کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەوازی مامۆستایان لە ئێران بۆ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ڕۆژی ١٩ی بانەمەڕدا

12:39 - 13 بانەمەڕ 2723

شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوایان کردووە کە مامۆستایان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی سەرتاسەری لە ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بانەمەڕ بەڕێوە ببەن و لەسەر کۆتاییهاتن بە زاڵبوونی ئیدئۆلۆژیی پاوانخوازیی دەسەڵاتدار لە قوتابخانەکان، جەختیان کردەوە.

ئەو شۆرایە ڕۆژی سێشەممە ١٢ی بانەمەڕ کە لە ئێران بە ناوی ''ڕۆژی مامۆستا'' ناودێر کراوە، لە بەیاننامەی خۆیاندا ڕایانگەیاندووە کە ڕۆژی ١٩ی بانەمەڕ، لە تاران لە بەردەم مەجلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە شارەکانی دیکە لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارانە کۆ دەبنەوە.

لەو بەیاننامەیەدا لەسەر داواکارییەکانی وەک ''بەڕێوەچوونی دروستی یاسای بەڕێوەبەریی خزمەتگوزارییەکان، بەڕێوەچوونی گەڵاڵەی پلەبەندیی مامۆستایان و ئازادکردنی مامۆستایانی بەندکراو" جەخت کراوەتەوە.

هەروەها شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایان لە ئێران ئاماژەی بە ڕاپەڕینی ئەم دواییەی دژ بە کۆماری ئیسلامی کرد و نووسی: ''ئەوەی لە ڕاپەڕینی ئەم دواییە لە قوتابخانە و شەقامەکاندا بینرا، شکستی تەواوەتی مۆدێلێک بوو کە بەبێ گرینگیپێدان بە گۆڕانکارییە قووڵەکان لە بواری ڕاستییەکانی کۆمەڵگەوە، هەوڵ دەدات ئیدئۆلۆژییەکەی خۆی کە لە ڕاستی دوورە، لە سیستەمی پەروەردەدا بەدی بهێنێت.

 

لە ماوەی حەوتووەکانی ڕابردوودا ناڕەزایەتیی ڕێکخراوەکانی مامۆستایانی ئێران دەستی پێ کردەوە و بە ژەهراویکردنی زنجیرەیی قوتابییان لە قوتابخانەکانی ئێران ئەوەندەی دیکە مامۆستایانی تووڕە کردووە.