کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکدانی دووبارەی گڵکۆی ژینا ئەمینی لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمەوە

10:06 - 4 جۆزەردان 2723

دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری سەقز، لە هەوڵێکی قێزەونی تردا، شووشەی گڵکۆی ''ژینا ئەمینیـ''ـیان شکاند.

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەکرێگیراوان و دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم لە شاری سەقز بۆ جاری دووەم، سەرەڕای شکاندنی شووشەکانی گڵکۆی ژینا ئەمینی، تاجی سەر وێنەکەی ژیناشیان شکاندووە.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی بانەمەڕیش، بەکرێگیراون و دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری سەقز، لە گۆڕستانی ''ئایچی''، شووشەی سەر گڵکۆی ''ژینا ئەمینیـ''ـیان شکاند.

ژینا ئەمینی، کچە کوردی تەمەن ٢٢ ساڵ، خەڵکی شاری سەقز، مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو لە شاری تاران کەوتەبەر لێدانی دڕندانەی گەشتی ئیرشادی ڕێژیمی ئێران و بەهۆی قورسیی برینەکانی دوای دوو ڕۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

دوای بە دوای ئەو ڕووداوە، خەڵکی کوردستان بە دروشمی ''ژن ژیان ئازادی'' و دروشمی دژ بە ڕێژیمی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و دواتر سەرهەڵدان هەموو شارەکانی ئێرانی گرتەوە و شۆڕشی سەرتاسەری دژی کۆماری ئیسلامی بۆ ماوەی ٣ مانگی بەردەوام لەسەر شەقامەکان وەڕێ خرا.

ژینا ئەمینی، لە ئێستا وەک سەمبولی شۆڕش لە ئاستی ئێران و دنیای دەرەوە ناسراوە و لە چەندین وڵاتی ڕۆژاوایی شەقام و شوێنی گشتیی بەناو کراوە.

لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی، هەتا ئێستا بە دەیان جار خەڵکی ئازادیخواز لەسەر گڵکۆی ناوبراو کۆ بوونەتەوە و خۆپیشاندانیان دژی ڕێژیمی ئێران وەڕێ خستووە، ئەمەش وای کردووە کە ئەو ڕێژیمە لە ڕێگەی دەستوپێوەندییەکانییەوە شووشە و کێلی گڵکۆی ناوبراو تێک بدەن.