محەممەد سلێمانی
ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران کە پێكهاتەی فەلسەفەی فیکرییەکەی لەسەر بنەمای سیاسەتی دژبوون لەگەڵ ئازادی و مافە سیاسی و نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد و گەلانی دیکەی وڵات دامەزراوە، بەدرێژای تەمەنی خۆی ئینکاری فرەنەتەوەیی بوونی وڵات و بنەما دێموکراتیکەکان دەکات و بە ڕەقترین شێوە بەرەوڕووی جووڵانەوەی سیاسی لە کوردستان و ئێران بۆتەوە و بەخۆشییەوە جگە لە شکست و داماوی نەیتوانیوە پێگەی لاوازی خۆی بپارێزێت.
دەسەڵاتی تاران هەوڵی زۆری داوە و دەیدات کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە پێ بخا و ئاوسەوارێک لە ڕاپەڕین و هەستی ڕزگاریخوازیی کورد نەهێڵی و پێگە و نفووزی لەدەستچووی لە کوردستاندا، لەسەر حیسابی خەباتی دەیان ساڵەی کورد بەهێز بکاتەوە. خەڵکی کوردستان دەمێکە بڕیاری داوە و لەسەنگەری ڕزگاریی نیشتمان و بە هاوخەباتی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی وڵاتدا خۆیان بۆ قۆناخێکی تازەی ڕزگاریی سیاسی ڕێکخستووە و خەباتی خۆیان هەتا بەدیهاتنی مافەکانیان درێژەی دەبێت.
لە ماوەی کەمتر لە ساڵێكدا، بەهۆی خروشان و هاتنەمەیدانی گەلانی ئێران بە دژی دەسەڵاتی تاران، دۆخی ئەو ڕێژیمەی بەرەو لێكترازان و لێكهەڵوەشانەوە برد و دەسەڵاتی لە زۆر شار و ناوچەدا بەتەواوی لەدەست دابوو. بەڵام بەداخەوە بەهۆی هێندێک هەڵوێستی نامۆ بەرامبەر بە ڕووداوە سیاسییەکانی وڵات و ڕەفتاری نابەرپرسانەی ڕەزا پەهلەوی، شۆڕشی ئەوجارەی بەرەو دامرکاندنەوە برد و دەرفەتی هاتنەوە بەرەوەی بە حکوومەتی ئاخوندی دایەوە بۆ ئەوەی تا ڕادەیەک بەسەر بێزاری و ڕاپەڕینی جەماوەریدا زال بێتەوە و ئەوجارەش خۆی لە داڕمان بپارێزێت. دیارە ئەوە بەومانایە نییە کە بڵێسەی ئەو شۆڕشە کە بە شۆڕشی ژینا ناسراوە، بەتەواوی لە کوردستان و بەشەکانی دیکەی وڵات دامرکاوەتەوە و زەمینە و دەرفەتی پەرەگرتنەوەی نەبێت.
بێگومان گەلانی ئێران چاوەڕوانی بڕیاری گرینگ و سیاسی و نەتەوەیی ئەو هێزانەن کە باوەڕیان بە فرەنەتەوەیی و دێموکراسی و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و سەردەمیانە هەبێت بۆ داهاتووی ئێران و ئەو هەنگاوەش بە بێ ڕەچاوکردنی واتای تەواوی ژینگەی سیاسی و نەتەوەیی وڵات ئیمکانی سەرکەوتنی نابێت و هەرکاتێک ئەو یەکگرتووییە پێک بێت، گەلانی ئێران بە گڕوتینتر لە جاران دێنەوە سەرشەقام بەمەبەستی ڕووخاندنی ڕێژیم.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە قۆناخێکی هەستیاری سیاسی و مێژوویدا تێپەڕ ئەبێت و ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران بۆ لەباربردن و لاوازکردنی خەباتی شار و شاخ بە شێوەی بەربڵاو و جۆربەجۆر کەوتۆتە خۆی بۆ ئەوەی بە ڕێگای نادروست و دوور لە ڕێسا و پڕەنسیپە نێونەتەوەییەکان بزووتنەوەی هەقخوازیی کورد لەسەر ڕێگای خۆی لابەرێت و بەقەولی خۆیان ئاسەوارێک لە شۆڕشی ئەو بەشەی کوردستان نەهێڵێت. گەلی کورد زیاتر لە دە دەیە دەبێت لە پێناوی دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی تێدەکۆشی و قووبانیی زۆر و بەنرخی لەو پێناوە داوە؛ ڕێژیم بەهیچ پیلانگێڕییەک بە دژی گەلی کورد سەرکەوتوو نابێ و ئەو ئیرادە سیاسی و شۆڕشگێڕییەی پێ لەنێو نایەت و ئاگری خەبات لەو بەشەی کوردستان ڕۆژ بەڕۆژ پڕشنگدارتر دەبێ تا بەدیهاتنی سەرجەمی ئامانجەکانی.
بۆ ئەو مەبەستە گرینگ و نەتەوەییە و داماوترکردنی حکوومەتی تاران لە ئاستی ئیرادەی بەرزی شۆڕشگێرانەی گەلی کورد، پێویستە هێزە تێکۆشەرەکانی کوردستان کە خۆیان بە هێزی سیاسی و نەتەوەیی وێنا دەکەن، پێکەوە و لە سەنگەرێکی بەهێزدا، سەکۆیەکی هاوبەشی سیاسی و هاوخەباتی کە هەموولایەک هەست بەبوون و پێگەیان بکەن لە کوردستان پێکەوە بنێن و دوور بکەونەوە لە پەرتەوازەیی و ئەو ڕێگایە هەڵبژێرن کە خەڵک لە نێوخۆدا بە بێ ڕەچاوکردنی فیکر و ڕەهەندی سیاسی یان، بەدژی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی ئێران هەڵیان بژاردەوە؛ وەک تەنیا مێکانیزمێک کە بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی ئاخوندی تەماشای دەکەین کە ئەویش یەکگرتنە.
کەوابوو چالاكترکردنی ناوەندی هاوکاریی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەرکێکی سیاسی و ئەخلاقیی زۆر دەخاتە سەرشانی کۆی هێزەکان و هۆکارێک نابێت کە لایەنێک خۆی لە بەرپرسایەتی و داکۆکیکردن لە خەباتی ڕەوای گەلەکەی بدزێتەوە لەژێر شوعار و بەهانەی دیکەدا. بەربڵاوکردنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێگومان بژاردەیەکی بەتەواوی ژیرانەیە و لەو ڕێگایەوە یەکیەتیی سیاسی و نەتەوەیی بەدی دێ و دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە لاوازیی بڕیاری سیاسی بەرامبەر بە نەیارانی پرسی سیاسیی کورد لە ئێراندا.
هێزە تێکۆشەرەکانی کوردستان بەدڵنیاییەوە ئێستا ئەو بەرچاوڕوونییەیان لە لا دروست بووە کە " تێکوشان بە تەمای درواسێی سەقیل" ناکرێ و ئەگەر سەیری ڕووداوەکانی ئەو چەند مانگەی ڕابردوو بکرێت، ئەوکات بەگشتی دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە بڵێین، هێزە سەرانسەریەکانیش سەبارەت بە فرەنەتەوەیی بوونی وڵات هێندە ڕەوان و ڕوک نین و کاتێک کورد هەنگاوێک دێتە پێش، ئەوان زیاتر پاشەکشێ دەکەن و دەیانهەوێت پاشان قسە لەسەر پرسی نەتەوەیی بکەن.
سەرلەنوێ ڕێکخستنەوە و بەربڵاوترکردنی ناوەندی هاوکاریی هێزە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، جگە لەوەی بەتەواوی زەروورییە، بەڵکوو ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسیشە و کورد ئەگەر یەک نەگرێت و بە پرشوبڵاوی خۆی بەو لاو ئەملادا ئاوێزان بکات، لە کرۆکیی خەباتی نەتەوەیی خۆی دوور دەکەوێتەوە و دەرفەتی زیاتر بۆ نەیارانی ئەمڕۆی کورد دەڕەخسێنێت و بێگومان زیان بە پێگە و نفووزی سیاسی دەگات.
کەس دژی دیالۆگ و ئیتلافی سیاسی لەگەڵ هێزە دێموکراتەکانی سەرانسەری لە ئێراندا نییە، بەڵام بەو مەرجەی باوەڕیان بە کرۆکیی فرەنەتەوەییبوون و حکوومەتێکی فیدڕاڵی دێموکرات هەبێ و لەسەر ئەساسی سازانی سیاسی و نیشتمانی بڕیار لەسەر داهاتووی وڵات بدرێت و ئەگەر بەتەواوی ڕەچاوی ژینگەی سیاسی و نەتەوەیی و سروشتی پێکهاتەی ئێران هەر لە ئەمڕۆوە نەکرێت و ڕەشنووسێک وەک متمانەی پێکەوە کارکردن لە نێواندا ئیمزا نەکرێ، کورد لە پاش ڕووخاندنی دەسەڵاتی تاران دیسان بەرەوڕووی ئەزموونێکی ناخۆش و تاڵ ئەبێتەوە.
بۆ ڕیگریکردن لەو ڕۆژە، هێزەکانی کوردستان پێویستە هەر لە ئێستاوە مشووری ئەوە بخۆن چۆن بتوانن ئەو ڕێگا دژوارەی خەبات پێکەوە و بە یەکگرتوویی ببڕن. کورد بۆتە بڕبڕەی خەباتی سەرانسەری لە ئێراندا و هەر بەو جۆرەش هێزەکانی، پێگە و نفووزیان بەسەر ڕووداوەکاندا هەیە و شەقامی سیاسیی کوردستان شوێن بڕیار و هەڵوێستەکانی هێزەکانی ئەکەوێت.
دەسەڵاتی کۆنەپەرستی ئێران جگە لەوەی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی گەلانی پێكهێنەری ئێرانی بەتەواوی تێک داوە، نەبوونی ئازادیی سیاسی و نەتەوەیی و گرانی و بێکاری و دابەزینی بەهای دراوی ئێران، مەترسیی گەورەی لەسەر ئاسایشی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خەڵک دروست کردووە و پەستانێکی زۆری کەوتۆتە سەرخەڵک و هەروەها ئارایشی ژیان بەتەواوی شێواوە و ئاسوودەیی و بەختیاریی کۆمەڵایەتی بەرەو نەمان چووە. کۆی ئەو نەهامەتی و دژوارییانە بوونەتە هەوێنی ئەو شۆڕشەی کە مەترسیی لەسەر ناوەندی بڕیاری سیاسی و سەربازیی ئێران دروست کردووە و بەخۆشییەوە لە هەموو لایەکەوە دەسەلاتی تاران کەوتۆتە ژێر گوشار و گەمارۆی چڕترەوە.
بێگومان کۆی ئاڵۆزی و کێشە سیاسی و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان دەسەڵاتی ئاخوندی لێی بەرپرسیارە و هیچ کاتێک ڕێژیم هەوڵی نەداوە لە بەرژەوەندیی ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گەلانی ئێراندا بڕیارێک بدات کە خەڵک هەست بە پێگە و گرینگییان لەنێو قەرارە سیاسی و ئیدارییەکانی وڵاتدا بکەن.
حکوومەتی تاران لە ماوەی حوکمڕانی زاڵمانەیدا، تەنیا ئەوەی بۆ گرینگ بووە کە چۆن ببتوانن خۆیان و نیزامە بێزراوەکەی ئێران یاتر پێ بپارێزن و بۆ ئەو مەبەستەش سەروەت و سامانی گشتی بەهەدەر دەدەن و خێر و بەرەکەتی وڵات لەسەر دەستی سپای پاسدارانی ڕێژیم، پێشکەشی ئەو گرووپانە دەکرێت کە بە ویست و بڕیاری تاران دەجووڵێن لە سەر ئاستی ناوچەییدا.
گرینگە ڕێبەرانی سیاسیی کورد بەر لە هەر شتێک نێو ماڵی خۆیان بەتەواوی ڕێک بخەن و ئەوجار جەوهەریانە سەبارەت بە دواڕۆژی خەباتی هاوبەش لەگەڵ باقی نەتەوەکانی ئێران لەسەر بنەمای سازانی سیاسی و نیشتمانی لەسەر ئاستی دیالۆگدا کار بکەن و وەك میحوەری چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی دەر بکەون، چونکە بەتەنیا دەسکەوتی کەم دەست دەکەوێت ئەویش بۆ ماوەیەکی کورتمەودای خەبات.
ئەگەر بێت و هەریەک لە هێزەکان بەتەنیا بەشداری پێکهێنانی ئێعتلافی سیاسیی تایبەت بە دواڕۆژی وڵات بکەن و ئامانجی فرەنەتەوەیی و فرەچەشنی لە ئێستاوە نەچەسپێنن، پاش ڕووخاندنی ڕێژیم گەلێک دژوارتر ئەبێ و ئەوکات بە هۆی گۆڕانی هاوسەنگیی سیاسی و سەربازی کێشەکان بەو جۆرە چارەسەرناکرێن کە کورد دەیهەوێت. کورد دەبێت سوود لە لاوازیی نەیارەکانی بۆ وەرگرتن و دەستەبەرکردنی مافەکانی وەرگرێت.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەڕێکی نوێی بەمەبەستی لێک کۆکردنەوە و بەربڵاوترکردنی ناوەندی هاوکاریی هێزە کوردستانییەکانی ئێران دەست پێ کردووە و یەکگرتوویی سیاسی و نەتەوەیی بە تەنیا ڕێگای ڕزگاری و گەیشتن بە ئاماجە نەتەوەییەکان دەزانێ. چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکان بە هەوێنی هاوکاری و تێکۆشانی شیاو دەزانێ و گرینگە سەردەمیانە و نەتەوەییانە لە دەوری مێزی دیالۆگ بەمەبەستی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن لەسەر ئەو خاڵانەی کە ئەساسین و پەیوەندییان بە دواڕۆژی خەباتەوە هەیە سازش بەیەکەوە بکەن. چارەنووسی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زۆر شیاو نابێت ئەگەر بێتو فیدای بەرژەوەندیی حیزبێک و ڕێککەوتن بە شێوەی کرچوکاڵ بکرێت و ئامانجە سیاسی و نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان بە هێند وەرنەگیرێن.
جووڵانەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کوردستان لەو چەند دەیەی ئەخیردا شاهیدی گەلێک گۆڕانکاری گەورەی سیاسیی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی بووە کە شوێنەواری بەربڵاوی لەسەر ئاستی وشیاریی سیاسی و نەتەوایەتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هەبووە و ئەمڕۆ چین و توێژە جۆر بە جۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵانی پێشوو باشتر هەست بە شوناسی نەتەوەیی دەکەن و زۆر بیرمەندانە و بەرچاوروونانە پشتیووانی خۆیان لە خەبات دەکەن بۆ ئەوەیی گۆڕانێکی بنەڕەتی بەسەر ستڕاتێژیی سیاسی و نێوەرۆکی داواکارییە سیاسی و مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە چوار چێوەی حکوومەتێکی یەکگرتوو و فێدراڵ لەسەر ئاستی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێک بێت.