کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید: پارێزەر کاری داکۆکیکردن لە مافی خەڵکە، نابێ لە بەندیخانەدا بێت

10:06 - 6 جۆزەردان 2723

پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی مەککیی زاهیدان سەرەڕای ڕەخنەگرتن لە بەرپرسانی دەسەڵات و بە ئاماژەدان بە دەسبەسەرکردنی پارێزەران وتی: پارێزەر کاری داکۆکیکردن لە مافی خەڵکە، نابێ لە بەندیخانە بێت.

مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی مەککیی زاهیدان، ڕۆژی هەینی ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە خوتبەکانیدا سەرەڕای ڕەخنەگرتن لە بانگکردنی پارێزەرەکان لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە، وتی: لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانە پارێزەر زیندانی ناکرێت، کاتێک پارێزەرێک زیندانی دەکرێت هیچ کەسی دیکە ناوێرێت بەرگری و داکۆکی لە مافی خەڵک بکات.

ناوبراو لەمەڕ هەڵکشانی ئاماری لەسێدارەدانی بەندکراوان لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە وتی: ئەو ئێعدامگەلە بەگشتی مەترسییە بۆ سەر ئێران.

شایانی باسە کە لە دەستپێکی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵات لە ساڵی ١٤٠١ی هەتاوییەوە، کۆمەڵێکی بەرچاو لە پارێزەرانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان لەلایەن دەزگای قەزاییەوە بانگ کراون و تەنانەت زۆربەیان لە بەندیخانەدان.

عادڵ موقەدەس، ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ناوەندی پارێزەرانی بوشێهر وتی: لە ماوەی ئەو خۆپیشاندانانەدا تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ پارێزەر لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە بانگ کراون.

مەولەوی عەبدولحەمید لە درێژەی خوتبەکانیدا بە ڕەخنەگرتنی توند لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم وتی: مەجلیس دەبێ ماڵی خەڵک بێت و ئەرکی چاوەدێری بەسەر کاروباری دەسەڵات و چاوەدێریکردنی جێبەجێکردنی یاسای بنەڕەتییە، نوێنەری مەجلیس دەبێ سەربەست و ئازاد بێت و چاوەدێری بەسەر جێبەجێکردنی دادپەروەریدا بکات.

ناوبراو لە کۆتاییشدا وتی: لە ئێستادا کە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم خەڵک بە هۆکاری جۆراوجۆر لەسێدارە دەدەن، ئەرکی نوێنەرانی مەجلیسە کە دەنگ هەڵبڕن و ناڕەزایەتی دەرببڕن.