عەلی بداغی
لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ ڕۆژدا دوو بڕیاری گرینگی کۆمەڵگەی جیهانی و وڵاتی بێلژیک پێوەندیدار بە چارەنووسی خەڵکی ئێران لەلایەک هەم پەرەی بە نیگەرانی و بێمتمانەیی کۆمەڵانی خەڵکی ئەو وڵاتە بە دنیای ڕۆژئاوا دا و هەم ئایدیا بەناو دێموکراتیک و سیاسەتە مرۆییەکانی ڕۆژئاوای بەرەوڕووی ڕەخنە و پرسیاری زۆر جیدی کردەوە.
یەکەم ڕووداو، هەڵبژاردنی ئێران بۆ بەرپرسیارەتیی نۆرەیی "کۆڕبەندیی کۆمەڵایەتیی شوڕای مافەکانی مرۆڤ" لە ٢١ی مانگی بانەمەڕ بوو. لەکاتێکدا ئامانج و پلانە پێناسەبۆکراوەکانی ئەم خولەی کۆڕبەندەکە "بەشداری زانستی، لێزانی و داهێنەری بۆ پێشکەوتنی مافەکانی مرۆڤ"ە، کەچی بۆ بەرپرسایەتیی ئەو کۆڕبەندە ڕێژیمێک هەڵدەبژێردرێ کە لەسۆنگەی سەرکوتی خوێناویی بزووتنەوە سیاسی و مەدەنییەکان لە نێوخۆی وڵات و ئێعدامی نیزیک بە ٣٠٠ کەس لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی زایینیدا پاککراوترین و بێڕووتووشترین ڕوخساری خۆی پێشانی کۆمەڵگەی جیهانی داوە.
دووهەم ڕووداو، بڕیاری دەوڵەتی بێلژیک بۆ ئازادکردنی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دیپلۆمات تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە بری ئازادکردنی هاووڵاتییەکی بەبارمتەگیراوی ئەو وڵاتە لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە بوو. گۆڕینەوەی هاووڵاتییەکی بێتاوانی مەدەنی لەگەڵ تێرۆیستێک کە بەڵگەی کردەوە تێرۆریستییەکانی لە دادگایەکی ڕەسمیی وڵاتێکی ئورووپاییدا سەلماوە، جیا لە گاڵتەکردن بە پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ کە ڕۆژئاوا بانگەشەی بۆ دەکا و، جیا لە هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ ڕێژیم بۆ بەردەوامبوونی لە کردەوە تێرۆریستییەکانی ناکرێ هیچ مانایەکی دیکەی هەبێت.
مەسەلەکە ڕوونە: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتاوە بە داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران بناغەی دەسەڵاتەکەی لەسەر بارمتەگیری دانا و، بارمتەگیری و باجئەستێنیی ڕێژیم لە وڵاتانی ڕۆژاوا بە درێژایی چل و چوار ساڵی ڕابردوودا نەک هەر سیاسەتی نەگۆڕ، بەڵکوو بەڕۆژی ئەم ڕێژیمە بووە.
جێی داخە کە مەبەستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بارمتەگیری وەک ئامرازێکی سیاسی چ بۆ وەرگرتنی دراوە بلۆکەکراوەکانی و ئیمتیازی سیاسی لە دانوستانەکاندا، چ بۆ بەردانی مۆرە سیخوڕ و تێرۆریستە بەندکراوەکانی لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی، یان بۆ ترساندنی کۆمەڵگەی جیهانی و دابراندنی ئێران لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بووبێت؛ بەهۆی لاوازیی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئاساییبوونی باجدان بە ڕێژیم وەدی هاتوون. تەنانەت ئەگەر ڕیسوایی و ئابرووچوونی وەک "ئێران-کۆنترا" لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی و دەیان حەیاچوونی دیکەی وەک ئەوەی ئێستای بێلژیکی بەدوودا هاتبێ، یان تەنانەت لەو سۆنگەیەوە کۆماری ئیسلامی هیندەی شوو لێ هەڵکێشێ، کە بۆ لەداوخستنی بارمتە سیاسییەکانی عەمەلیاتی ڕفاندن لە وڵاتانی دیکە و لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بەڕێوە ببات؛ چونکی پێیان وایە بارمتەگیریی سیاسی لە ڕاگرتنی هاوسەنگیی سیاسی و دانوستان و مامەڵەکاندا بەباشی بەکار هاتوون و وەڵامیان داوەتەوە.
ئەوە کە ئێران هیچ ڕێزێک بۆ بەها و بایەخە جیهانداگر و یاسا نێونەتەوەییەکان دانانێ هەمووان دەیزانن و ڕێژیمێکی تێرۆریست، دیکتاتۆری و دژیگەلی هەر ئەوەی لێ دەوەشێتەوە، بەڵام سەیر ئەوەیە چەند مانگ لەوەپێش هەر لەو بێلژیکە کە پرسی بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران بۆ پەسندکران هاتە کۆبوونەوەی یەکیەتیی ئورووپا، جۆزێڤ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئورووپا بەو بیانووە کە ئەمە چونکی حوکمی هیچ دادگایەکی لەپشت نییە، ناکرێ بخرێتە دەستووری کارەوە و بەوە بابەتەکەی دیزەبەدەرخۆنە کرد. کەچی ئێستا وڵاتێکی هەر ئەو یەکیەتییە ڕێک حوکمی دادگایەکی ڕەسمیی خۆی کە ئەسەدوڵڵا ئەسەدیی سەبارەت بە دەستتێداهەبوون لە کردەوەی تێرۆریستیی بە ٢٠ ساڵ زیندان سزا داوە، دەشکێنێ و وەک دیارییەک پێشکێش بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دەکات.
ڕوون و ئاشکراشە هەتا ئەوکاتەی سیاسەتی بێدەنگی و هەڵکردن و باجدان بە کۆماری ئیسلامی لەلایەن ڕۆژئاواوە درێژەی هەبێت، ڕێژیمیش لە بارمتەگیرییەکانی بۆ وەرگرتنی ئیمتیازی ئابووری و سیاسی لە کۆمەڵگەی جیهانی بەردەوام دەبێت. بەتایبەت کە یەکێکی دیکە لە ئامانجەکان و باشتر وایە بڵێین دەسکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتی بارمتەگیری، خۆی لە خۆیدا بەهێزکردنی قەیرانی وەڵامدەربوون (مصونیت) و بۆڵدکردنی پارێزراوبوونی ڕێژیمە لەهەر کردەوەیەکی تێرۆریستی و تێکدەرانە و ڕاکردنیەتی لە بەرپرسایەتی.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٣٠٠ کەسی بە بەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەدار داوە و دوای گەڕانەوەی ئەسەدوڵڵا ئەسەدییش هەر بە بەرچاوی کۆمەڵگەی جیهانییەوە، کامێراکان دیمەنەکانی پێشوازی لەو تێرۆریستە و لەئامێزگرتنی لەلایەن جەهرومی، وتەبێژی دەوڵەتەوە و غەریبئابادی، بریکاری نێونەتەوەیی و دەبیری ستادی مافی مرۆڤی دەزگای قەزایی ڕێژیمیان بۆ چوارقوژبنی دنیا گواستەوە، ئاخۆ ئەمە جیا لە پشتیوانی لە تێرۆریزمی دەوڵەتی و دەستەبەری پارێزراوی بۆ پڕکێشی و تەڕاتێنەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەرکوتی ماف و ئازادییەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و خیانەت لە مافی مرۆڤ دەکرێ چ ناوێکی دیکەی لەسەر دابندرێت؟
بێگومان هەتا ئەوکاتەش کە پرسی مافی مرۆڤ و چاوپۆشین لە تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی قوربانیی ساتوسەوداکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکرێ، ئەم ڕێژیمە بە دەستئاوەڵایی زیاترەوە لە جینایەتەکانی بەردەوام دەبێت و بەشێکی گرینگی بەرپرسایەتیی ئەو تاوان و جینایەتانەش دەکەوێتە ئەستۆی ڕۆژئاوا و کۆمەڵگەی جیهانی.