کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توندکردنی کەشی سەرکوت لە زانکۆکانی ئێران

10:57 - 5 جۆزەردان 2723

لە درێژەی بانگکردنی خوێندکاران و دەرکردنی حوکمی هەڵپەساردن و بێبەشکردن لە خوێندن بەهۆی جۆری جلوبەرگ و هەروەها بەشداری لە هەر کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییانە، چالاکانی خوێندکاری باس لە وەگەڕخستنی گەشتی مۆتۆڕی بۆ هۆشداریدان بە حیجابی خوێندکاران، دەکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی جۆزەردان، شۆرای سێنفیی خوێندکارانی ئێران، بە جەختکردنەوە لە زیادبوونی گوشار و هەڕەشە لەسەر خوێندکارانی زانکۆی ''زانستی پزیشکی و تەوانبەخشی"، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە خوێندکارانی ئەم زانکۆیە یەک لە دوای یەک بانگ کراون و هەڕەشەی هەڵپەساردن و بێبەشکردن لە خوێندنیان لێ کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەرپرسانی ئەو زانکۆیە دەستیان بە وەگەڕخرانی ''گەشتی مۆتۆڕی'' بۆ ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ خوێندکاران کە حیجابی زۆرەملێ ڕەت دەکەنەوە، کردووە، لە هەمان کاتدا، بە ناردنی "کورتەنامەی هەڕەشەئامێز" بەهۆی جۆری پۆشین، گوشاریان خستووەتە سەر خوێندکاران.

لەو کورتەنامە هەڕەشەئامێزانەدا کە بۆ خوێندکاران نێردراوە، هاتووە: "بەهۆی ئاکاری دوور لە پەرەنسیپەکانی خوێندکاری، بەتایبەتی لەبەرچاونەگرتنی حیجاب، وەک دواجار ئاگادار دەکرێنەوە."

هەروەها ژمارەی هێزەکانی حەراسەت لە زۆرێک لە زانکۆکان زۆر زیادی کردووە، لە چەندین زانکۆ ئەم هێزانە بەردەوام بە مۆتۆڕ لەنێو زانکۆدا گەشت لێ دەدەن و لەبابەت جلوبەرگەوە کێشە بۆ خوێندکاران دروست دەکەن.