کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک مستەفا هیجری لە کۆنفڕانسی ١٠٠ ساڵەی پەیماننامەی لۆزان: پێویستە بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە سەیری ڕابردووی خەباتی خۆمان بکەین

20:27 - 7 جۆزەردان 2723

لە دووەمین ڕۆژی کۆنفڕانسی ١٠٠ ساڵەی پەیماننامەی لۆزان‌ و لە یەکێک لە پانێلەکانی کۆنفڕانسدا، کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتارێکی پێشکەش کرد.

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەڕێز مستەفا هیجری، لە دووەمین ڕۆژی کۆنفڕانسی ١٠٠ ساڵەی پەیماننامەی لۆزاندا کە لە شاری لۆزانی وڵاتی سویس پێک هات، وێڕای ئاوڕدانەوەیەکی ڕەخنەگرانە لە سیاسەت و ڕوانینی زلهێزەکان و وڵاتانی بڕیاردەر لە دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار بەش و وڵاتدا، باسی لە دۆخی سیاسیی ئەمڕۆی کوردستان کرد و یەکگرتوویی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە هەر کام لە پارچەکانی کوردستانی بە زامنی دەستەبەرکردنی ویست و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان لەقەڵەم دا.

‎کاک مستەفا هیجری لە کۆنفڕانسی ١٠٠ ساڵەی پەیماننامەی لۆزان‌ و لە سەرەتای وتەکانیدا بە ئاوڕدانەوە لە بەندەکانی تایبەت بە چارەنووسی کورد لە پەیماننامەی سیڤەر، باسی لە سیاسەت و ڕوانینی وڵاتانی بڕیاردەر لەم پەیماننامەیەدا کرد کە ماف و ویستەکانی کوردیان پشتگوێ خست و بوونە هۆکاری غەدرێکی مێژوویی لە کورد و کوردستان کە سێ ساڵ دواتر و بەهۆی پەیماننامەی لۆزانەوە لە ساڵی ١٩٢٣ بەسەر کورد دا سەپێندرا.

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا بە ئاوڕدانەوە لە ڕۆڵ و کاراکتەری سیاسیی کورد لە هاوکێشە سیاسییەکاندا باسی لە کەمایەسییەکان کرد و لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە پەرژایە سەر پرسی ناکۆکیی نێوخۆی کورد و ئەو هۆکارانەی تا ئەمڕۆ بوونەتە هۆی ئەوەی کورد نەتوانێت وەک نەتەوەیەک بە یەکگرتووییەوە هەوڵی دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی بدات.

هەر لەم پێوەندییەدا کاک مستەفا هیجری بە ئاوڕدانەوە لە یەک ساڵی ڕابردووی خەبات و تێکۆشانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕەوتی یەکگرتوویی نێوان هێزە کوردییەکانی ئەم بەشە لە کوردستان و دواتر سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا، یەکگرتنەوەی هەر دوو حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەکان و ڕۆڵی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان و هەروەها کاریگەرییەکانی شۆڕشی ژینای لە ئاستی کوردستان و ئێران و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی‌ بەرز نرخاند.

لە دوایین بەشی وتارەکەیدا، کاک مستەفا هیجری پێداگریی لەسەر پرسی یەکگرتوویی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان و وەلانانی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی کوردستانی کرد و "یەکگرتوویی"ی بۆ پرسی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بە زامنی دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی نەتەوەی کورد زانی.