پۆلیسی کۆماری ئازەربایجان ڕایگەیاند کە لە عەمەلیاتێکی تایبەتدا، ١٦ کەس لە ئەندامانی ناوەندێکی ئایینی- سیاسی کە لەژێر چاوەدێریی ڕێژیمی ئێرانە، دەسبەسەر کراون.
ڕۆژی سێشەممە ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، هەواڵدەری "ئاپا" لە ڕاپۆرتێکدا نووسی: ئامانجی ئەو کەسانەی سەر بە ڕێژیمی ئێران کە دەسبەسەر کراون، کەڵکوەرگرتن لە کەسانی تووشبوو بە ماددە هۆشبەرەکان و کەسانی خورافاتی بۆ جێبەجێکردنی ئامانجە نایاساییەکانی ڕێژیمی ئێران بووە.
لە بەشێکی دیکە لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئەو کەسانە بە بانگەشەی ئایینی و چالاکیی تێکدەرانە لە ئازەربایجان تۆمەتبارن و لە ڕێگەی فرۆشتنی ماددەی هۆشبەرەوە بەشی ماڵییان دابین دەکرد.
جێگەی ئاماژەیە کە ماوەیەک پێش و پاش پەرەسەندنی کێشەکانی نێوان ئێران و کۆماری ئازەربایجان، دەوڵەتی کۆماری ئازەربایجان لە درێژەی ڕووبەڕووبوونەوەکانی لەگەڵ باندی سیخوڕیی ڕێژیمی ئێران، ٣٩ کەسی دیکەی لە ئازەربایجان دەسبەسەر کردبوو.