کەریم پەرویزی
له به‌شێک له سه‌فه‌ری شازاده‌ی بچكۆله، بۆ هه‌ساره جیاوازه‌كاندا، ڕێی ده‌كه‌وێته سه‌ر هه‌ساره‌یه‌ک كه كه‌سێكی نه‌خۆشی لێیه؛ حاڵی خراپه و له‌سه‌ر خۆ نییه. لێی ده‌پرسێ كه چیته، ده‌ڵێ نه‌خۆش نیم به‌ڵكوو عاره‌قم خواردۆته‌وه و سه‌رخۆشم! ده‌ڵێ بۆچی ده‌ڵێی سه‌رخۆشم له‌كاتێكدا كه دیاره وه‌زعت خراپه، ده‌ڵێ ئاخۆ عاره‌ق خواردنه‌وه سه‌رخۆشت ده‌كا به‌ڵام وادیاره كه حاڵم خراپ بێ. ده‌ڵێ ده‌ی بۆچی عاره‌ق ده‌خۆیته‌وه؟ ئه‌ویش ده‌ڵێ بۆ ئه‌وه‌ی ئازاره‌كانم فه‌رامۆش بكه‌م. ده‌ڵێ بۆ چی، چ ئازارێكت هه‌یه؟ ده‌ڵێ ئازاری به‌رده‌وام مه‌ست‌بوون و گیرۆده‌بوون به عاره‌ق! بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ردی گیرۆده‌یی به عاره‌ق فه‌رامۆش بكا به‌رده‌وام عاره‌ق ده‌خواته‌وه!
له ڕۆژانی ڕابردوودا، له سنووری نێوان ئێران و ئه‌فغانستان هه‌ندێ كێشه هاته ئاراوه و ده‌رگیری ڕوویان دا كه هه‌م له هێزی ڕێژیمی ئێران و هه‌م له هێزی تاڵیبان چه‌ند كه‌س كوژران و بریندار بوون.
ئه‌م ده‌رگیرییه دوای ئاڵۆزییەک هاته ئاراوه كه له نێوان به‌رپرسانی ڕێژیمی ئێران و تاڵیبان له‌سه‌ر پرسی ئاو پێک هات. به‌رپرسانی ڕێژیمی ئێران كه له دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه بۆ خه‌ڵک داماون، بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كه له كۆڵ خۆیان بكه‌نه‌وه و خۆیان به بێ‌تاوان نیشان بده‌ن، گوشاریان بۆ ئه‌فغانستان هێناوه كه ده‌بێ ئاوی ڕووباری هیرمه‌ند به‌ر بداته‌وه تاكوو بگاته ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌م ئاون!
ئه‌مه له كاتێكدایه كه خودی ڕێژیمی كۆلۆنیالیستیی ئێران، ئاوی ناوچه پڕ ئاوه‌كانی گرتووه‌ته‌وه و به توونێل و لووله‌كێشی ده‌یانگوازێته‌وه بۆ ئێسفه‌هان و كرمان و ناوه‌ندی ئێران؛ هه‌ر له‌هه‌مان بواردا، بۆ گه‌یاندنی ئاو به ناوچه وشكه‌كانی نێوه‌ڕاستی ئێران، ئه‌و ناوچانه‌ی كه فارسنشینن، پرۆژه‌ی كاناڵكێشی و لووله‌كێشی له ده‌ریای خه‌زه‌ر و ته‌نانه‌ت له خه‌لیجیشه‌وه داده‌نێ تاكوو ئاوی ئه‌و ده‌ریایانه بگه‌یه‌نێته ناوچه‌ی فارسنشین! به‌ڵام كه ناوچه‌یه‌كی وه‌كوو به‌لووچستان گرفتی كه‌مبوونی ئاوی هه‌یه، ئاماده‌ی هیچ جۆره به‌رنامه‌دانانێک نییه بۆ ئه‌و‌ێ و ده‌ڵێ ده‌بێ ئه‌فغانستان ئاو بداته به‌لووچستان!
له لایه‌كی دیكه‌وه ئاوی ڕووباره‌كانی زاگرۆسی گرتۆته‌وه و به‌نداوی له‌سه‌ر دروست كردووه و ناهێڵێ بۆ ناوچه‌ی كورده‌كان و لوڕه‌كان و عه‌ره‌به‌كان چ له دیوی ئێران و چ له دیوی عێراقدا ئاو بڕوا و ئه‌و ئاوه ده‌گوازێته‌وه بۆ ناوه‌ندی ئێران!
ئه‌مانه بڕگه‌یه‌كی سانا له سیاسه‌تە دژه‌مرۆییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی كۆلۆنیالیستیی تارانن كه له بواری ئاودا دژی نه‌ته‌وه‌كانی ناوچه‌كه به‌ڕێوه‌ی ده‌با، به‌ڵام كه ده‌گاته سه‌ر پرسی ئاو بۆ به‌لووچستان، ئیدی پرۆژه و به‌رنامه‌ڕێژی وشک ده‌بێ و ته‌نیا ده‌بێ چاو ببڕدرێته ئه‌فغانستان تاكوو ئایا ئاوی ڕووباره‌كه ده‌گاتێ یان نه؟
بابه‌تی ئاو له‌نێو ئێران‌دا بابه‌تێكی قووڵتر و كارناسانه‌تر له‌وه‌یه كه به دوو دێڕ، ڕاستیه‌كانی ده‌ر بكه‌وێ به‌ڵام ئه‌وه‌ی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌فغانستان و تاڵیباندا هاتۆته ئاراوه، نه‌ک بابه‌تی ئاو نییه و ڕێژیم چه‌واشه‌كاریی تێدا ده‌كا به‌ڵكوو بابه‌ته‌كه گرێدراوی سیاسه‌تێكی نامرۆڤانه‌ی ڕێژیمی ویلایه‌تی فه‌قیهییه.
یه‌كێک له كۆڵه‌كه‌كانی سیاسه‌ت له ڕێژیمی ویلایه‌تی فه‌قیهیدا، شه‌ڕ و ئاڵۆزی یان به واتایه‌كی دیكه قه‌یرانسازییه.
ئه‌م ڕێژیمه ده‌سه‌ڵاتێكی نۆرماڵ نییه و له ئاكامی دزینی ده‌سكه‌وته‌كانی شۆڕشێكدا هاتۆته سه‌ر كار و هه‌ر بۆیه له یه‌كه‌م هه‌نگاوی ئاساییبوونی دۆخه‌كه‌دا پرسی ئه‌وه‌ی به‌ره‌وڕوو ده‌بێته‌وه كه بۆچی شۆڕشی گه‌لانی ئێرانی به‌لاڕێدا برد و ده‌سه‌ڵاتی خسته ژێر ڕكێفی خۆی. هه‌نگاوه‌كانی دیكه‌ی ئاساییبوونی ژیان و دۆخی سیاسی له ئێراند ده‌بنه پرسیاره قووڵه‌كان و داواكارییه ڕۆژانه‌كان كه ده‌سه‌ڵاتی وه‌لیی فه‌قیهه توانای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی نابێ و ده‌بێ له‌به‌رده‌م دادگای خه‌ڵكدا وه‌ڵامی تاوانكاری و گه‌نده‌ڵكاری و دزینی سامانی وڵات بداته‌وه و هه‌ر بۆیه ئه‌م ڕێژیمه ناتوانێ له دۆخی ئاسایی‌دا ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی به‌رده‌وام بێ. به‌م هۆكارانه، ئه‌م ڕێژیمه به‌رده‌وام پێویستی به قه‌یرانه تاكوو خۆی له وه‌ڵامه‌كان بدزێته‌وه و هێشتا قه‌یرانێک كۆتایی نه‌هاتووه، پێویستی به قه‌یرانی دیكه‌یه كه قه‌یرانه پێشووه‌كه‌ی پێ دابپۆشێ.
وه‌كوو كابرا مه‌سته‌كه‌ی سه‌ر هه‌ساره نادیاره‌كه‌ی سه‌فه‌ری شازاده‌ی بچكۆله وایه كه هه‌رده‌م بۆ ئه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانی فه‌رامۆش بكا، ده‌بێ قه‌یرانی دیكه ساز بكا!
له به‌لووچستاندا، زیاتر له هه‌شت مانگه كه هه‌موو ڕۆژانی هه‌ینی، خه‌ڵكی به‌لووچستان دێنه سه‌ر شه‌قام و داوا ده‌كه‌ن كه تاوانبارانی سه‌ره‌كیی كوشتاری خه‌ڵک له هه‌ینی ڕه‌شی زاهیداندا به سزا بگه‌یه‌یندرێن و ڕێژیم هیچ وه‌ڵامێكی نییه، ته‌نیا له فكری ئه‌وه‌دایه به‌جۆرێک قه‌یرانێک دروست بكا كه بیری خه‌ڵک به‌لارێدا ببا.
بۆیه ده‌ستی دایه ئێعدامی به‌رفراوانی خه‌ڵک و به‌تایبه‌ت چالاكانی به‌لووچ و ته‌نانه‌ت جۆرێ له تێكهه‌ڵچوونی گوماناوی له سه‌راوانیش دروست كرا. ڕێژیم له‌م بواره‌دا كه‌وته ژێر گوشاری ڕای گشتی و بۆ هه‌ڵهاتن له‌وه كێشه‌ی له‌گه‌ڵ تاڵیبان دروست كرد كه گوایه به‌شه ئاوی ئێران نادا و له سنووریش هه‌ندێ ئاڵۆزیی ساز كرد.
ئالۆزیی سه‌ر سنوور خه‌ریک بوو گه‌وره ده‌بووه‌وە و ده‌بوو به قه‌یرانێكی دیكه كه مه‌ترسیی وێرانكردنی ڕێژیمی لێ بكه‌وێته‌وه و تاڵیبان وه‌كوو سه‌رده‌می سه‌فه‌وی ئیپراتۆریه‌كه‌ی لەنێو ببه‌ن، هه‌ر بۆیه بۆ دامركاندنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه كه‌وتنه پڕوپاگه‌نده‌ی جۆربه‌جۆر!
ئاگرێک كه به‌ده‌ستی خۆیان هه‌ڵ كرابوو، ئێسته به په‌له پرووزكه كه‌وتنه دوای كوژاندنه‌وه‌ی و له هه‌ڵوێستێكی بێوێنه‌دا ''كه‌وسه‌ری'' نوێنه‌ری پاسدار له مه‌جلیسی ڕێژیم گوتی كه كێشه‌ی نێوان ڕێژیمی ئێران و تاڵیبان كێشه‌ی نێو بنه‌ماڵه‌یه‌كه و له نێوان براكان له ماڵێكدا شتی وه‌ها ڕوو ده‌دا!
ساڵانێكی زۆر و دوور و درێژه، ڕێژیمی ویلایه‌تی فه‌قیهی دژی تاڵیبان ته‌بلیغی ده‌كرد و هه‌ركه‌س بیگوتایه كه هه‌ڵسوكه‌وتی خامنه‌یی له تاڵیبان ده‌چێ، ده‌سبه‌سه‌ریان ده‌كرد و له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا ده‌یانكوشت!
به‌ڵام دوای ئه‌و ماوه دوور و درێژه، له كاتی قه‌یراندا، خۆیان هاواریان كرد كه له‌گه‌ڵ تالیبان وه‌كوو برای هاوپشتن!
ئه‌م برا‌ییه‌ی نێوان ڕێژیمی ویلایه‌تی فه‌قیهی و ئیدئۆلۆژیی تاڵیبانی، زۆر ده‌مێكه كه خه‌ڵک و خاوه‌ن ڕایانی سیاسی هاواری ده‌كه‌ن. هه‌مووان ده‌زانن كه ئیدئۆلۆژیی ویلایه‌تی فه‌قیهی و تاڵیبانی هه‌ردووكیان ده‌مارگرژ و مێشک گرێ‌دراو و دژه‌مرۆیین و ئازادی ده‌خنكێنن و ژیان ده‌كوژن. ئێسته خودی ڕێژیم شانازی به‌و هاوپشتییه له‌گه‌ڵ تاڵیبان ده‌كا. به‌ڵام ئه‌م برایه‌تییه دوو لایه‌نی كۆمێدی و تراژیكی هه‌یه:
لایه‌نه كۆمێدییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه له جیهاندا ته‌نیا وه‌لیی فه‌قیه بۆ تاڵیبان ماوه‌ته‌وه و له هه‌مان كاتیش‌دا ته‌نیا تاڵیبان ماوه‌ته‌وه تاكوو وه‌لیی فه‌قیه پشتی پێ ببه‌ستێ و به برای خۆی بزانێ!
لایه‌نه تراژیكه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه ئه‌م برایەتییه هه‌رچه‌ند خوێنی و هاوپشتییه‌كی ئیدئۆلۆژیكه، به‌ڵام له یەک بنه‌ماڵه‌یشدا زۆرجار برا ته‌قه‌ی له برا كردووه ته‌نیا و ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنن كه كامه‌یان توندترن له‌سه‌ر ئیدئۆلۆژییه دواكه‌وتووه‌كه‌یان!
كۆمێدیی ئه‌م برایه‌تییه‌ی خامنه‌یی و تاڵیبان چ كاتێک ده‌بێته تراژیدی!؟ كات ده‌ری ده‌خا!
وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین