کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارودۆخی بوومەلەرزەلێدراوانی شاری خۆی هێشتا نالەبارە

16:44 - 4 جۆزەردان 2723

پاش تێپەڕینی ١٠٠ ڕۆژ لە بوومەلەرزەکەی شاری خۆی، بارودۆخی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو ئێستاش قەیراناوییە و بەبێ سەرپەنا لە خێوەتدا دەژین.

سەرەڕای ئەوەیکە بەرپرسانی ڕێژیم بەڵێنیی نوێژەنکردنەوەی خانووەکان و هەروەها پێدانی قەرزی بانکیی بێ بەهرەیان بە خەڵک دابوو، بەڵام تا ئێستا هیچ کام لە بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکردووە و خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو ئێستاش لە خێوەتدا دەژین.

یەکێک لە دانیشتووانی گوندی پەرە بە هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕاگەیاندووە کە، هێندێک لە خانووەکان نۆژەن کراونەتەوە و خەڵک گەڕاوەتەوە سەر ماڵەکانی خۆیان، بەڵام هێندێک لە خانووەکان بە تەواوەتی ڕووخاوە و پێویستە دووبارە و سەرلەنوێ ساز بکرێنەوە.

یەکێکی دیکە لەو هاووڵاتییانە کە لە خێوەتدا دەژی، دەڵێت: کرێ خانوو لەم ناوچەیە زۆر گرانە و ئێمەی تووشی کێشە کردووە، بۆیە بڕیارمان داوە تا ئەو کاتەی خانووەکەی خۆمان ساز دەکەینەوە لە خێوەتدا بژین.

جێگەی ئاماژەیە کە بوومەلەرزەکەی سەراو خەڵکی تووشی نیگەرانی کردووە و شەوی ڕابردوو بنەماڵەکان بە بیستنی ئەو هەواڵە لە ماڵەکانیان هاتوونەتە دەرەوە و شەو تا بەیانی لە دەرەوە بوون.