کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی ڕێژیمی ئێران بۆ تێکدان و نەهێشتنی گڵکۆی ژینا ئەمینی

11:20 - 7 جۆزەردان 2723

گڵکۆی شەھید ژینا ئەمینی کە بووەتە مەکۆیەک بۆ کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین دژی ڕێژیمی ئێران، لەلایەن ھێزە سەرکوتکەرەکان و بەشی شارەوانیی شاری سەقز، پیلانی تێکدان و لابردنی لە ئارادایە.

بەپێی ھەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، شارەوانیی سەقز فەرمانی داوە کە دەرکی سەرەکی و گەورەی گۆڕستانی ئایچی دابخرێت و ھیچ کەسێک مافی ئەوەی نەبێت ماشین بباتە نێو گۆڕستانەکەوە هەتا خەڵک بۆ سەر قەبران نەچن و سەردانی ئەو مەزارە و مەزاری باقیی شەھیدان نەکەن.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کردووە کە لەنێوان دەرکی سەرەکیی گۆڕستانەکە هەتا خودی ئەو گۆڕستانە مەودایەکی یەکجار زۆرە و بە داخستنی دەرکی ئەو گۆڕستانە و ڕێگریکردن لە چوونی ماشین بۆ نێو گۆڕستانەکە، دەیانهەوێت خەڵک لە چوون بۆ سەرقەبران پاشگەز بکەنەوە.

شارەوانی شاری سەقز بە ھاوکاریی فەرمانداری ڕێژیم لەو شارە، لە پیلانێکدا دەیانهەوێت پیادەڕەوێک لەنێو گۆڕستانەکە دروست بکەن کە بە تەنیشت گڵکۆی شەھید ژینادا تێدەپەڕێت و ئامانجیشیان ئەوەیە کە لە کاتی سازکردنی پیادەڕەوەکەدا، بە ھەر جۆرێک بێت، گڵکۆی ئەو شەھیدە تێک بدەن.

جێگەی ئاماژەیە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دوو جار شووشەی سەر گڵکۆی ژینا ئەمینی شکێندراوە.

لە دوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، هەتا ئێستا بە دەیان جار خەڵکی ئازادیخواز لەسەر گڵکۆی ناوبراو کۆ بوونەتەوە و خۆپیشاندانیان دژی ڕێژیمی ئێران وەڕێ خستووە، ئەمەش وای کردووە کە ڕێژیم بۆ تێکدانی گڵکۆی ژینا پیلان دابڕێژێت.