کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیمینارێک بەبۆنەی ١٢ی بانەمەڕ، ڕۆژی خوێندکاری کورد بەڕێوە چوو

11:00 - 13 بانەمەڕ 2723

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، سیمینارێک بەبۆنەی ١٢ی بانەمەڕ ڕۆژی خوێندکاری کورد و هەروەها بەرزڕاگرتنی یادی شەهید سمایل شەریفزادە لەلایەن یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانەوە بەڕێوە چوو.

سیمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان لەلایەن مەنسوور پیرۆتی، پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان خوێندرایەوە.

لە پانێلی یەکەمدا کەریم پەرویزی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات باسێکی لەژێر ناوی ''بزاڤی خوێندکاری لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا'' پێشکەش کرد.

پەرویزی لە قسەکانیدا وتی: "قاره‌مانانی كورد و كوردستان، به‌ هه‌ڵوێست و كرده‌وه‌كانیان له‌ چركه ساته‌ هه‌ستیاره‌كاندا، هه‌زاران داستانیان خولقاندووه‌، سه‌رسووڕمانیی خه‌ڵكی غه‌یره‌ به‌ ڕاده‌یه‌كه‌ كه‌ بۆ وێنه‌ له‌ شۆڕشی ژینادا كوردستان ده‌بێته‌ سه‌رباشقه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی ئێران و ته‌نانه‌ت له‌ شاره‌ فارسنشینه‌كاندا كه‌ چل ساڵ پێش به‌ هه‌زاران كه‌سیان به‌ فه‌رمانی جه‌هاد بۆ هێرش بۆ سه‌ر كوردستان ده‌هاتن، به‌ڵام له‌م شۆڕشی ژینایه‌دا، له‌سه‌ر شه‌قام هاواریان ده‌كرد كه‌ به‌ ئاواته‌وه‌ن كه‌ خاوه‌نی هه‌ڵوێست و كرده‌وه‌ی كوردستانی بن."

پاشان ناسر فەتحی، ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان باسێکی لەسەر ''ڕۆڵ، ئەرک و ڕەساڵەتی خوێندکار لەم سەردەمەدا'' پێشکەش کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا وتی: "بەگشتی گەڕانەوە بۆ  ئەرکی حەقیقیی خوێندکار لەم سەردەمەدا دەتوانێت ڕووناکیدەر بێت بۆ گەیشتن و تێفکرین بە چەمکەکانی ئازادی، بەرابەری، نەتەوە و... . لە شۆڕشی ژینادا ڕۆڵی خوێندکار لە زمانی کی یرکگورییەوە خولقاندنەوەی ئیمان و ورە بۆ کۆمەڵگە بوو."

پاشان لەو سیمینارەدا خەڵاتی سمایل شەریفزادە، پێشکەش بە کۆچکردوو دوکتور جەلال حاجی‌زادە ناسراو بە ''ڕامان''، ڕوناکبیر و نووسەری کورد کرا.

دواتر هێشوو خزری، ئەندامی یەکیەتیی خوێندکاران کە لە بەشی کارگێڕیی یاسا لە زانکۆی پۆلی تەکنیکی هەولێر پلەی یەکەمی بەدەست هێنابوو، لەوحی ڕێزلێنانی پێشکەش کرا.

سیمینارەکە بە پرسیار و تێبینیی بەشداربووان و وڵامدانەوەیان لەلایەن کۆڕگێڕانەوە کۆتایی پێ هات.