شەهرام سوبحانی
کوردستان وەک بەشێکی زیندوو و چالاک لە بواری کۆمەڵایەتی، مەدەنی و سیاسی هەموو کات جێگەی ترس و دڵەڕاوکێی دەسەڵاتدارانی هەر دوو ڕێژیمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی بووە. هەربۆیە هەمیشە بە چاوێکی ئەمنییەتی و ترسەوە بەڕێوەیان بردووە و بە داڕشتنی سیاسەتی جۆراوجۆر پلانی تەفرەقە و دووبەرەکێ سازکردن لە نێوان کوردەکانیان داوە. بۆ نموونە دابەشکردنی کوردەکانی ئیلام و کرماشان و لوڕستان لە سەردەمی ڕەزاخان بەمەبەستی جیاکردنەوەی کوردەکان لە یەک، هەناردنی کوردەکان بۆ پارێزگای خوراسان یان نیشتەجێکردنی فارسەکان لە کوردستان و هەوڵی گۆڕینی جوگرافیای کوردستان، یەکێکی تر لەو سیاسەتانە بوو کە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ هەر بەردەوامن لەسەر ئەم پڕۆسەیە، تاکوو کوردەکان لاواز بکەن. بە سیاسەتی مێلیتاریزەکردنی شارە گەورەکانی کوردستان هەوڵی کۆنترۆڵی گشتییان داوە. تاکوو کورد نەتوانێ ببێت بە فاکتەریی سەرەکی بۆ نەتەوەکانی ئێران بۆ دەسپێکردنی شۆڕشێکی نوێی دژی دەسەڵاتی ڕێژیم، بەڵام بە پێچەوانە هەوڵەکانیان بێئاکام مانەوە، چونکە شۆڕشی ژینا و دەسپێکردنی خۆپیشاندانەکان بۆ ماوەی پترلە ۶مانگ، دژی دەسەڵاتی کۆنەپەرەستیی کۆماری ئیسلامی دەرخەری ئەو ڕاستییە مێژووییەن کە کورد لەهەمبەر نەتەوەکانی دیکە لە ئێران ئاستی وشیاریی نەتەوەیی زیاترە، هەر بۆیە شۆڕشی ژینا لە کوردستانەوە دەست پێدەکا و دوای چەندین ڕۆژ تەواوی قەوارەی سیاسیی ئێران لەخۆ دەگرێتەوە. هەر وەک هەموومان شایەتی ئەو شۆڕشە بەرینە بووین کە کۆمەڵگەی ئێران بەگشتی چاویان لەدەست کوردستان و حیزبەکانی بوو، بەتایبەت حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆڵی ڕێبەریی ئەم شۆڕشەی وەئەستۆ گرتبوو کە هەموومان شایەتی ئەوە بووین کە کەسایەتییەکانی ئێران لە بەیاننامەکانی ناوەندی هاوکاری وەک خەتە فیکرییەک کەڵکیان وەردەگرت. هەر بۆیە ئەم ڕاستییە دەرخەری ئەوەیە کە کورد لە ئێران بەنیسبەت نەتەوەکانی تر زووتر لە ماهییەتی ڕێژیمی ئاخوندی ئاگادار بووەوە و دژی ئەم دەسەڵاتە شۆڕشی کردووە کە لەئاکامدا مەسیح عەلینژاد دێنێتە دەنگ و لە وتووێژێکیدا سەبارەت بە کوردستان دەڵێ: دروود بۆ خەڵکی کوردستان کە لە ۴۳ ساڵی ڕابردووە هەتا ئێستا بەردەوام دژی حکوومەتی ئاخوندی شۆڕشیان کردووە و هەموو کات ئاڵایان لە ئاست حکوومەتی دیکتاتۆری ئێران بەرز بووە. وەک بەرگێکی زێڕین لە مێژووی سیاسیی کوردستاندا دەمێنێتەوە کە خۆیان ئێعتراف بەو وشیاری نەتەوەیی کورد دەکەن.
شۆڕشی ژینا تەنیا دەرخەری بەشێک لە وشیاری نەتەوەی کورد بوو لەهەمبەر فاشیزمی ئایینیدا، ئاوڕدانەوە لە مێژوویی دوو دەسەڵاتی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی لە کوردستان دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە کورد وشیارتر لە نەتەوەکانی ئێران دژی هەر دوو دەسەڵاتی توتالیتەری کۆماری ئیسلامی و پەهلەوی ڕاوەستاوە و دژی زوڵم و بێدادییەکانیان شۆڕشی کردووە. واتا کوردستان ئەزموونێکی باشی لە هەر دوو دەسەڵات هەیە. هەر بۆیە ئێستا ئێمە بوینەتە سەرچاوەیەک بۆ دانانی خەتە فیکریەک بە خەڵکی ئێران و بەگشتی کوردستان کە لە ئاکامدا ترسی خستە نێو کاربەدەستانی ڕێژیم لەهەمبەر کوردستان و حیزبەکاندا و وای لێکرد کە چەن مانگی ڕابردوو بە هەموو هێز و توانایەوە هێرش بکاتە سەر بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە لەم هێرشەدا بە کەڵکوەرگرتن لە چەکی پێشکەوتوو(مووشەک)هەوڵی سڕینەوە و کپکردنی دەنگی ئازادیخوازانی دا بەڵام بە پێچەوانە ئەو شۆڕشە زیاتر لە دوێنێ پەرەی سەند و مووشەک و دڕۆنەکانی ڕێژیم هیچکات نەیانتوانی خەڵک و حیزب لە یەک جیا بکەنەوە. لە چەن مانگی ڕابردوودا شایەتی ئەوە بووین کە نەتەوەکانی تر لە ئێران بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا و کۆمەڵگەی کوردستان بە دروشمی جۆراوجۆر ڕژانە سەر شەقامەکان و دەیانگوت: "کورد و بـلوچ برادرند، تشنەی خون رهبرند"، یان لە تارانی پێتەختی ئێران شایەتی ئەم دروشمە بووین کە دەیانگوت: "کوردستان کوردستان چشم و چراغ ایران" کە ئەمە پەیامێکی توند، دژی چەواشەکاریی مێژووی ڕاستەقینەی کوردەکان بوو کە لە ۴۴ساڵی ڕابردوووە هەتا ئێستا کورد وەک تێرۆریست لە قەڵەم دراوە. نموونەیەکی دیکە لە ئاستی وشیاری نەتەوەیی کورد لەهەمبەر فاشیزمی قەومیدا دەتوانین ئاماژە بە سەردەمی کۆماری کوردستان بکەین واتا یەکەم دەوڵەتی مودێڕنی کورد کە لەسەر دەستی پێشەوای کوردان "پێشەوا قازی محەممەد" دامەزرا، قۆناغێکی پڕاوپڕ لە خەبات و تێکۆشانی مێژوویی نەتەوەیی کورد لەهەمبەر دەسەڵاتی دیکتاتۆری پەهلەوییەکان بوو کە لەسەر ئایدیای ناوەندگەرایی سیاسەتیان دەکرد؛ کوردەکان دژی ئەو زوڵمە دەستیان دایە شۆڕش و حیزبی دێموکراتیش دامەزرا، کە دەسکەوتەکەی هەر دوای چەند مانگ دەردەکەوێت کە ئەویش دامەزراندنی قەوارەیەکی سیاسی بەنێوی کۆماری کوردستان بوو کە هەتاهەتایە ناوی لە ئاسمانی مێژووی نەتەوەیی کورددا دەدرەوشێتەوە. هەر ئەو کۆمارە دەیتوانی ئەزموونێکی باش بێ بۆ نەتەوەکانی دیکە لە ئێران کە ئەوانیش وەک کوردەکان خاوەن خاک و زێدی خۆیان بن و سەروەریی خاکەکەیان بەدەستەوە بێ. بەڵام بەداخەوە فاشیزمی قەومی پەهلەوی ڕێگەی نەدا کە کۆماری کوردستان بتوانێ زیاتر پەرە بستێنێ ئەگینا وەک یەکەم ئەزموونی حکوومەتێکی دێموکرات دەیتوانی لەهەمبەر نەتەوەکانی دیکەش لە ئێران کاریگەر بێ. نموونەیەکی تر: سەرکەوتنی شۆڕشی گەڵانی ئێران لە ساڵی ۵۷ـی هەتاوی بوو کە بە خۆشحاڵییەوە حیزبی دێموکرات وەک نوێنەری خەڵکی ڕۆژهەڵات یەکەم ئۆپۆزیسیون بوو کە ڕێفراندۆمی کۆماری ئیسلامیی بایکوت کرد. چونکە دەیزانی ماهییەتی کۆماری ئیسلامی وڵامدەری ویست و داواخوازییەکانی گەلانی ئێران نییە واتا کۆمەڵگەی کوردستان لە ۴۴ ساڵ پێشەوە ماهییەتی کۆماری ئیسلامیی ناسیبوو، بەڵام لە ئێراندا ئێستا بەو ئاستی وشیارییە گەیشتوون کە کۆماری ئیسلامی هیچ قازانجێکی بۆ نەتەوەکانی تر نییە؛ هەر بۆیە تەنیا ڕێگەی ڕزگاری لەم نەهامەتییە بە ڕووخانی ڕێژیم دەزانن و دیانهەوێ کۆماری ئیسلامی سێبەری شوومی لەسەر خاکی ئێران هەڵگرێت و بڕوا.
نموونەیەکی دیکە بەشدارینەکردنی حیزبی دێموکرات لە مەنشووری جۆرج بوو، کە هەتاهەتایە وەک بەرگێکی زێڕین لە مێژوویی سیاسیی کوردستاندا دەمێنێتەوە.
حیزبی دێموکرات بە پێی ئەوەیکە بە تەمەنترین حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و هەروەها خاوەن ئەزموونی هەڵسوکەوت لەگەڵ دوو دەسەڵاتی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامییە، لای ڕوون و ئاشکرا بوو کە ئەم مەنشوورە فۆرماڵیتەیە، لەعابێکە بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان بەناوی دێموکراسی کە تەنیا ناوی دێموکراسی لەسەرە و هیچی دیکە، تەنیا دروشمێک بوو بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و هەڵخڵەتاندنی خەڵک، هەر بۆیە بە بەشدارینەکردنی لەم مەنشوورە خەڵکی کوردستان و ئێرانی ئاگادار کردەوە کە خاڵەکانی ئەم مەنشوورە بە قازانجی گەلانی ئێران تەواو نابێ. واتا وڵامدەری ویست و داواخوازییەکانی گەلانی ئێران نییە؛ چونکە بەپێی یەکێک لە بەندەکانی ئەو مەنشوورە، باوەڕی بە مافی نەتەوەکانی ئێران نییە و هەر لە سەر بنەمای سەنتراڵیزم سیاسەتیان داڕشتبوو. هەر بۆیە لەم ڕۆژانەدا حامید ئیسماعیلیوون وەک یەکێک لە بەشداربووانی مەنشووری جۆرج تاون دەستی لەکار کێشایەوە؛ دەرکەوتن و لێدوانەکانی لە میدیاکانی دەرەوی وڵات سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە ئەو مەنشوورە لەسەر بنەمای دێموکراسی و مافی نەتەوەکانی ئێران دانەڕێژراوە. هەر وەک خۆیان باسی دەکەن لە دێموکراسیدا سەپاندنی ڕا و بۆچوون واتایەکی نییە. دەست لەکارکێشانەوە لەم مەنشوورە هەڵوێستێکی بەجێ بوو بۆ ئەوەیکە خەڵک باشتر لە ماهییەتی ئەم مەنشوورە ئاگادار بن.هەر بۆیە پێم وایە تەنیا ڕێگای ڕزگاریی خەڵکی ئێران و کوردستان لە دەست فاشیزمی ئایینیی "کۆماری ئیسلامی" و فاشیزمی قەومیی "پەهلەوی" پاراستنی یەکگرتوویی و هاودەنگی نێوان نەتەوەکانی ئێرانە، چونکە تەنیا یەکگرتوویی گەلانی ئێرانە دەتوانێ زامنی دامەزراندنی دەوڵەتێکی دێموکراتیک بێ. هەر وەک د.قاسملوو دەفەرمێ: تەنیا دێموکراسییە دەتوانێ وڵامدەری ویست و داواخوازییەکانی ئێرانی فرە نەتەوە بێ. با هەموومان پێکەوە بە هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگە و لایەنە سیاسییەکانەوە بڵێن: بەڵێ بۆ دامەزراندنی ئێرانێکی دێموکراتیکی فێدراڵ.