کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلمانی ئۆکراین گەمارۆگەلێکی بەربڵاوی دژی ئێران پەسەند کرد

10:47 - 9 جۆزەردان 2723

پارلمانی ئۆکراین پرۆژەیاسای دەوڵەتی زێلێنسکیی بە مەبەستی دانانی گەمارۆ دژی ئێران بەهۆی هەناردنی چەکوچۆڵی مەرگهێنەر بۆ ڕووسیە، پەسەند کرد.

ڕۆژی دووشەممە ٨ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، پارلمانی ئۆکراین پاش ناردنی  پرۆژەیاسای دانانی گەمارۆ دژی ئێران لەلایەن سەرۆککۆماری ئۆکراینەوە، ٣٢٨ نوێنەری پارلمانی ئۆکراین ئەو پرۆژەیاسایەی پەسەند کرد.

 گەمارۆکانی ئۆکراین دژی ڕێژیمی ئێران یەک ڕۆژ پاش هێرشی بەربڵاوی ڕووسیە و کەڵکوەرگرتن لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "شاهد" بۆ سەر ئۆکراین لەلایەن پارلمانی ئۆکراینەوە پەسەند کرا.

جێگەی ئاماژەیە کە هێرشی دڕۆنیی ڕووسیە بە دڕۆنی جۆری شاهد کە دڕۆنێکی خۆتەقێنە، لە سەرەتای هێرشەکانی ڕووسیەوە بۆ سەر ئۆکراین، گەورەترین هێرشی دڕۆنی بۆ سەر کیێف بووە.

بەپێی ئەو گەمارۆیە، بازرگانیکردن بە کەرەستەی سەربازی و کاڵاگەلێک کە هەم لە بواری سەربازی و غەیرەسەربازی بەکار دەهێنرێت، قەدەغە دەکرێت.

هەروەها هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە ئابووری و داراییەکان بەرانبەر ئێران، ڕێگریکردن لە دەرچوونی سەرمایەی ئۆکراین بۆ ئێران و هەڵپەساردنی ڕێککەوتنە ئابووری و ماڵییەکان بە قازانجی دانیشتووانی ئێران بەشێک لەو گەمارۆگەلەن کە دژی ڕێژیمی ئێران پەسەند کراون.

میدیاکانی ئۆکراین ڕۆژی یەکشەممە ٧ی جۆزەردان، بڵاویان کردبووەوە، ڤێلادیمیر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکراین، پرۆژەیاسایەکی پێشکەش بە پارلمانی ئۆکراین کردووە کە تێیدا داوای گەمارۆی ٥٠ ساڵە دژی ئێرانی کردووە.

شایانی باسە کە دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوایی چەندین جار هەواڵی ناردنی دڕۆن و کەرەستەی سەربازییان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ ڕووسیە بڵاو کردووەتەوە.