کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دیپلۆمات- تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی ئازاد کرا

10:09 - 6 جۆزەردان 2723

ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دیپلۆمات- تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی کە بە هەوڵدان بۆ بۆمبڕێژکردنی هۆڵی کۆبوونەوەی دژبەرانی ڕێژیمی ئێران لە پاریس تاوانبار کرابوو، ئازاد کرا.

ڕۆژی هەینی ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەپێی ڕێککەوتنێک کە لەنێوان ئێران و بێلژیک سەبارەت بە گۆڕینەوەی بەندکراوان کرابوو، ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دیپلۆمات- تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی کە لە دادگایەکی وڵاتی بێلژیکدا سزای ٢٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، ئازاد کرا و گەڕێندرایەوە بۆ ئێران.

پاش واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی گۆڕینەوەی بەندکراوانی دوو وڵات لەنێوان ئێران و بێلژیک، وەزارەتی دەرەوەی عەمان نێونجگەریی بۆ گۆڕینەوەی بەندکراوان وەئەستۆ گرتبوو.

ئەلکساندێر دیکرۆ، سەرۆکوەزیرانی بێلژیک لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە ئێران "ئەلیویە وێندکاستێل"، پێرسۆنێلی بەشی یارمەتیدانی بێلژیکی ئازاد کردووە.

ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، بە تاوانی هەوڵدان بۆ بۆمبڕێژکردنی هۆڵی کۆبوونەوەی دژبەرانی ڕێژیمی ئێران، سزای ٢٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. لەلایەکی دیکەوە ڕێژیمی ئێران بە دەسبەسەرکردنی "ئەلیویە وێندکاستێل" بە تۆمەتی سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا و قاچاخی دراو و سپیکردنەوەی پارە، سزای ٢٨ ساڵ بەندکرانی بەسەر ناوبراودا سەپاندبوو.

جێگەی ئاماژەیە کە سەرەڕای داواکاریی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ ئاڵوگۆڕپێنەکردنی دیپلۆمات- تێرۆریستی ئێرانی، ئەسەدوڵڵا ئەسەدی و هەروەها گوشاری زۆری ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان بۆ سەر وڵاتی بێلژیک، ئەو وڵاتە ئەو دیپلۆمات- تێرۆریستەی ئازاد کرد.