کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان لە نەغەدە کۆچی دوایی کرد

11:15 - 6 جۆزەردان 2723

دایە ڕابیعە عەبدوڵڵاپوور، دایکی شەهید ئەحمەد ئەحمەدی و خوشکی شەهید کەریم عەبدوڵڵاپوور، بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە لە گوندی ''دیلان چەرخ'' سەر بە شاری نەغەدە، کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣ی جۆزرەدان، دایە ڕابیعە عەبدوڵڵاپوور، دایکی شەهید ئەحمەد ئەحمەدی و خوشکی شەهید کەریم عەبدوڵڵاپوور، بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچوویی لە تەمەنی ٩٦ ساڵیدا لە گوندی ''دیلان چەرخ'' سەر بە شاری نەغەدە ماڵاوایی لە ژیان کرد و لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکە بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

شەهید ئەحمەد ئەحمەدی، کوڕی دایە ڕابیعە و کوێخا برایمی دیلان چەرخ، لەدایکبووی ۱۳٤۳ی هەتاوی، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو و لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەدا بۆ بەرگری لە خاک و نیشتمانەکەی، بەوپەڕی گیانفیداییەوە خەباتی کردووە.

ناوبراو ڕێکەوتی ۲۰ی خەزەڵوەری ساڵی ۱۳٦۰ی هەتاوی، لە شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە ''بایزاوێ''، وێڕای هاوڕێیەکی بە ناوی ''کەریم قازی''، شەهید بوون و تێکەڵ بە کاروانی سورخەڵاتانی حیزب و گەل بوون و لە شارەدەێی پەسوێ سەر بە پیرانشار، بە خاک ئەسپێردران.

هەروەها برایەکی دایە ڕابیعە، بە ناوی کەریم عەبدوڵڵاپوور ناسراو بە ''کەریم زەلیلانی'' خەڵکی ئاوایی ''چوار بۆت''، پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە کە لەلایەن جەلادەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ئێعدام کراوە.

شەهید کەریم عەبدوڵڵاپوور ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی لە گوندی ''پێگەڵە'' لەنێو ماڵێکدا لەلایەن پاسدار و بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە دیل گیرا و ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی لە زیندانی ورمێ ئێعدام کرا و لە باخی ڕێزوانی ورمێ بە خاک سپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی کۆچی دوایی دایە ڕابیعە سەرخۆشی لە خزم و کەسوکاری ناوبراو و خەڵکی ناوچەی نەغەدە دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.