باوان کرماشانی
وەرگێڕان لە فارسییەوە: کاروان مێراوی
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدان هەردەم بابەتی ناڕەزایەتیی چالاکانی سیاسی و مەدەنی بووە. بەردەوامیی جێبەجێکردنی سزای ئێعدام لە ئێران لە حاڵێکدایە کە له کۆی ١٩٥ وڵات، ١١١ وڵات بەفەرمی یاسای سزای له سێدارەدانیان هەڵوەشاندووەتەوە. ٨ وڵاتی دیکەش بە شێوەیەک هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانیان داوە و ئەو سزایەیان سنووردار کردووە بۆ هەندێک بارودۆخی تایبەت وەکوو بارودۆخی شەڕ. ٢٤ وڵاتی تریش سزای لەسێدارەدانیان لە یاسای وڵاتەکانیاندا هەیە، بەڵام بە کردەوە جێبەجێ ناکەن. تەنیا ٣٥ وڵات لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بەفەرمی سزای سێدارەیان جێبەجێ کردووە و خەڵکیان لەسێدارە داوە.
لەنێو هەموو وڵاتانی جیهاندا چین زۆرترین ئاماری لەسێدارەدانی هەیە و ئێران لە پلەی دووهەم و وڵاتانی عەرەبستانی سعوودی و سوومالی لە پلەکانی سێهەم و چوارەمدان و ئێران بەپێی بەراورد لەگەڵ حەشیمەت و ڕێژەی دانیشتووانی چین، زۆرترین ئاماری لەسێدارەدانی لە دنیادا هەیە.
هەنووکە پرسیار ئەوەیە؛ چ هۆکار و بەستێنێک بووەتە هۆی ئەوەی ئەزموونی مرۆڤایەتی داوای ڕاگرتنی سزای سێدارە بکات؟
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پێی وایە سزای سێدارە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە، بەتایبەتی مافی ژیان و مافی دوورکەوتنەوە لە ئەشکەنجە و سزای دڕندانە و کردەوە نامرۆڤانەکانی تر، کە بەشێکن لە جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ کە ساڵی ١٩٨٤ی زایینی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کراوە. مافی ژیان جیایە لە کردەوەی مرۆڤە و تەنانەت ئەگەر مرۆڤ گەورەترین تاوانیش بکات، دیسان پێویستە هەر مافی ژیانی هەبێت. بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانی ئێستا، پێویستە سزای لەسێدارەدان سنووردار بکرێت بۆ تاوانە گەورە و قورسەکان (وەک کوشتنی بەئەنقەست)، بەڵام ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پێی وایە کە سزای سێدارە وەڵامێکی گونجاو نییە بۆ هیچ تاوانێک و ڕێگری لە هیچ پەرەگرتنی تاوانێک ناکات، ئەم سزایە نەک تەنیا چارەسەرێک نییە بۆ بنەبڕکردنی تاوانەکان، بەڵکوو کولتوورێکی دڕندانەیە کە فەرهەنگی توندوتیژی زیاتر پەرە پێ دەدات.
یەکێک لە بەڵگە و ئارگیومێنتەکانی بەرگریکارانی سزای سێدارە، هێزی ئەم سزایەیە لە ڕێگریکردندا، بەڵام لێکۆڵینەوەکان پێچەوانەی ئەم وابێژییەیان سەلماندووە و هیچ پەیوەندییەکی بەرچاو لە نێوان سزای سێدارە و کەمکردنەوەی تاوانە گەورەکاندا نەدۆزراوەتەوە. بۆ ڕەتکردنەوەی ئەم بەڵگەهێنانەوە و ئارگیومێنتە نالۆژیکییەش، ئەگەر سەیری زۆربوونی ئاماری تووشبووانی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئێراندا بکەین، لەو ڕاستییە تێ دەگەین کە ئەم سزایە هیچ بایەخ و کاریگەرییەکی لەسەر ڕێگریکردن لە پەرەگرتنی کێشەی ماددە هۆشبەرەکان لە کۆمەڵگەدا نەبووە و هەنووکەش ڕێگەچارە بۆ ئەو کێشەیە نییە.
هەندێک کەس لەو بڕاوەیەدان کە دەبێت قورسیی سزاکان یەکسان بێت لەگەڵ قورسیی تاوانەکان؛ بۆ نموونەی ئەم تاوانانەش، کوشتنی بەئەنقەست کە بە دڵنیاییەوە یەکێکە لە تاوانە قڕێژەکان. بەڵام بەڕاستی دروستە ئەگەر تاوانکارێک کەسێکی کوشت ئێمەش داوای کوشتنی تاوانکارەکە بکەین و تۆڵەی کوژراوێک بە کوشتنی کەسێکی تر بکرێتەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین ئێمە لە بنەڕەتدا دژی ئەو تاوانەین؟ ئەم کاردانەوەیە پڕە لە دژوازی و پارادۆکس، مرۆڤ ناتوانێت بە کوشتن، کوشتن ئیدانە و مەحکووم بکات.
ویکتۆر هوگۆ پێی وایە: ئایا پێتان وایە لەسێدارەدان دەبێت بە وانە و پەندێک بۆ لێفیربوون؟ بۆچی؟ ئەم پەندە چیمان فێر دەکات؟ ئەوەی کە نابێت خەڵک بکوژین؟ مەگەر دەکرێت بە مرۆڤکوژی بوترێت نابێت خەڵک بکوژین!؟
ناڕازییان و ئەو کەسانەی کە دژی هەبوونی سزای سێدارەن پێیان وایە؛ چونکە میکانیزم و سیستەمی دادوەری پڕۆسەیەکی مرۆییە، ڕەنگە هەموو مرۆڤێک هەڵە بکات. بەڵام ئەگەر دەزگای دادوەری هەڵەیەک لە دادوەریکردن یان هەر کارێکی تری پڕۆسەی دادوەریدا بکات و کەسێکی بێتاوان سزا بدات؛ بێگومان هیچ کاتێک دەرفەتی قەرەبووکردنەوەی ئەو هەڵەیە نامێنێت و دواتریش لەسێدارەدانەکەش بڕیارێکە دراوە و ناگەڕێتەوە. لەم پێوەندییەدا نموونەی زۆر هەیە کە دەتوانین ئاماژەیان پێ بکەین بە هەڵە لەسێدارە دراون و هیچ ڕێگەیەکیش نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو هەڵانە و گەڕاندنەوە کەسە لەسێدارەدراوەکان.
ناڕازییان و دژبەرانی سزای سێدارە بەردەوام ئاماژە بە ئاکامی لێکۆڵینەوەکان دەکەن و پێیان وایە کە چینە پەراوێزخراوەکان و کەسانی بێکەس بەهۆی ئەگەری دەستپێڕانەگەیشتنیان بە ئاسانکاریی بەرگریکردن لە خۆیان، وەکوو هەبوونی پارێزەر و... ئەگەری سەپاندنی سزای قورسی وەک سێدارە بەسەریاندا زۆرترە.
هەروەها له حکوومەتی ڕێژیمە پاوانخواز و سەرەڕۆکاندا وەکوو ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەبوونی سزای سێدارە دەستی حکوومەت ئاواڵا دەکات بۆ ئەوەی کە به بیانووی دادگاییکردنێکی فۆرماڵیتە لە چوارچیوەی یاسای دواکەوتووی خۆیاندا سزای سێدراە وەکوو ئامرازێک بۆ هەڕەشەکردن و ترساندنی جەماوەر و بەتایبەتی خەڵکی ناڕازیی وڵات بە مەبەستی کپکردنی دەنگی دژبەرانیان بۆ پاراستن و مانەوەی خۆیان و حکوومەتە دیکتاتۆرەکەیان بەکار بهێنن و لەم یاسا کۆنەپەرەستییە وەک دەرفەتێک بۆ خۆیان کەڵکاژۆ وەرگرن.
بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی چالاکانی سیاسی و سەپاندنی سزای قورسی بەندکردن و لەسێدارەدان، لە ڕاستای هەوڵەکانی ئەم دەسەڵاتە ملهۆڕ و دیکتاتۆرەیە بۆ هەڕەشەکردن و ترساندنی جەماوەری سەرانسەری ئێران و دابەزاندنی ورەی شۆڕشگێڕانەی ئەو خەڵکەیە. بە چاوخشاندنێک بە ئامارەکانی کوژران و لەسێدارەدرانی خەڵکی کوردستان و بەلووچستان، سەرەڕای ئەوەش کە هێشتا نەتەوەکانی کورد و بەلووچ کۆڵیان نەداوە و شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە بەلوچستان و کوردستاندا هەر بڵێسەی دێت و بەردەامە، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێت و دەکرێت تێ بگەین کە کۆماری سێدارە تەنیا بە دوای بیانوودا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بە تۆمەتگەلێکی وەک کۆڵبەری و سووختبەری و... دەنگی ناڕەزایەتیی ئەو دوو نەتەوەیە لە نیشتمانی خۆیاندا بەتەواوەتی کپ بکات و ئەو دوو نەتەوەیە بێدەنگ بکات.
حکوومەتێک کە بە پاساوهێنانەوە و تۆمەتی بێبنەمای شەڕکردن و ئاژاوەگێڕی و هەروەها تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی (محاربە)، هەوڵی لەناوبردن و تیرۆرکردنی نەیاران و دژبەرەکانی خۆی داوە و هەر بەم بیانوو و پاساوە نالۆژیکییەش هەمیشە هەوڵی داوە کەمینەکان و بەندکراوە بێکەسەکان لەسێدارە بدات، چونکە لەسێدارەدانی ئەو کەسانە دژکردەوە و ناڕەزایەتیی کەمتری لێ دەکەوێتەوە... بۆ نموونەش دەکرێت ئاماژە بە لەسێدارەدانی محەممەد مەهدی کەرەمی، لاوێکی کرێکاری خەڵکی شاری بیجاڕ بکەین کە هەم بەهۆی نەتەوەیی (کوردبوون) دەچەوسایەوە و هەمیش بەهۆی چینایەتییەوە (کرێکاربوون) دەچەوسایەوە و... .
ئاکامگیرییەک لەو باسانە پێمان دەڵێ لەسێدارەدانی هەموو هاووڵاتییان لە کوردستان و تەنانەت لە ناوچەکانی دیکەی ئێراندا بەتەواوەتی مەبەستی سیاسیی لە پشتە بۆ ئەوەی ڕێژیمی سەرەڕۆی ئاخوندی لەسەر بنەمای سزای لەسێدارەدان کە لە یاساکانی ئەو ڕێژیمەدا گونجێندراوە، بەم شێوەیە تۆڵەی تێکشکان و دۆڕانی خۆی لەلایەن شۆڕشگێرانی شەقامەکانی کوردستان و ئێراندا بکاتەوە.
ئەگەر بنواڕین بۆ ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کە لە ماوەی سەرهەڵدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا بڵاو کراونەتەوە، نیوەی زۆرتری لەسێدارەدراوانی ئێران لە نەتەوەکانی کورد و بەلووچ بوون. لەم پێوەندییەدا وەک نموونە ئاماژە بە ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەکەین: "لە ماوەی ١٣٥ ڕۆژی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی، لانی کەم ٢٤٠ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا لەسێدارە دراون کە ٥٣ بەندکراویان کورد بووە و ٥٠ بەندکراوی دیکەیان بەلووچ".
نەمر نەوید ئەفکاری دەیگوت؛ دژبەری شۆڕشەکەمان بریندارە و بە دوای مل بۆ پەتی سێدارەکانی دەگەڕێت و بە هەر بیانوویەک بێت، یەک لە دوای یەک خەڵک لەسێدارە دەدات. بەمجۆرە ڕێژیم جیا لە تۆڵەی سەرشۆڕی و تێکشکان و دۆڕانی خۆیان، لە هەوڵی ئەوەدایە کە بە لەسێدارەدانی بەردەوامی خەڵک، ترس و دڵەڕاوکی بخاتە نێو کۆمەڵگە و ئەمەش بە مەبەستی ئەوەیە کە درێژە بە تەمەنی نەگریس و ماوەی دەسەڵاتی خۆسەپێنی خۆی بدات. بەڵام ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو دەریخستووە کە دڕندەیی و لەسێدارەدان ڕێگەچارەی بێدەنگکردنی خەڵکی شۆڕشگێڕ لە ئێرانی فرەنەتەوەدا نییە، چونکە ئەو پاڵنەر و هۆکارانەی کە خەڵک دەجووڵێنن زۆر بەهێزترن لەوەی کە دڕندەییی ڕێژیم بتوانێت ڕێگرییان لێ بکات.
لەسێدارەدان دڕندەترین بڕیاری سزای دادوەرییە کە پەیوەندی بە جیهانی سەرەتایییەوە هەیە. هەنووکە کاتی ئەوە هاتووە بۆ کۆمەڵگەیەکی بەبێ سێدارە و کورسیی ئەلەکترۆنیکی، بەگوڕتر و ڕاساوتر بەردەوام درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆمان بدەین.
ئایسخلووس لە شانۆنامەی "خواوەندەکانی تۆڵە"دا نووسیویەتی: جیهان تا ڕادەیەکی زۆر لە دەوری تووڕەیی و تۆڵەسەندنەوەدا دەسوڕێتەوە، بەڵام با شتێکی باشتر دروست بکەین، چ لە خۆمان و چ لە کولتوری سیاسیی خۆماندا. با ڕێبازی ئێستەی جیهان پێڕەوی نەکەین.