کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکهەڵچوونی چەکداری لەنێوان هەنگی سنووریی ڕێژیمی ئێران و هێزەکانی تاڵبان

17:12 - 6 جۆزەردان 2723

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە خۆجێییەکان لە پارێزگای نیمرووز لە ئەفغانستان، هێزەکانی هەنگی سنووریی ڕێژیمی ئێران بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٦ی جۆزەردان، لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای نیمرووز لەگەڵ هێزەکانی تاڵبان تووشی دەرگیری بوون.

ڕۆژنامەی "٨ی سۆبحـ"ـی ئەفغانستان، ڕۆژی شەممە لە زاری بەرپرسانی ئەو ناوچەیە نووسیویەتی کە هێزەکانی هەنگی سنووریی ئێران و هێزەکانی تاڵبان لە ناوچەی ''ولسوالی کۆنگ'' سەر بە پارێزگای نیمرووز، تووشی تێکهەڵچوونی چەکداری بوون.

لەلایەکی ترەوە هەواڵدەریی ''فارس'' سەر بە سپای پاسداران باسی لەوە کردووە کە دەرگیرییەکە لە دەوروبەری ''بنکەی ساسۆلی" ڕوویداوە و تا ئێستاش بەردەوامە.

هەروەها ماڵپەڕی ''حاڵ‌وەش'' کە هەواڵەکانی پێوەندیدار بە سیستان و بەلووچستان بڵاو دەکاتەوە، ڕۆژی شەممە باسی لە پێکدادانی قورسی نێوان هێزەکانی تاڵبان و هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کردووە و ڤیدیۆی ئەم ڕووداوەی بڵاو کردووەتەوە.

تا ئێستا وردەکاریی زیاتر لەسەر تێکهەڵچوونی ئەمڕۆ بڵاو نەکراوەتەوە و بەرپرسانی تاڵبان و ڕێژیمی ئێرانیش کاردانەوەیان نەبووە.

هەروەها تا ئێستا هۆکاری دەرگیرییەکە ڕوون نەکراوەتەوە، بەڵام هێندێک سەرچاوە باس لەو دەکەن کە "دروستکردنی دیواری سنووری" لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە هۆکاری ئەم دەرگیرییە بووە. 

هەواڵی دەرگیریی نێوان هێزەکانی دوو لایەن لە کاتێکدایە کە ئیبراهیم ڕەئیسی لە سەفەرێکیدا بۆ سیستان و بەلووچستان هۆشداریی بە تاڵبان دا کە مافی ئاوی ئێران لە ڕووباری هیرمەند دابین بکرێت.