کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگرتێبەردانی باخی مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە

10:20 - 8 جۆزەردان 2723

دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە کردەوەیەکی قێزەوندا، باخی مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵەیان ئاگر تێبەرداوە و زیاتر لە ٢٠٠ داریان بڕیوەتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، مامۆستا ئیبراهیم کەریمی، پێشنویژی مزگەوتی نەنەڵە لە گرتە ڤیدیۆیەکدا ڕایگەیاند کە خانەباخەکەی کە بە قەرز و قۆڵە کڕیبووی، لەلایەن کەسانی دژبەرەوە ئاگر تێبەردراوە.

دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم لە هەوڵێکی قێزەوندا بە مەبەستی دووبەرەکی نانەوە و ئاژاوەگێڕی، خانەباخیی مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵەیان ئاگرتێبەرداوە و خەسارێکی گەورەیان بەو باخە گەیاندووە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیە، زیاتر لە ٢٠٠ دار بڕدراوەتەوە، هەروەها تراکتۆر و کەرەستە پێویستەکانی نێو باخەکە بە تەواوەتی سوتێندراوە.

پێشتر مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە، بەهۆی پشتیوانیکردنی لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و هەروەها مەحکوومکردنی سەرکوتی لاوان و گەنجانی گەلانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە، دەسبەسەر کرابوو.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، مامۆستا لوقمان ئەمینی و مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە، بەبێ بەڵگەی یاسایی لە جادەی مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.