کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێگەی سیاسیی کورد بەرهەمی زیاتر لە حەوت دەیە خەباتە

12:28 - 13 بانەمەڕ 2723

محەممەد سلێمانی

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک داینەمۆی خەباتی سیاسی و نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی هەر چەشنە وێژمانێکی سیاسی و هاوپەیمانییە کە حاشا لە ماف و ئازادییە سیاسی و نەتەوەییەکانی گەلی کورد و فرەنەتەوەیی‌بوونی ئێران بکات و ڕوانینی هاوشێوەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئاخوندی لەبارەی ئێرانی پاش ڕووخاندنی دەسەڵاتی تاران ڕەت دەکاتەوە.

گەلی کورد بەو یەکگرتووییە سیاسی و ڕێکخراوەییەی کە هەیەتی، دژایەتی لەگەڵ هەر ڕەوتێکی سیاسیدا بکات کە دژایەتی مافی نەتەوەکان بکات، بە دەردەی ڕێککەوتنی جۆرج تاون دەچێت و بەناچاری هەر یەکەو ڕێگای خۆی جیا بکاتەوە. 

هەرەس و هەڵوەشانەوەی مەنشووری جۆرج تاون بە بێ بەشداری و پشتیوانیی گشتگیری گەلی کورد سەری نەگرت و پێكهێنەرانی مەنشوور هەوڵی زۆریان دا  ئەو ڕێککەوتنە بە میحوەر و دژبەری سەرەکیی ڕێژیمی ئاخوندی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بناسرێت و ئەوە بسەلمێنن کە تەنیا هێزێکی دیاری دژبەری ڕێژیمی ئێران و جێگرەوەی سیستمی سیاسیی داهاتوویە، لە کاتێكدا ڕوانین و داڕشتنی گەڵاڵەی مەنشوور شتێک نەبوو کە ئاسایشی سیاسی و نەتەوەیی گەلانی پێكهێنەری وڵات لە نێوەرۆكدا قبووڵ بێت.

هەر لە سەرەتاوە  دیار بوو کە زاتێکی بیرداخراو و دژەنەتەوەیی وەک کوڕی شا  نەک نابێتە جێگرەوەی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیی ڕێژیم و جیاوازییەکان بەو جۆرە نابن کە خەڵک و هێزە دێموکرات و پێشکەوتنخوازەکان دەیانهەوێت و بەداخەوە بەو هەڵسوکەوتەیان زیانێکی زۆریان بە ڕووداوە زێڕینەکانی وڵات گەیاند و بە ڕفتار و هەڵوێستەکانیان کاریگەرییان تا ڕادەیەک لەسەر خاوبوونەوەی  شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی هەبوو و بەداخەوە هۆکاری بنەڕەتی بوون بۆ لێكترازان و درزخستنەوە نێو بزووتنەوەی سەرانسەریی ئەو شۆڕشە نوێیە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەری هەڵدا و بەخێرایی بەشێکی زۆری شارەکانی دیکەی وڵاتی گرتەوە.

گەلانی ئێران پشتیوانی ڕەوتێكی سیاسی و ڕێکخراوەی ئەوتۆ دەکەن کە بەپەرۆش بێ بۆ بنیاتنانەوەی ئێرانی داهاتوو لەسەر ئەساسی سازانی سیاسی و نەتەوەیی و ژیرانە و نەخشەڕێگای چارەسەرکردنی فرەنەتەوەیی وڵاتی لە بەرنامەیدا بێ، چونکە بە ئینکارکردنی فرەچەشنی، نەک کێشەکان چارەسەر ناکرێن، بەڵکوو ناکۆکییەکان و جیاوازییەکان زیاتر دەبن و کۆمەڵگای ئێرانیش بەو ئاستە لە وشیاری گەیشتووە کە شوێن هەر ڕێککەوتن و ئێعتلافێک کە بزانن، دەبێتە هۆکاری پەرەئەستاندنی بارگرژیی زیاتر نەکەوێ و ڕێگای خۆیان دیاری بکا.

ڕەزا پەهلەوی بە هێوری و لە ژێرەوە خەریکی بەهێزکردن و ڕاکێشانی پشتیوانیی سپای پاسدارانە کە بەڵکوو لە ڕێگای کوودەتای سەربازییەوە دەستی بگاتەوە دەسەڵات و ئەو تاجەی کە زیاتر لە چواردەیە لە مەوبەر، بە هۆی شۆڕشی سەرانسەری لەسەر تەختی پاشایەتی هێنرایە خوار بکاتەوە سەری.

لە کاتێکدا  گەلانی ئێران بە هەموو پێکهاتەکانیەوە دژایەتیی دەسەڵاتی سەربازیی تاران دەکەن، بەو مانایە کە لە دواڕۆژدا سپای پاسداران وەک باڵێکی سەربازیی دەستڕۆیشتووی ڕێژیمی ئاخوندیان بە هیچ جۆرێک بەلاوە پەسند نییە و دەبێت بەتەواوی هەڵبوەشێتەوە و وەک ناوەندێکی چەکداری کە ڕۆڵی بەرچاوی لە سەرکوت و خوێنڕشتنی ئازادیخوازانی وڵاتدا هەبووە لەنێو ببرێت و بەتەواوی لە قەرار و بڕیاری سیاسی و سەربازی دوور خرێتەوە.

ڕوانینی خەڵک بە پێچەوانەی ڕەزا پەهلەوییە کە هەوڵ دەدات بە پشتیوانیی سپای پاسداران بگاتە سەر دەسەڵات و ئەو ناوەندەش هەر وەک خۆی بمێنێتەوە، کە ئەو بابەتەش بە تەواوی لەگەڵ خواست و داواکاریی گەلانی ئێران دژ و ناتەبایە. 

جیاوازییەکانی بەرەی ئازادیخوازی و لایەنگری پرسی نەتەوەیی لە ئێران لەگەڵ دژبەرانی فرەڕەهەندیدا بەتەواوی دیارە و بنەماڵە و پاشماوەی شای ڕووخاو هەوڵی زۆر جیددی دەدەن پاش خاوکردنەوەی شۆڕشی سەرانسەری، پێگەیان لەنێو سپای پاسداران بەهێز بکەن، لە کاتێكدا نەتەوەی فەرمانڕەوای فارس متمانەیان بەو بنەماڵە و ڕەفتارەکانیان نەماوە و بە هۆکاری زۆر شکستی سیاسی و مێژووییان دەزانن.

ئێرانی داهاتوو بە قسە و گوفتاری چەند کەسایەتی و بە سەرپەرستیی ڕەزا پەهلەوی هەرگیز ڕێك ناخرێتەوە و کاتێک گەلانی ئێران لە ئێستادا حزووریان بەسەر ئاڵوگۆڕەکاندا هەیە و ڕەوتێکی بەهێزی نەتەوەیی و دێموکراتیک بەرهەم هاتووە، بێگومان بە دەستەیەک و چەند کەسایەتی، بزووتنەوەی سیاسیی نوێی وڵات لە ئامانجەکانی دوور ناخرێتەوە، بەڵکوو ئەوانەی بە پێچەوانەی دوورەدیمەنی فرەنەتەوەیی بیردەکەنەوە، خۆیان لە ڕووداوەکان پەراوێز دەخرێن.

 گەلی کورد و باقی نەتەوەکان وەختێ بەشداری و پشتیوانی پڕۆسەی سیاسیی  داهاتوو دەکەن کە ماف و ئازادییەکانیان بەتەواوی دەستەبەر و دابین بکرێ؛ بە دوورنەکەوتنەوە لە بیری فاشیستی و باوەڕمەندبوون بە یەک نەتەوە و ئاڵا و یەکپارچەیی ئێران، نەک خاڵی هاوبەش نامێنی، بەڵکوو زەمینەی لێک دوورکەوتنەوە زۆر بەرچاوتر ئەبێت.  گەلانی ئێران دەمێکە بڕیاری سیاسیی خۆیان داوە و داوای ڕووخاندنی دەسەڵاتی تاران دەکەن و پشتیوانیی سیستمێک ناکەن کە سوور بزانن سەردەمێکی نوێی زەبروزەنگ بەرامبەریان دەست پێ دەکاتەوە.

پێكهێنەرانی سەرەکیی مەنشوور، سەرەنجام لە ڕێککەوتنی جۆرج تاون بێ هیوابوون و هەر یەکە بەلایەکدا خەریکن لێی ڕا دەکەن، لەبەر ئەوەی بەتەواوی نەیتوانی بە ئامانجەکەی بگات کە پێشتر کیسەیان بۆ هەڵدروبوو، بەهۆی خۆسەپاندنی تەنیا کەسێک بەسەریدا و گوێنەدان بە زەروورەتی ئەمڕۆ و داهاتووی سیاسیی ئێران کە دەبێت لەسەر چ بنەمایەک ڕێک بخرێتەوە.

دەرکەوت ڕەزا پەهلەوی لەو ئاستەدا نییە بتوانێ ڕۆڵی سەرەکی بۆ ڕووخاندنی تاران بگێڕێ و خەڵکی کوردستان بەباشی لە ڕفتار و مێژوویان گەیشتوون و هەربۆیەش بەتەواوی پشتیوانی هەنگاوەکانیان نەکرد و جیاوازییەکی ئەوتۆیان لە نێوان ڕێژیمی شا و ئاخوندیدا نەبینی و بەو ئاکامە لە وشیاریی سیاسی گەیشتوون کە بڵێن زاتێکی دوورەپەرێز و بێزراوی نێو ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران ناسراوە و کەس شوێنی بەڵێنە بێ بنەماکانی ناکەوێت کە سوور دەزانن چی لە هەگبەی بەتاڵیدایە سەبارەت بە پرسی فرەنەتەوەیی و ئازادیی ئێران.

هاتنەدەری "حامید ئیسماعیلیوون " بەتەواوی بێ بنەمایی و بێکەڵکیی ئەو ناوەندی سەلماند و وەختێ دامەزرێنەرانی نەتوانن لەگەڵیدا هەڵ بکەن و نێوەڕۆکی مەنشوورێکی نامەشهووری لەو چەشنە پەرە پێ بدەن بە هۆی دژایەتیی شاپەرەستەکان لەگەڵ ئازادی و چەمکی فرە نەتەوەیی و بیرتەسکی و نەبوونی دەرفەتی ڕێزگرتن لە فرەڕەهەندی و شانسی سەرکەوتن و پەرەستاندنی خۆی بەتەواوی لەدەست دا.

خەڵکی کوردستان کە پێگەیەکی بەهێزی لەسەر ئاستی ڕووداوە سیاسیەکانی ئێراندا هەیە، دژایەتیی هەر ڕەوت و ناوەندێکی نادێمۆکراتیکی لە چەشنی مەنشوور بکات، ئاکامەکەی ئەوە دەبێت و هەر لە سەرەتاوە هەرەسێکی سیاسی لەو چەشنەی ڕێکكەوتنی جۆرج تاون چاوەڕوان بووین و هەرکەسێک و هێزێک ڕەهەندە فیکرییەکانی نزیک لە ڕێژیمی ئاخوندی بێت، سەر ناکەوێت و بەدەردی ڕەزا پەهلەوی دەچێت کە بچێتە ئیسرائیل و تەقیلەی ڕەش بکاتە سەری بۆ ئەوەی لەو قەیران و دوورپەرێزییەی دووچاری بووە نەجاتی بێت و بەڵکوو ئەوان ڕێژیمی ئاخوندیی بۆ بڕووخێنن و تاجی داڕماویان بۆ بخەنەوە سەری.

وەختێک گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی پێگە و هێزێکی ڕێکخراو و مونەزەم بێت و شوێنی لەسەر ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵاتییەکانی کوردستان و ئێران هەبێت، لەگەڵ چەند نەفەرێک و لەژێر سێبەری ڕەزا پەهلەویدا کە زۆرینەی فارسەکان نەفرەتیان لێ دەکەن، بچینە بەرە و بۆ بەهێزبوونیان کار بکرێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک هێزێکی دیاری ڕۆژهەڵات و ئێران بە ڕاشکاوی و بەرپرسانە پاش شەنوکەوکردنی ڕەهەندە سیاسی و فیکرییەکانی مەنشووری جۆرج تاون، هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند و پشتیوانیی لێ نەکرد لەبەر ئەوەی ڕێگاکەی بەو ئاراستەیەدا نەبوو کە گەلی کورد خەباتی  لەپێناودا کردووە.

ئەوەش بەو مانایە کە بە بێ بەشداری و حزووری حیزبی دێموکرات وەک پێشەنگ و پێشڕەوی خەباتی سیاسی و نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هیچ ناوەندێک کە ڕەچاوی مافی سیاسی گەلی کورد و گەلانی دیکەی وڵات نەکات، شانسی سەرکەوتن و بەردەوامی و گەشەکردنی نابێت و لەگەڵ دژایەتیی سیاسیی گەلانی پێكهێنەری ئێران بەرەوڕوو ئەبێتەوە.

خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانییەوە شوێن بڕیارە سیاسی و نیشتیمانییەکانی هێزێک ئەکەون کە بزانن داکۆکیکردن لە شوناسی سیاسی و نەتەوەیی کورد ئاوێتەی بڕیارە سیاسییەکان بووە و بۆ جارێکی دیکە خۆیان بە دەستی قەزا و قەدەر ناسپێرن و هەرچیەک لە بەرژەوەندییاندا نەبێت، لە گەڵی ناکەون.

لە سەرئاستی ئێراندا، وەختێک بەرەیەکی گشتگیر و شوێندانەر کاریگەریی بەسەر ڕووداوەکاندا ئەبێت کە باوەڕی قووڵی بە فرەچەشنی و فرەڕەهەندیی ئێران هەبێ و ئیدی ئەو شتە بە تەواوی بێکەڵک بووە کە لەژێر بیانوی ئەوەیدا کە ئێرانی یەکپارچەی بپارێن، دژایەتی ڕەق لەگەڵ ماف و ئازادییە سیاسی و نەتەوەییەکانی گەلانی دیکەی وڵاتدا بکرێت.

حیزبی دێموکرات سیاسەت و ستراتێژیی خۆی بەگوێرەی قۆناغەکانی خەبات دادەڕێژێت و ئەگەر دەرفەت و هەلومەرجێکی شیاو بۆ کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئێراندا بێتە بەرەوە، بەو پێگەیشتووییە سیاسی و پێگەجەماوەرییەی کە خاوەنیەتی، بەدڵنیایەوە بڕیارێکی چارەنووسساز لە بەرژەوەندیی خەباتی ڕەوای گەلی کورد دەدات و ڕێگا لەهەر جۆرە سەرەڕۆییەک دەگرێت کە زیان بە هەنگاوە سیاسی و نەتەوەییەکان بگەیەنێت.

دیارە خەبات بە قسە گەلێک خۆشترە لەوەی تامی سەختی و ئالۆزیی ڕووداوەکان بکەیت، حیزبی دێموکرات زیاتر لە حەوت دەیەی ڕەبەقە لە مەیدانی خەباتدایە و بۆ ئازادی و ڕزگاری تێدەکۆشێت و بۆ جارێک لە مێژوودا ئەوەت بەرچاو ناکەوێت کە حیزب بە بڕیارێكی کرچ و کاڵ زیانی بە دەسکەوتەکانی خەبات گەیاندبێ و هۆکاری لێکترازانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی کورد بووبێت.