کۆمەڵێک لە بنەماڵەی شەهیدانی ڕاپەڕین و ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان لە شارەکانی سنە، دێولان و دیواندەرە، سەردانی بنەماڵەی فەرزاد کەمانگەر لە کامێرانیان کرد.
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٢، کۆمەڵێک لە بنەماڵەکانی شەهیدانی شۆڕشی ژینا، سەردانی بنەماڵەی شەهید فەرزاد کەمانگەریان کرد و یادی ئەو شەهیدە و شەهیدانی تری ڕێگای ڕزگاریی کوردستانیان بەرز ڕاگرت.
لەو سەردانەدا بنەماڵەی شەهیدان لەگەڵ ڕۆحی شەهیدانی کوردستان پەیمانیان نوێ کردووە و ڕایانگەیاند کە ڕێبازی شەهیدان بۆ هەمیشە زیندووە و خوێنی شەهیدان بە فیڕۆ ناچێت.
فەرزاد کەمانگەر، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی کامێران، ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی، وێڕای ٤ هاووڵاتیی تر، بەبێ ئاگاداریی پارێزەر و بنەماڵەکانیان و بە شێوەی نهێنی لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران لەسێدارە دران.
پاش تێپەڕبوونی ١٣ ساڵ لە بەڕێوەچوونی سزای سێدارەی فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێیانی، تا ئێستاش تەرمەکانیان بە بنەماڵەکانیان نەدراوەتەوە و تەنانەت ئەو بنەماڵانە نازانن کە گڵکۆی ڕۆڵەکانیان لە کوێیە.