کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی لە دایکبوونی پێشەوا، بۆنەیەکی نەتەوەیی و خەباتگێڕانە

10:43 - 11 بانەمەڕ 2723

قادر وریا

١١ بانەمەڕی ١٢٧٩(١ی مای١٩٠٠) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەسێک هاتە سەر دنیا کە دواتر‌ و لە دەیەی پێنجەمی تەمەنیدا، ڕێچکەیەکی لە مێژووی نەتەوەکەیدا ڕەنگڕیژ کرد کە لە ماوەیەکی کەمدا، ئاراستەی ئەم مێژووە و چارەنووسی نەتەوەکەی گۆڕی.

قازی محەممەد، کە بەر لە هاتنیشی بۆ نێو کۆمەڵەی ژێکاف‌ و حیزبی دێموکراتی کوردستان، کەسایەتییەکی دیار‌ و شوێندانەری مەهاباد بوو، لەو کاتەوە کە هاتە نێو کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان، ئەو زەمینە و دەرفەتەی بۆ پێک هات کە ڕۆڵێکی گەورە لە ژیانی سیاسیی نەتەوەکەیدا، بگێڕێ. قازی محەممەد بوو کە لە سەر بناغەی کۆمەڵەی ژێکاف حیزبی دێموکراتی کوردستانی بنیات نا‌ و، کردی بەو هێزە سیاسییە لە لایەکەوە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەوری بەرنامە و ئامانجەکانی کۆ بکاتەوە و لە لایەکی دیکە، بیکا بە نوینەری نەتەوەی کورد بۆ وتووێژ‌ و دانوستان لە گەڵ ئازەربایجان‌ و سۆڤییەت‌ و لایەنەکانی دیکە تا پشتی پێکهاتنی دەوڵەتێکی کوردی لەم ناوچەیە بگرن.

ئەوە هەر ناسراوی‌ و پێگەی ئایینی‌ و کۆمەڵایەتیی خۆی‌ و بنەماڵەکەی نەبوو کە یارمەتیدەری بەرزبوونەوەی دەور و ڕۆڵی قازی محەممەد لە کۆمەڵەی ژێکاف و حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بوون. زانایی‌ و ڕۆشنبیریی سیاسی ‌و گشتیی ئەو کەسایەتییە‌ و بیروباوەڕ‌ و هەڵسوکەوتی‌ ئینسانی‌ و شارستانی‌ و دێموکراتانەی ئەو، هاندەری توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵک‌ و دۆستانی ئازەربایجانی و بیانییش بوون بۆ ئەوەی لە پێشەوەی خۆیان‌ و لە ڕووبەڕووی خۆیاندا، ڕێبەر و کەسایەتییەکی بەرپرس و جێگای متمانە بەدی بکەن.

قازی محەممەد، لە ماوەی کورتی سەرکۆمارییەکەیدا، وەها درەوشاییەوە کە ڕووناکییەکەی بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر زەمان‌ و مەکانی بڕی. ئەو دەسەڵاتە کوردییەی پێشەوا قازی محەممەد سەرۆکایەتیی کرد، لە ماوەی یازدە مانگ لەسەرکاربوونیدا، لە ژیر ڕێبەری‌ و کاریگەریی بیرکردنەوە‌ و سیاسەتی ئەو کەسایەتییەدا نمووونەیەکی ئەوەندە بەرز‌ و گەش لە دەسەڵاتدارەتیی خستەڕوو، کە کاریگەرییەکانی لە سەر ئازادیخوازان‌ و خەباتکارانی کوردستان هەتا ئێستاش نەسڕاونەتەوە‌ و بوون بە ڕووگە‌ و سەرچاوەی ئیلهامی سیاسیی نەتەوەکەی.

پێشەوا قازی محەممەد، ئەگەر لە سەردەمی ژیانی سیاسی‌ و لە چڵەپۆپەی دەسەڵات‌ و ڕێبەریدا، هەوێنی تەبایی‌ و یەکگرتوویی خەڵک‌ و، ڕەمزی ڕەتکردنەوەی بندەستیی نەتەوەیی‌ و جاڕدانی دەوڵەتی کوردی‌ بوو، لە شەهیدبوونیشی‌دا، هەڵگری پەیامی سەردانەنواندن‌ و پشتنەکردن لە ئامانجی ڕزگاری بوو. ئەو بە بەرگرییە بوێرانە‌ و میژووییەکەی لە بێدادگای ڕێژیمی شایەتی‌ و بە چوونی سەربەرزانەی بۆ سەر سیدارەی دوژمنان، بەو هەمووە دەسکەوت‌ و ناوەرۆکە سیاسی‌ و دێموکراتییە دەوڵەمەندەی لە ڕێگای کۆماری کوردستان‌ و لە ماوەیەکی کورتی دەسەڵاتدارەتیدا بەرهەمی هێنا، نەک هەر سەری خۆی، بەڵکوو سەری بڕگەیەکی هەستیار لە مێژووی نەتەوەکەشی بەرز کردەوە.

ڕێزگرتن لە١١ی بانەمەڕ، ڕۆژی لەدایکبوونی پێشەوا قازی محەممەد، لە لایەک ڕێز گرتنە لە ڕێبەر‌ و سەرکردەیەک کە زۆر لە شانازی ‌و دەسکەوتەکانی مێژووی هاوچەرخی نەتەوەکەمان لە سەر دەستی ئەو بەرهەم هاتوون‌ و لەدایک بوون؛ بۆ نموونە: دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە تەمەنترین حیزبی کوردی، دامەزرانی جمهووریی کوردستان یەکەم دەسەڵاتی مودێڕنی نەتەوەیی، هاتنە دنیای ئاڵای کوردستان، پێکهاتنی هێزی پێشمەرگە و چەندین دەسکەوتی دیکە. لە لایەکی تریشەوە ڕێزگرتن لە بیرەوەریی لەدایکبوونی پێشەوا قازی محەممەد، نیشاندانی وەفادارییە بەو ئامانجانەی ئەو سەرکۆمارە گیانی خۆی لە پێناویاندا بەخت کرد، پێداگرتنەوەیە لە سەر ڕێگا و ڕێبازێک کە پێشەوای شەهید خستیە بەردەمی نەتەوەکەی، ڕێگای ڕزگاربوون لە بندەستی و ڕێبازی بە سەربەستی‌ و بە سەربەرزیی ژیان.

نابێ هەر وا بە سادەیی بە لای ساڵڕۆژی لەدایکبوونی پێشەوا قازی محەممەددا کە دەبێتە ١١ی بانەمەڕی ئەمساڵ، تێپەڕ بین. ڕێزگرتن لەم بۆنەیە‌ و بە ڕێزەوە یادکردنەوەی هزر‌ و ئەندێشە‌ و پەیام‌ و هەڵوێست‌ و ئامۆژگارییەکانی ئەو کەسایەتییە مێژووییە، حەق وایە بە ئەرکێکی نەتەوەیی دابنرێ. با گیانی سەرکۆماری شەهیدمان پێشەوا قازی محەممەد لە بەرزایی مێژوودا، شاد و شایەد بێ کە نەتەوەکەی بە قەدرزانی و پێزانینەوە ڕێگای ئەو، کە ڕێگای ڕزگاریی خۆیانە، درێژە دەدەن.