شەماڵ تەرغیبی
ڕۆژنامەی حکوومەتیی شەرق لە ژمارەی یەکی جۆزەردان و لە لاپەڕەی ئابووریی خۆیدا باسێکی ورووژاندووە لەسەر بنەمای بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێران و بە ئاماژە بە نوێترین ئاماری نرخی هەڵاوسان کە لەلایەن ناوەندی ئاماری ڕێژیمەوە بڵاو کراوەتەوە ڕایگەیاندووە کە نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە مانگی پێشوو واتە مانگی خاکەلێوە ٥٥ لەسەد و نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی خۆراکی نیزیک بە ٨٠ لەسەد بووە!
هاوکات لەسەر زاری هادی حەقشناس کارناسی ئابووری ڕایگەیاندووە: سیاسەتە هەڵە ئابووری و ماڵی و ئەرزییەکانی دەوڵەت بووەتە هۆکارێکی بنەڕەتی بۆ ئەو دۆخە ئابوورییەی کە هەنووکە لە ئێراندا دەبینرێ؛ بەوتەی ناوبراو ئەوەیکە ئەمڕۆ ئابووریی ئێران ئەزموونی دەکات لەڕاستیدا ئاکام و دەرەنجامی زەین و عەقڵی مێکانیکیی بەرپرسان و نەبوونی ڕوانینی درووست لە زانستی ئابوورییە.
هاوکات توێژەر "حوجەت میرزایی" لە لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیدا بۆ دیاردەی هەژاری باس لەوە دەکات کە ڕێژەی هەژاری لە بەشێک لە پارێزگاکانی ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار؛ بەجۆرێک کە زیاتر لە ٨٠٪ ی کۆمەڵگەی گوندنشین و ٤٥٪ ی کۆمەڵگەی شارەکانی سیستان و بەلووچستان هەژارن و نزیکەی هەموو دانیشتووانی ئەم پارێزگایە، جگە لە گرووپێکی زۆر کەم نەبێ ، شیاوی مافی وەرگرتنی یارانەیانەن.
زیاتر لە ٥٠% ی دانیشتووانی چابەهار و ٤٠% ی دانیشتووانی بەندەرعەباس و ٣٠-٣٥% ی دانیشتووانی مەشهەد پەراوێز خراون.
هەژاریی ڕەها گەیشتووەتە ئاستێک کە بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی ڕێگاوبان و گەشەپێدانی شار، چینی یەکەم (هەژاران ) بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی ماڵ، پێویستیان بە ٢٤٨ ساڵ کات هەیە؛ بەپێی ڕاپۆرتێکیش کە لە ساڵی ١٤٠٠ بۆ وەزارەتی کار ئامادە کراوە، ڕێژەی چالاکییە نافەرمییە دژەمرۆیییەکان (انسان ستیز) وەک کۆڵبەری، گیرفان دزی و تەقەکردن و زبڵدۆزی و هتد گەیشتووەتە ٤٠% و لە هەندێک پارێزگاش ٦٠% زیاترە.
لە ئێستادا ٨٥%ی دانیشتووانی وڵات لەو پارێزگایانە دەژین کە داهاتی سەرتاسەرییان نیوەی داهاتی تارانە و ٤٠%ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە لەو پارێزگایانە دەژین کە ڕێژەی بێکاری جێگیر و درێژخایەنیان لە ١٥% زیاتر بووە ؛ ئەم بارودۆخە لە کرماشان، لوڕستان، خوزستان و سیستان و بەلووچستان دەگاتە زیاتر لە دوو دەیە.
داهاتی سەرانە لە تاران پێنج هێندەی سیستان و بەلووچستانە و تەمەنی هیوا بە ژیانی پیاوانی ئەم پارێزگایە لە نێوان ٨ بۆ ١٠ ساڵ و تەمەنی ژنان ٦ ساڵ کەمترە لە تێکڕای نیشتمانی.
لە ئێستادا نیگەرانیی حکوومەت لە دابینکردنی ژێرخانی گەشەپێدانەوە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو، نان، گاز و کەلوپەلی سەرەتایی گۆڕاوە و پارێزگاکانی ئێران بوونەتە گۆڕستان بۆ پڕۆژەکانی بیناسازی.
بە پشتبەستن بە دوا داتا و زانیارییە بڵاوکراوەکانی خودی ناوەندە فەرمییە حکوومەتییەکان، ئەوەیکە ڕوونە سیاسەتەکانی ڕێژیم لە بیاڤی ئابووری خەساری زۆر قەرەبوونەکراو و جیددی وە پەیکەرەی ئابووری و لە ژێر کاریگەریی ئابووریش کۆی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران داوە کە دەرەنجام و ئاسەوارەکانی یەخەی نەسڵی ئێستەی دادڕیوە.
هەرچەند کە کۆماری ئیسلامی بە دروشمگەلی وەک نەهێشتن و بنبڕکردنی هەژاری و چێکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی هاتە سەر کار بەڵام تێپەڕینی زیاتر لە ٤٠ ساڵ لە دەسەڵاتداریی ئەم ڕێژیمە دەری خستووە کە پێوەرەکانی نادادپەروەری لە هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵگە خراپتر بووە و کەلێنە چینایەتییەکان گەیشتوونەتە ئاستێک کە قۆناغی هۆشداریان تێپەڕاندووە.
وەک حسەین ڕاغفەر، ئابووریناس و مامۆستای زانکۆیش دەڵێ: تێکچڕژاوی جۆرەکانی نایەکسانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەژاری ڕەها و قووڵ لە بەستێنی گەندەڵیی پێکهاتەیی لە ئێران دەرەتانێکی بۆ ڕێفۆرمی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی نەهێشتووەتەوە و بەردەوامبوونی ئەم دۆخە هەڕەشەیەکە لەمەڕ لێکهەڵوەشانەوە و لێکبڵاوکردنەوەی کۆمەڵگە لە ناخی خۆیدا.
بەکورتی نایەکسانی و کەلێنی چینایەتی لە پلەی یەکەمدا دەبێتە هۆکارێکی بنچینەیی لەمەڕ گۆڕینی پارادایمەکانی ژیان لە دادپەروەرییەوە بۆ مەسرەفگەرایی و زێدەخوازی؛ گەیشتن بەم خاڵە دەبێتە هۆی لادان لە پڕەنسیپ و ڕێوشوێنە ئەخلاقییەکان لەنێو کۆمەڵگە و کەمبایەخ و تەنانەت بێبایەخبوونی بایەخ و نۆڕمە فەرهەنگی و ڕەفتارییەکان؛ واتە کاتێک هەژاری، بێکاری، گرانی، هەڵاوسان و کەلێنی چینایەتی لە کۆمەڵگەدا پەرە بستێنن (وەک دۆخی ئێستەی ئێران) چیدی خەڵک ئامادە نییە بۆ پاراستنی کەرامەتە مرۆییەکان تێچوو بدات و بەپێچەوانەوە ئەوەیکە پەرە دەستێنێ دیاردە دزێوەکانی وەک دزی، قەتڵ، بەدڕەوشتی و ... یە کە ئەم دیاردانە دەرخەر و نیشاندەری هەبوونی چارەڕەشین لە کۆمەڵگەدا.