بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا بە چاندنی نەمام لەسەر گڵکۆی شەهیدانی ئەو شۆڕشە، یاد و ناوی شەهیدانیان بەرز ڕادەگرن و پەیمانی وەفاداری لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان دووپات دەکەنەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، بنەماڵەی شەهیدان "شەهریار محەممەدی و سپێهر ئەعزەمی"، بە چاندنی نەمام لەسەر گڵکۆی ئەو شەهیدانە، یاد و ناوی شەهیدانیان بەرز ڕاگرت و پەیمانی وەفاداری و درێژەپێدانی ڕێگەی شەهیدانیان دووپات کردەوە.
٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی و لە کاتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە بۆکان ڕاستەوخۆ تەقەیان لە شەهریار محەممەدی کرد و ناوبراو دەسبەجێ شەهید بوو.
هەروەها سپێهر ئەعزەمی خەڵکی شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی، یەکێکی دیکە لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، بە تەقەی ڕاستەخۆی هێزەکانی ڕێژیم بە توندی بریندار بوو و پاش ماوەیەک لە نەخۆشخانەیەکی کەرەج، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی شۆڕشی ژینا بوو.