کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان خەڵکی ئاواییەکانی بناری شاهۆ

10:02 - 8 جۆزەردان 2723

ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە گرژی و ئاڵۆزییەکان لەنێوان خەڵکی ئاواییەکانی بناری شاهۆ، لە پەیامێکدا دڵگرانیی خۆی دەربڕی و داوای کردووە هەرچی زووتر خەڵکی نیشتمانپەروەری بناری شاهۆ بە هاوکاری و هاوپێوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە خاڵی کۆتایی بۆ بڕگەی گرژیی نێوانیان و کەڵکاژۆی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دابنێن.

لە بەشگەلێک لەو پەیامەدا هاتووە:

لە چەندین ڕۆژی ڕابردوودا گرژی و ئاڵۆزی کەوتووەتە نێوان خەڵکی ئاواییەکانی بناری شاهۆ، بەتایبەت  ئاواییەکانی تەنگیوەر، پاڵنگان و گازرخانی، کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چۆنیەتیی کەڵکوەرگرتنی هاوبەشی خەڵکی ئەو ئاواییانە لە لەوەڕگەکانی شاهۆ.

بەداخەوە گرژییەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی چاوەڕواننەکراو کە تێکهەڵچوونی چەکداری و لێکەوتەی دڵتەزێن و برینداری لێکەوتووەتەوە.

ئاشکرایە کە هاونیشتمانییانی ئەو ناوچەیە بەگشتی، ڕابردوو و مێژوویەکی دوورودرێژیان لە پێکەوژیانی هێمنانە لەپێناو ئاوەدانی و ڕزگاریی نیشتمان و ناوچەکەیان هەیە. بەڵام بەرپرسانی بێکیفایەت و ئاژاوەگێڕ بە دەستێوەردانی مەبەستدارانەی کۆماری ئیسلامی، بەردەوام بوونەتە ئاگرخۆشکەری کێشە و ئاڵۆزییەکان و ویستوویانە لە ئاوی لێڵ ماسی بگرن.

بێگومان وەها حکوومەت و دەسەڵاتێک، چاوەڕوانی چارەسەرکردنی وەها کێشەگەلێکی لێ ناکرێت. هەر بۆیە، داوا دەکەین خەکی ناوچەکە بەتایبەت  ئاواییەکانی تەنگیوەر، پاڵنگان و گازرخانی، دڵسۆزانە لەپێناو پێکەوەژیان، ئاشتی و ئاوەدانیدا، ئەو ئاڵۆزییانە کە لە ئاست ئیرادەی ئەواندا بچووک و بێ بایەخن، بە دەستی خۆیان لەنێوان خۆیاندا چارەسەر بکەن.

ئێمە چاوەڕوانین هەرچی زووتر خەڵکی  نیشتمانپەروەری بناری شاهۆ بە هاوکاری و هاوپێوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە خاڵی کۆتایی بۆ بڕگەی گرژیی نێوانیان و کەڵکاژۆی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دابنێن و دەست لەدەستی یەک بۆ ئاوەدانی، بەرژەوەندیی هاوبەش و کەڵکوەرگرتن لە سروشت و بەروبوومی خاکە بەپیت و ڕازاوەکەیان دابنێن.

لە پێناو ئاشتی و ئاوەدانیدا، ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هیوای سڵامەتی بۆ زیانبار و بریندارەکانی ئەو ڕووداوە نەخوازراوە دەخوازێت.