کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ کپکردنی دەنگی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا

11:14 - 8 جۆزەردان 2723

ڕێژیمی ئێران کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا بە دەیان لاوی خۆپیشاندەر و ناڕازیی شەهید کرد، لە ئێستادا پێوەندی بە بنەماڵەی شەهیدانەوە دەکات و دەیهەوێت خوێنی لاوانی شەهید بە بنەماڵەکانیان بفرۆشێتەوە.

دەیان لاوی ناڕازی کە لە شۆڕشی ژینادا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ یان لە زیندانەکاندا لەژێر ئەشکەنجەدا شەهید کران، بووەتە پەڵەیەکی ڕەشی دیکە بە نێوچاوانی ڕیژیمی ئێرانەوە، بۆیە ڕێژیم دەیهەوێت خوێنی ئەو شەهیدانە بە بنەماڵەکانیان بفڕۆشێتەوە و بنەماڵەکانیان بێدەنگ بکات، بەڵام بنەماڵەی شەهیدان بەوە ڕازی نابن و داوای سزای بکوژانی ڕۆڵەکانیان دەکەن.

لەو پێوەندەییەدا دایکی شەهید محەممەد ئەمینی کە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە شەقامی کارگر لە سنە لە کۆڵانی خۆیاندا شەهید کرا، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا باس لەوە دەکات: سەبارەت بە خوێنی بەناحەق ڕژاوی کوڕەکەمان سکاڵامان تۆمار کردووە و دۆسییەکەمان دراوە بە دادگای نیزامی کە هیچ کەس وڵامدەر نین.

ناوبراو دەڵێت: ''لە فەرماندارییەوە پێوەندییان پێوە گرتووین کە وەرن پارەی خوێنی کوڕەکەتان وەربگرن، بەڵام قەبووڵم نەکردووە و بە هیچ شتێک ڕازی نابم، تەنیا دەبێ بکوژی کوڕەکەم بدۆزرێتەوە و سزا بدرێت.''