کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چالاکیی تەبلیغی لە شارەکانی کوردستان

10:50 - 9 جۆزەردان 2723

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە ورمێ، مەهاباد و بانە، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و بڵاوکردنەوەی لۆگۆی حیزب، چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆ و وێنانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزب گەیشتووە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، ڕۆژی دووشەممە ٨ی جۆزرەدانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە ناوچەکانی مەرگەوەڕ و تەرگەوەڕ و بەراندووز و چەند گەڕەکێکی شاری ورمێ و هەروەها لە مەهاباد و بانە بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و بڵاوکردنەوەی لۆگۆی حیزب و نووسینی دروشم دژی دەسەڵات، چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.

ئەندامان و لایەنگرانی دڵسۆزی حیزب لە ناوچەی تەرگەوەڕ لە جاددەی تەرگەوەڕ بۆ خۆشەکا و گۆجار و پردی جەمان بە بڵاوکردنەوەی تراکت و لۆگۆی حیزب، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەروەها لە ناوچەی سۆما و برادۆست لە گوندەکانی گێچێ، گەنگەچین و گوندی سیناوا، دزەی سیاوەش، مزگەوتی کوردەکان، مزگەوتی عەجەمان و هەموو نانەواخانەکانی دزەی سیاوەش و ئاهەندۆست، ئەندامانی حیزب بە بڵاوکردنەوەی تراکت، ئاڵای کوردستان و لۆگۆی حیزب، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەروەها لە شارەکی ئەلواج، شارەکی شاهێد، گوندی ولندە و بادکیا و گەڕەکی جۆهۆ لە شاری ورمێ چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغی بەڕێوە چوو.

لەلایەکی دیکەوە ئەندامان و لایەنگرانی دلسۆزی حیزب لە شاری مەهاباد بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە بەرزاییەکانی ئەو شارە پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نوێ کردەوە.

لە شاری بانە‌ و گوندی یاکوباوا، ئەندامان ولایەنگرانی حیزب بە بڵاوکردنەوە لۆگۆی حیزب و وتنەوەی سروودی بژی حیزبی دێموکرات، پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ حیزبە خۆشەویستەکەیان دووپات کردەوە.                                                                                            

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەسخۆشی و ماندوونەبوونی لە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی لە نێوخۆی وڵات هیوای لەشساغی و بەردەوامبوونیان لە ئەرکە حیزبی و نیشتمانییەکاندا بۆ بە ئاوات دەخوازێت.