کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبووردنی نێونەتەوەیی: ئازادکردنی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دژبەرانی ڕێژیمی ئێران ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە

10:55 - 6 جۆزەردان 2723

یەک ڕۆژ پاش ئازادکردنی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دیپلۆمات- تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی، ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک سەرەڕای ڕەخنەگرتن لە دەوڵەتی بێلژیک، نووسی: ئازادکردنی کەسێک کە بە کردەوەی تێرۆریستی تاوانبارە، ڕێگە بۆ پێشێلکردنی دادپەروەری و زیادبوونی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران لە دژبەرانی دەسەڵاتەکەی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، خۆش دەکات.

لە بەیاننامەکەی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی کە لەسەر تویتێری فەرمیی ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە بڵاو کراوەتەوە، هاتووە، ئازادکردنی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی لەلایەن دەوڵەتی بێلژیکەوە ئیزندانە بە ڕێژیمی ئێران کە زیاتر پەرە بە کردەوە تێرۆریستییەکانی بدات و دژبەرانی دەسەڵاتەکەی ڕووبەڕووی مەترسی بکاتەوە.

ئەسەدوڵڵا ئەسەدی کە بە هەوڵدان بۆ بۆمبڕێژکردنی هۆڵی کۆبوونەوەی دژبەرانی ڕێژیمی ئێران لە پاریس تاوانبار بوو، لە دادگایەکی وڵاتی بێلژیکدا بە ٢٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو کە پاش تێپەڕینی نزیک بە ٥ ساڵ لە سزاکەی، لەلایەن دەوڵەتی بێلژیکەوە ئازاد کرا.