کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان و ئێران

11:08 - 9 جۆزەردان 2723

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی ڕابردوو ١٧ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە کوردستان و شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، ڕۆژی دووشەممە ٨ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و گەندەڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ١٧ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.

کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی ئیدارەی موخابرات لە پارێزگاکانی خووزستان، کرماشان، ئیلام، ورمێ، خوراسان، سنە، لوڕستان، هۆرمۆزگان، چوارمەحاڵ و بەختیاری، مازەندەران، ئیسفەهان و فارس لە بەردەم بینای ئیدارە موخابراتی پارێزگاکان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی کانگای بەردە ئاسنی مادکووشی بەندەرعەباس، کرێکارانی کۆمپانیای نفلین سینیت کلیبێر بۆ دووەمین ڕۆژی بەردەوام لە حەوشەی کۆمپانیاکە بەڕێوە چوو.

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کارمەندان و کرێکارانی کۆمپانیای نەوت و گازی ڕۆژاوا لە پاریزگای ئیلام لە بەردەم بینای ئەو کۆمپانیایە و کۆمەڵێک لە ئاژەڵدارانی تەعاونی بەرهەمهێنانی دامگوستەری فەشافوویە لە حەوشەی کۆمپانیاکە و کۆمەڵێک لە کرێچییەکانی کرماشان لە بەردەم بینای پارێزگاریی ئەو شارە بەڕێوە چوو.