کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبێکی فەرانسەیی داوای بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران دەکات

10:20 - 4 جۆزەردان 2723

بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازی فەرانسە لە بەیاننامەیەکدا داوای بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران دەکات.

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازانی فەرانسە لە بەیاننامەیەکدا داوای لە نوێنەرانی پارلمانی فەرانسە کردووە کە هەموویان یەکدەنگ داوا لە پارلمانی ئورووپا بکەن کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێنێت.

بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازان، حیزبێکی سیاسیی باڵی چەپی فەرانسەیە کە لە بەیاننامەکەیاندا بە ئاماژەدان بە سەرکوتی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران پاش کوشتنی بەئەنقەستی ژینا ئەمینی لەلایەن گەشتی ئیرشادی ڕێژیمەوە، داوای بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران دەکەن و دەڵێن، دەبێ ئەو ڕێکخراوەیە بخرێتە نێو لیستی ڕەشی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی یەکیەتیی ئورووپاوە.

بەیاننامەی بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازانی فەرانسە سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە مەجلیسی میللیی فەرانسە، بڕیارنامەیەکی بە مەبەستی بەتێرۆریست ناساندنی میلیشیاکانی ڕووسیە "واگنێر" لە لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستییەکانی یەکیەتیی ئورووپا پەسەند کردووە، داوای دووبارەبوونەوەی ئەو کارە بۆ سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران دەکەن.

بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازان، حیزبێکی سیاسیی فەرانسەییە کە ساڵی ٢٠٠٩ی زایینی لەلایەن "ڕابێرت هیوو"، سکرتێری پێشووی حیزبی کۆمۆنیستی فەرانسە دامەزراوە.