سمایل شەرەفی
لە نێوەڕاستی ساڵەکانی شەڕی جیهانی یەکەمدا واتە ساڵی ١٩١٦ی زایینی، دوو وڵاتی بەهێز و خاوەن بڕیاری؛ بریتانیا و فەڕانسە وێڕای ڕازیکردنی ڕووسیە لەسەر دابەشکردنی سەرزەمینەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری هەڵوەشاوەی عوسمانی لەسەر ئەساسی پەیماننامەی سایکس - پیکۆ ڕێکەوتن. چوار ساڵ دواتر و لە ساڵی١٩٢٠ بە مەبەستی چارەسەرکردنی كێشەی ئەو وڵات و نەتەوانەی لە ئاکامی هەڵوەشانەوەی عوسمانیدا درووست ببوون و داوای بەشە مافی خۆیانیان دەکرد، پەیماننامەی سیڤەر بەستراكە لە ٤٢٢ ماددە پێك کە بە ئەگەر و شیمانەی زۆرەوە و لە چەند خالێکدا قەرار لەسەر لاکردنەوە لە بەشە مافی نەتەوەی کوردیش درابوو. دوای تێپەڕینی دوو ساڵ بەسەر پەیماننامەی سیڤەردا بە هۆکاری جۆراوجۆر و یەک لەوان پرشوبڵاوی لە بزووتنەوەی کورد و نەبوونی رێبەرایەتییەکی لێوەشاوە، ساڵی ١٩٢٣ی زایینی بەرانبەر بە ١٣٠٢ی هەتاوی بە بێبەشداریی کورد، پەیماننامەی لۆزان لە "شاتۆ دووڕوومین"ی شاری "لۆزان"ی وڵاتی سویس واژوو کرا و کورد وێڕای بێبەشکردنی لە سەرەتاییترین مافەکانی، خاکەکەی بەسەر چوار وڵاتدا دابەش کرا.
***
لە سەدساڵەی پەیماننامەی لۆزاندا ڕۆژی ٦جۆزەردانی ١٤٠٢ هەتاوی کۆنفڕانسێک لە شوێنی مۆرکردنی ئەم پەیماننامەیە، واتە شاری لۆزان لە وڵاتی سویس بە بەشداریی دەیان کەس لە نوینەرانی لایەنە سیاسییەکانی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان بەڕێوەچوو کە بەڕێز کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە نوینەرایەتی لە حیزبەکەی وتاری پێشکەش کرد.
خاڵی سەرنجی ئەم کۆنفڕانسە گوتارێک بوو کە زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی کورد قسەیان پێکرد. ئەویش گوتاری ڕەخنەگرانە و بەخۆداچوونەوە بوو؛ ڕەخنەکانیان تەنیا لەو دەوڵەت و وڵاتانە نەبوو کە ببوونە هۆکاری مۆرکردنی پەیماننامەی لۆزان و بێبەشکردنی کورد لە وڵات و مافەکانی، بەڵکوو ڕەخنەگرتن لە خودی کورد و ڕەوتی بزووتنەوەی کوردستان لە ئێستا و ڕابردوودا بوو کە بۆچی نەیتوانیوە وناتوانێ لە دەرفەتە مێژووییەکان کەڵک وەربگرێ. لەم پێوەندییەدا بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕاشکاوانە و لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە باسی لەو کەمایەسییانە کرد کە لە نێو ماڵی خودی کورد دا بوونەتە هۆکاری ئەوەی کورد لە گەیشتن بە مافەکانی نزیک نەبێتەوە. کاک مستەفا هیجری ئەو حەقیقەتەی دەرکاند کە "ئەگەر چەند جار بەهۆی پەیماننامە نێونەتەوەیییەکانەوە وڵاتی کوردان دابەش کراوە، کورد خۆی چەند قات لەوە زیاتر بە دەستی خۆی کوردی دابەش کردووە. کورد ئەزموونی لە پەیماننامەی لۆزان وەرنەگرتووە و ئێستاش لەنێو کورددا هێڵی سووری نەتەوەیی نییە و ئێستاش ئێمە خەریکی دابەشکاریین و یەکگرتوو نین".
زۆربەی نزیک بە تەواوی پانێلگێڕانی دیکەی کۆنفڕانسەکە بە ڕوانگە و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەوە باسیان لە کەمایەسییەکانی نێو بزووتنەوەی کوردستان کرد کە چۆن بە هۆکارگەلی؛ نایەکگرتوویی، پەرەپێدان بە ناکۆکی، یەکتر نەخوێندنەوە، لاوازیی دیپلۆماسی، نەخوێندنەوەی دەرفەتەکان، تێنەگەیشتن لە بەرژەوەندییەکان و لاوازبوون لە دەرککردن بە هاوکێشە سیاسییەکانی دوور و نزیک لە کورد و کوردستان، لە دەستەبەرکردنی ماف و ویستە نەتەوەییەکان دوور کەوتوونەتەوە.
ئەم جۆرە لە ڕوانین و خوێندنەوە بۆ ڕابردووی ڕووداوەکان و خۆ دورخستنەوە لە دوگماتیسم و بەخۆدا هەڵگوتن و دوورکەوتنەوە لە هەڵشاخان بە نەیاران و، لە ئەستۆی دوژمن قایمکردنی کەموکوڕیی و کەمایەسییەکانی خۆمان وەک کورد، دەتوانێ دەرفەتێکی باش بێت بۆ بەخۆداچوونەوە و وێناکردنی نەخشەڕێگایەی درووست و واقعی. هەرچەند لە حیزبی دێموکراتدا ئەم جۆرە لە ڕوانین بۆ میژوو و لێکدانەوەی ڕابردووی ڕووداوەکان، دیاردەیەکی تازە و نامۆ نیە و روویکەردی ڕەخنەگرانە بەشێک بووە لە گوتاری سیاسیی حیزب، بەڵام گشتگیربوونی لە سەر ئاستی هێزە کوردستانییەکان و لەوەها مەجالێکدا کەم وێنەیە.
هیچ گومانی تێدا نیە کە لە ڕەوتی شەڕی جیهانی یەکەم دا (١٩١٨ – ١٩١٤) زلهێزەکانی وەک بریتانیا و فەڕانسە و لەسەر ئاستی ناوچەکەش لایەنە شۆڤینییەکان، ڕۆڵیان هەبوو لەوەیکە کورد سەری بێکڵاو بمێنێتەوە، بەڵام ئەوە بەتەنیا لایەکی کێشەکە بوو. نەبوونی ڕێبەرانی لێوەشاوە و کارامە لە نێو کۆمەڵگەی کوردستان و بزووتنەوەی کورد کە توانای تێگەیشتن لە ئامانج و ستراتێژیی لایەنە سەرەکییەکانی شەڕ و گۆڕانکارییەکان، زاڵبوونی هەستی مەزهەبی و عەشیرەگەری و لاوازیی هەستی نەتەوەیی کە ئافەتی تێگەیشتن لە بەرژەوەندی نەتەوەیین، گرفتی جیدی و جەوهەریی هۆڤییەتی لە نێو ڕوناکبیرانی ئەوسای کورد و زۆر هۆکاری دیکەی نێوخۆیی، ڕوویەکی دیکەی مەسەلەکە بوون.
بینینی ئەم کامایەسییانە و ئێعتراف پێکردنیان و قسەکردن لە ڕاستییە تاڵەکانی ڕابردوو کە بەشێک لە ڕەسالەت و ئەرکی پێداچوونەوەی مێژوو و دەرسلێوەرگرتنەکانە، وەک ڕێبەری لێوەشاوە د. قاسملوو لە خوێندنەوەی بۆ ڕووداوەکانی کۆمارە مەزنەکەی کوردستاندا کە ئازایانە قامک لە سەر خاڵە بەهێز و لاوازەکانی دادەنێ، باس دەکات؛ "ڕەخنە لەخۆگرتن ئەرکێکی شۆڕشگێڕانەیە".
ئێستا دوای سەدساڵ تێپەڕین بەسەر پەیماننامەی لۆزان و دابەشبوونی کوردستان بەسەر چواربەشدا، ڕاستە کوردستان هەروا پارچەپارچە و بێبەش لە بوونی دەوڵەت و سەروەریی سیاسییە، بەڵام لە ڕووی زەیینی و تێپەڕکردنی ڕەوتی نەتەوەسازی وپێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە پرسێکی زیندوو و سەلمێنراوە و بێگومان بۆ ئەمەش مێژوویەک لە خەباتوخوێن، کەوتنوهەستانەوەی بەخۆوە بینینەوە.
لەو بەشەی کە بە کوردستانی ئێران یان ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەناسرێ - کە پەیماننامەی لۆزان لە ڕووی یاساییەوە کاریگەریی ئەوتۆی بەسەرەوە نەبوو - لە ئێستادا خاوەنی بزووتنەوەیەکی فرەڕەهەند، ڕێکخرا و زیندووی نەتەوەیییە کە شوناسخوازییەکی نەتەوەیی و دێموکراتیک پێناسەیەتی. لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئەوەیکە ٤٤ ساڵە تێکۆشانی یاساییان لێ قەدەغە کراوە و لە لایەن رێژیمی زاڵ و خۆسەپێن بەسەر ئێران و کوردستاندا هەموو جۆرە سەرکوت و هێڕشێکیان لەسەر تاقی کراوەتەوە، لە خەبات بەردەوامن و پێوەندییەکی زیندووی ئۆرگانیکیان لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هەیە. هەروەها سەرەڕای کۆمەلێک جیاوازی لە ڕوانین و خوێندنەوە، هەمگەرایی و یەکگرتوویەکی ڕێژەیی لە نێو هێزە سیاسییەکانی کوردستاندا هەیە.
چەند مانگ پێش لە ساڵوەگەڕی پەیماننامەی لۆزان، لە کوردستانی ئێران شۆرشێک هاتە ئاراوە کە سنوورەکانی ئێرانی بەزاند و سەرنجی گشت جیهانی بۆلای خۆی ڕاکێشا. لە شۆڕشی ژینادا کوردستان بوو بە کانوون و مێحوەر و درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" پێناسەیەکی دیکەی لە "کورد" و "کوردستان" لە زەینی کۆمەڵگە جیاوازەکان و ژوورەکانی بیرکردنەوە و بڕیار، بەدەستەوە دا. وەک بەڕێز کاک مستەفا هیجری لە کۆنفڕاسی سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزاندا لەسەر پێناسەی شۆڕشی ژینا باسی کرد؛"کاردانەوەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە چەخماخەی لێدرا، بەخێرایی کوردستان، ئێران و تەنانەت جیهانیشی گرتەوە و دەسپێکی ئەو ڕاپەڕینە لەسەر داوای ناوەندی هاوکاری بۆ مانگرتن و خۆپێشاندان لە کوردستانەوە دەستی پێکرد".
بە پێچەوانەی سەد ساڵ لەوەپیش کە بە بێ حزوور و بەشداریی کورد، بریار لە سەر دابەشکردنی خاکی کوردان درا، ئێستا بە بێ ئیرادەی کورد و بەبێ قسەی کورد، هیچ پەیماننامە و مەنشوورێک ناگاتە ئاکام و ناتوانێ وڵامدەری داهاتووی ڕووداو و بڕیارەکان بێت.
لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی کوردستان سەرەڕای خەسارێکی گەورە کە بە هۆی هێرشی مووشەکی و درۆنییەوە کە لە لایەن دوژمنەوە لێی درا، بە تێگەیشتن لە پیلانگێڕییەکان و لێکدانەوەی زیانە کاتی و سوودە درێژخایەنەکان، خاک و خەڵکی کوردستانی لە زیانپێگەیشتن پاراست و ئیزنی خەوشدارکردنی ماهییەتی پرسی کوردی بە دوژمن نەدا. کورد لە شۆڕشی ژینادا بۆ یەکەمجار لە مێژووی هاوچەرخی ئیراندا معادلەی "لە ناوەندەوە بۆ پەراوێز"ی گۆڕی و خۆی وەک یەکێک لە پەراوێزخراوەکان کرد بە چەق و ناوەندی شۆڕشێک کە نەتەنیا سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە، بەڵکوو سەرنجی جیهانیشی بۆلای خۆی ڕاکێشا.
لە سەد ساڵەی بەستنی پەیماننامەی لۆزاندا کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە شۆڕشی ژینادا سەلماندی کە ئیرادەی بۆ زیندوومانەوە و بەردەوامبوون لە خەبات لەپێناو دەستەبەرکردنی مافە زەوتکراوەکانیدا بە هیچ پەیماننامە و پیلانگێڕییەک ناشکێ و بەڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە و خۆدوورخستنەوە لە هەرجۆرە دوگماتیسمێک، بەخۆداچوونەوە دەکاتە ئامرازێک بۆ بەرەپێشچوونێکی درووست.
***