هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی ماکۆ، شووت، خۆی و چاڵدران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران کوژراون کە ناسنامەی سێ کەس لەم کوژراوانە  ئاشکرا بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو''، ڕۆژی هەینی ٢٩ی بانەمەڕ، فەخرەدین عیسازادە، خەڵکی گوندی "یارمق" سەر بە شاری ماکۆ و هاووڵاتییەکی دیکە کە ناسنامەی نەزانراوە، لە سێڕێیانی کشمش‌تەپە کەوتنە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران و کوژران.

هاوکات لە نزیک شارۆچکەی یۆلاگەلدی سەر بە شاری شووت، هێزەکانی سپای پاسداران سێ لاویان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللـە و تەرمەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە کە ناسنامەی یەکێکیان بە ناوی ڕەسووڵ خلکانلوو ئاشکرا بووە.

لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا لانیکەم ٣ هاووڵاتیی دیکە لە نزیک شاری ئاواجیق سەر بە شاری چاڵدران لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران کوژراون.

هەنگاو لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردووەتەوە، شەوی یەکشەممە ٣١ی بانەمەڕ، لە ڕێگای خۆی بۆ ورمێ، ماشینێک بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە و پەیڕەوکردنی یاسا نیزامییەکان بۆ تەقەکردن، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دراوەتە بەر دەسڕێژ و دوای کوشتنی شۆفێری ماشینەکە، جەستەکەیان ڕفاندووە.

لەلایەک دیکەوە، لە شارەکانی ماکۆ، چاڵدران، یۆلاگەلدی و بازرگان زیاتر لە ٣٠ کەس لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە ڕفێندراون کە هەتا ئێستا ناسنامەی یەک کەسیان بە ناوی مووسا جەلالی ئاشکرا بووە.

بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی کوژراوان بۆ بنکە و ئۆرگانەکانی سپای پاسداران، لەگەڵ ڕێکاری توند و هەڕەشەی جیددی ڕووبەڕوو بوونەتەوە.

هەروەها هەتا ئێستا سپای پاسداران تەرمی ئەو کەسە کوژراوانەی ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکردووەتەوە.