و لە فارسییەوە: شاهۆ مەتین
گۆڕانی کەشوهەوا تەنها بابەتی پاراستنی ژینگە نییە، بەڵکوو بابەتی دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤیشە.
وەک نەتەوە یەکگرتووەکان دەنووسێت: "بارگرانیی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بە یەکسانی یان دادپەروەرانە لە نێوان دەوڵەمەند و هەژار، ژن و پیاو و نەوە بەتەمەن و گەنجەکاندا دابەش نابێت". تاکە مەسەلەکە پاراستنی ژینگە نییە، بەڵکوو پرسی دادپەروەری و مافی مرۆڤە.
لەم بەشەی خوارەوەدا ١٠ حاڵەت دەخوێنیتەوە کە نادادپەروەری کەشوهەوا گەشە دەکات.
١ـ نادادپەروەریی جوگرافی
یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی بزووتنەوەی دادپەروەریی کەشوهەوا ئەو ڕاستییە سەلمێنراوەیە کە زۆرێک لەو وڵاتانەی کەمترین بەرپرسیارەتیان لە قەیرانی کەشوهەوای ئێستادا هەیە ئەو وڵاتانەن کە زۆرترین هەست بە کاریگەرییەکانی دەکەن، ئەمەش لە داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی سەبارەت بەو وڵاتانەی کەمترین دەردانی کاربۆنیان هەیە، دەبینرێت.
وڵاتانی وەک سومالی، چاد، مالاوی و نیجیریە لەو وڵاتانەن کە سەرەڕای ئەوەی پشکێکی زۆر کەمیان لە دەردانی گازی گەرمخانەیی جیهانیدا هەیە، بەڵام زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە. ڕوونە کە هەندێک لەو وڵاتانەی کە زۆرترین شوێنپێی کاربۆنیان هەیە، هەروەها ڕووبەڕووی ئەم کاریگەرییانە دەبنەوە، بەڵام ئەم وڵاتانە دەتوانن تا ڕادەیەکی زۆر کاردانەوەیان هەبێت کاتێک ڕووداوەکان ڕوو دەدەن. بەڵام کۆماری دێموکراتی کۆنگۆ، باشووری سودان و بوروندی ؛ کەم تا زۆر سەرچاوەیان هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکان.
٢-کۆلۆنیالیزەکردنی دانیشتووان و چەوساندنەوەی خەڵکی ڕەسەن
ڕاپۆرتی پانێڵی نێوان حکوومەتەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا (IPCC) کە ئەمساڵ بڵاوکرایەوە، شتێکی لەخۆ گرتبوو کە لە ڕاپۆرتەکانی پێشوودا باس نەکرابوو؛ "ئەو لاوازییەی کە بەهۆی تەحەددیاتی ئێستای گەشەپێدانەوە هاتۆتە ئاراوە، لەژێر کاریگەریی شێوازە مێژوویی و بەردەوامەکانی نادادپەروەریدایە، وەک کۆلۆنیالیزم." بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ زۆرێک لە خەڵکی ڕەسەن و کۆمەڵگە نێوخۆییەکاندا”. لێدوانێک کە بە متمانەیەکی زۆرەوە نووسراوە. ئەمە ساتێکی گەورەیە بۆ ڕاستییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کە زۆر قسەیان لەسەر نەکراوە. داگیرکردن و فراوانکردنی دەرەکی بۆ چەندین سەدە لە مێژوودا ڕاستییەک بووە، بەڵام ئەوەی لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٨٠٠ ـ ز، بوو کە زۆرێک لە وڵاتانی ئورووپا بەهۆی پێویستیی شۆڕشی پیشەسازییەوە دەستیان بە "حەوڵ بۆ ئەفریقا" کرد و بە دامەزراندنی کۆلۆنییەکان، سەرچاوەی سروشتی نوێیان بەدەست هێنا تاکوو بەرهەمهێنانی خۆیان زیاد بکەن .
ئەم چەوساندنەوەیە لە سروشت و هەروەها مرۆڤ تا نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم بەردەوام بوو و نەک هەر وڵاتەکانی زیاتر تووشی تەڵەی گەرما و ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا کرد، بەڵکوو بە ئەگەرێکی زۆرەوە بۆ خەڵکی ئەو وڵاتانە سەرچاوەی کەمتری بەجێ هێشت، بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان و خێزانەکانیان بپارێزن. هەروەها ئەم کاریگەریانە زۆرترین کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگا ڕەسەنەکان هەیە. ئەو کۆمەڵگایانەی کە بەپێی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO)، باشترین بەڕێوەبەری سامانە سروشتییەکانن.
بە هەمان شێوە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵکی ڕەسەن لە بیابانی کالاهاری (کە بەسەر بۆتسوانا، نامیبیا و باشووری ئەفریقادا درێژ دەبێتەوە) ناچارن لە دەوری بیرە ئاوەکانی حکوومەت بژین و پشت بە پشتیوانیی حکوومەت دەبەستن چونکە بژێوی شوانکارییە نەریتییەکانیان بەهۆی داڕزانی زەوی لە مەترسیدایە .
٣- نادادپەروەریی جێندەری
کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەتوانێت نایەکسانیی کۆمەڵایەتی لە پێشوو کە هەبوو، بەتایبەتی سەبارەت بە ڕەگەز، خراپتر بکات. وەک چالاکوانێکی تایلەندی ماچا فۆرن ئین دەڵێت: "ئەگەر لە ژیانی ڕۆژانەدا نەبینراو بیت، ئەوا لە قەیرانێکدا بیر لە پێداویستییەکانتان ناکرێتەوە، چ بگات بە چارەسەرکردنیان".
زۆرجار ژنان زیاتر کاریگەری ڕووداوەکانی کەشوهەوایان لەسەرە. ئەوان زیاتر پشت بە سامانە سروشتییەکان دەبەستن وەک ئاو و دارە سووتێنەرەکان، واتە ڕەنگە پێویستیان بە جووڵەی زیاتر بێت ئەگەر ئەم شتانە کەم ببنەوە، لە ئەنجامیشدا ئەو کاتەی کە بۆ ئەنجامدانی کاری بێ مووچەی ماڵەوە بەسەر دەچێت زیاد دەکات. هەروەها لە هەندێک بواردا مەترسییەکانی توندوتیژیی ڕەگەزی زیاترە. نایەکسانیی جێندەری لە کۆمەڵگایەکدا ڕەنگە ژنان زیاتر بەرەوڕووی دەرئەنجامە دەستبەجێیەکانی کارەساتێکی سروشتی ببنەوە. یان لە پرۆسەی بڕیاردان لە کاتی خستنەڕووی چارەسەرەکان بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی کارەسات و دیزاینکردن و جێبەجێکردنی وەڵامەکانی دیکە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا دووریان بخەنەوە.
٤- ناعەداڵەتیی کەشوهەوای نێوان نەوەکان
لە کاتێکدا نەوە گەنجەکان دەستیان کردووە بە تێکۆشان بۆ کردەوەی کەشوهەوا، بەشێک لەم بابەتە لە پێویستییەکی زۆرەوە سەرچاوە دەگرێت: کاربۆن بریف، مەزەندە دەکات کە ئەو منداڵانەی ئەمڕۆ لەدایک دەبن پێویستیان بە دەردانی هەشت هێندە کەمتر دییئۆکسیدی کاربۆن دەبێت لەچاو باپیرەکانیان بۆ ئەوەی هەسارەکە زیاتر لە ٥.١ پلای گەرمی بەرز نەبیتەوە.
سەرەڕای کەمبوونەوەی کاتی دەردانی گازی گەرمخانەیی جیهانی لە ساڵانی ١٩٣٠ و لە ساڵانی ١٩٤٠ تا ئەمڕۆ، ئەم بڕە بە شێوەیەکی بەردەوام زیادی کردووە. ئەمەش بەو مانایەیە کە زۆرێک لەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لەم زیانە، بۆ بینینی کاریگەرییە تەواوەکانی ئەم پرسە ناژین. لەم نێوەندەدا، نەوە گەنجەکان زۆربەی ژیانیان، ئەگەر هەمووی نەبێت، بە مامەڵەکردن لەگەڵ لەدەستدان و لەناوچوونی زەوی، کەمی سەرچاوە و پرسە تەندروستییەکانی پەیوەست بە پلەی گەرمی زۆر و کارەساتە سروشتییە کاریگەرەکان بەسەر دەبەن.
٥ -نادادپەروەریی ئابووری
گۆڕانی کەشوهەوا و هەژاری، سووڕێکی خراپ پێکدەهێنن. بەپێی دوایین خەمڵاندنەکانی بانکی نێودەوڵەتی، گۆڕانی کەشوهەوای کۆنترۆڵنەکراو دەتوانێت لە ١٠ ساڵی داهاتوودا ١٣٠ میلیۆن کەسی دیکە پاڵ بنێتە ناو هەژارییەوە. ئەمەش کارەساتبار دەبێت بۆ دەستکەوتەکانی ئەم دواییە لە گەشەپێدانی نێودەوڵەتیدا، بە تایبەت بۆ ئەو ١٣٠ ملیۆن کەسەی کە لە مەترسیدان – و سەدان ملیۆن کەس کە ئەمڕۆ لە هەژاریدا دەژین.
ئەو کەسانەی لە هەژارییەکی زۆردا دەژین، پشت بە زەوی دەبەستن بۆ بژێوی ژیانیان، جا چ لە ڕێگەی کشتوکاڵەوە بێت یان ئاژەڵداری. ٧٠%ی ئەوانەی ئەمڕۆ لە هەژارییەکی زۆردا دەژین ژنن. سووڕی هەژاری بە ئاڵۆزکردنی ئەم جۆرە نادادپەروەرییانەی کەشوهەوا خۆی دووبارە دەبێتەوە و ئەو زیانانەی کە ئەم کەسانە تووشی دەبن، بەبێ پەراوێزی هەڵە و سەلامەتی، زیانەکانی کارەساتێکی پەیوەست بە کەشوهەوا هێندەی تر وێرانکەر دەکات.
٦- ڕەگەزپەرستی
وەک نووسەر و چالاکوان جێرمی ویلیامز لە ناونیشانی کتێبەکەیدا ساڵی ٢٠٢١ دەڵێت، گۆڕانی کەشوهەوا ڕەگەزپەرستانەیە و ئەمەش پەیوەستە بە میراتی کۆلۆنیالیزمی قەیرانی کەشوهەوا. ویلیامز لە وتارێکدا کە لەسەر هەمان بنەما دامەزراوە، ویلیامز کە لەدایکبووی شاری ماداگاسکارە، لە زاری ڤێرۆنیکا مولینگای چالاکوانی زامبیاوە دەڵێت: ئەو نادادپەروەرییانەی کە لە ڕابردوودا ڕوویان داوە و ئەمڕۆش بەردەوامن، ڕەشپێستەکان، ناوچەکان و خەڵکی ڕەنگاوڕەنگیان بەرەوڕووی مەترسیی تەندروستیی ژینگەیی زۆر گەورەتر کردووەتەوە لە چاو کۆمەڵگا سپیپێستەکان. ئەوانەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە، کۆمەڵگە ڕەشپێستەکان و هەژارەکانن. وەک کیشوەرێک ئێمە یەکێکین لەو وڵاتانەی کە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بە سەختی زیانیان بەرکەوتووە و لە پێشکەوتنی جیهان بەرەو ئابوورییەکی کەم کاربۆن بەجێهێڵراوین. چارەسەری کەشوهەوا بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، دەبێتە هۆی دەرکردنی کەشوهەوا.
ڤێرۆنیکا مولینگا - چالاکوانی کەشوهەوا – زامبیا
کاریگەرییەکانی ڕەگەزپەرستی لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا پەیوەندییان بە هەندێک جۆری دیکەی ڕەگەزپەرستییەوە هەیە لە کۆمەڵگە تایبەتەکان و لە سەرانسەری خاکەکاندا: چالاکوانی ژینگەپارێزی ئەلیزابێس ئیمپیێر ئاماژە بە زیانە ڕیزبەندییەکان دەکات کە بەهۆی زریانەکانی ماریا و کاترینا و وەڵامدانەوەی خاو کە بەدوایدا هات. هەروەها ڕاپۆرتێکی زانکۆی نیویۆرک لە ساڵی ٢٠١٧دا ڕەگەزپەرستی و جۆرەکانی تری پەراوێزخستنی بە نیشتەجێبوون لە ناوچە لاوازەکانی وەک دەشتە لافاوەکاندا گرێداوە. ئەم پەیوەندیانە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی نین.
٧- بەربەستەکانی زمان و خوێندەواری و دۆخی کۆچبەری
سەنتەری یێڵ بۆ پەیوەندییە ژینگەییەکان بە باشترین شێوە دەڵێت: "بەربەستە زمانییەکان دەتوانێت زەحمەت بێت بۆ کۆمەڵگە کۆچبەرەکان بۆ وەرگرتنی زانیاریی پێشوەختە سەبارەت بە زریانەکان یان ڕووداوەکانی کەشوهەوا یان ئاگرکەوتنەوەی کێوییەکان، یان پەیوەندییەکی کاریگەر لەگەڵ وەڵامدەرەوەی یەکەم لە ناوەڕاستی چۆڵکردنێکدا."
ئەمە تەحەدایەکی باوی نێو کۆمەڵگە پەنابەرەکانە، کە زۆرجار لە کۆمەڵگەی خانەخوێدا لە لاوازترین کەسەکاندان و ڕەنگە زمانێکی هاوبەشیان نەبێت تەنانەت ئەگەر لە وڵاتێکی دراوسێش ئاوارە ببن. بۆ نموونە زۆرێک لە پەنابەرانی ڕۆهینگیا کە لە بەنگلادیش دەژین، بە هۆی وەرزی گەرما و لافاو و ئاگرکەوتنەوە، چەندین جار پەناگەیان لەدەست داوە. ئەمەش بەشێکی لەبەر ئەوەیە کە قەدەغە کراون لە دروستکردنی پەناگە بە شێوەیەکی هەمیشەیی و "ماڵەکانیان" لە کەمپەکانی پەنابەران دروست بکەن، کە زۆر بەرەوڕووی توخمەکان دەبنەوە. بۆ ئەو پەنابەرانەی کە بەنگالی نازانن، هەروەها دەکرێت وەرگرتنی زانیاریی فەرمی کاتێک پێشبینی گەردەلوول دەکرێت، کارێکی قورس بێت. بۆ ئەمەش نەخوێندەواری زیاد دەکەین: لەو کۆمەڵگایانەی کە پشتگیری لە پێکهاتە زیانبەخشەکانی پیاوسالاری دەکەن، ژنان زیاتر نەخوێندەوارن. ئەمەش وا دەکات نیوەی دانیشتووان بە تەواوی نەتوانن دەستیان بەو زانیاریانە بگات کە پێویستیانە پێش کارەساتەکە و لە کاتی کارەساتەکە و دوای کارەساتەکە.
موبوراکی تەمەن ٨ ساڵ لە کەمپی پەنابەرانی مۆینادونا بۆ پەنابەرانی ڕۆهینگیا لە بازاڕی کۆکس لە بەنگلادیش ڕێنمایی داپیرەی نوور دەکات. کەمپەکە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا هەستی بە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کردووە و پەناگە کاتییەکانی بە شێوەیەکی ڕۆتینی بەهۆی لافاو و ئاگرکەوتنەوەکانی وەرزی گەرماوە لەناو دەچن. (تۆمس ڕاستەقینە نییە).
٨-جیاکاری لە دژی کەمئەندامان و نەخۆشی درێژخایەن و بەساڵاچووان
ساڵی ڕابردوو ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان پانێڵێکی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر کەسانی بەساڵاچوو ئەنجامدا. میشێل باچێلێت، کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، تا ساڵی ٢٠٥٠ زەوی میوانداری یەک ملیارد و ٥٠٠ ملیۆن کەس دەکات کە تەمەنیان لە ٦٥ ساڵ و سەرووتردایە. ئەگەر تا ئەو کاتە ڕێژەی دەردانی گازی گەرمخانەیی جیهانی بۆ سفری پاک کەم نەکردبێتەوە، پێشبینی دەکرێت گەرمبوونی جیهان لە پلەی گەرمی ٥.١ پلەی سەدی تێپەڕێنێت.
لەم مێزگەردەدا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە تەمەنگەرایی لاوازی بەساڵاچووان لە بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا زیاد دەکات. لە ڕوانگەی ئامارییەوە، ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی ٦٥ ساڵەوەیە لە کاتی ڕووداوەکانی کەشوهەوادا ئەگەری مردنیان زیاترە یان ڕووبەڕووی کێشەی زیاتری وەک هەڵاواردن یان خراپ بەکارهێنان دەبنەوە بۆ ئەوەی بگەنە شوێنێکی سەلامەت وەک بەشێک لە وەڵامدانەوەی ڕووداوەکان.
هەروەها زیاتر بەرەوڕووی ڕووداوەکانی کەشوهەوا وەک پیسبوونی هەوا و شەپۆلی گەرما و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دەبنەوە.
ئەوانەی کە کەمئەندامن یان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، ڕووبەڕووی تەحەدای هاوشێوە دەبنەوە. لە سایەی ئەو نادادپەروەری و نایەکسانیانەی کە بەهۆی Covid-19ەوە ئاشکرای دەکات، کە بەساڵاچووان و کەمئەندامان و نەخۆشە درێژخایەنەکان دەخاتە گرووپە مەترسیدارەکانەوە، ڕەنگە ئێستا کەمێک زیاتر ئاشنای ئەم خاڵانە بین. گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ئاستێکی هاوشێوەی نادادپەروەری کار دەکات و کاریگەرییەکانی لەلایەن ئەم کۆمەڵگایانەوە بەتوندی هەستیان پێ دەکرێت.
٩- فۆرمەکانی تری نایەکسانیی کۆمەڵایەتی
ڕەگەز، تەمەن، تەندروستی و توانا تەنها هەندێک لەو نایەکسانییە کۆمەڵایەتییانەی پێشوەختەن کە دەتوانرێت بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا توندتر ببنەوە. بەڵام ئەمە تەواوی چیرۆکەکە نییە. کاتێک سەرچاوەکان سنووردار دەبن، ئەو پێشوەختە زانینانەی کە سێبەریان لەسەر کۆمەڵگایەک داناوە، زیاتر دەردەکەون و ئەم پێشوەختە زانینانە بۆ گرووپە پەراوێزخراوەکان بەکار دەهێنرێن، لەوانە کۆمەڵگەی ئێڵ جی بی تی کیو+، هۆز و نەتەوەکان، کەمینە ئایینییەکان و چین و پێگەی کۆمەڵایەتی. هەر جۆرە نادادپەروەرییەک دەتوانێت لە هەلومەرجێکی گونجاودا ببێتە نادادپەروەرییەکی کەشوهەوا.
١٠- نایەکسانیی سەرچاوەکان سەرەڕای هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی کەشوهەوا
زۆرێک لەو نایەکسانییانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، نادادپەروەرییەکی دیکەی کەشوهەوایان لێ دەکەوێتەوە کە کێشەیەکی گەورەترە. هەموو ئەم پرسانە دەبنە هۆی ئەوەی کە هەموو جارێک لە کاتی گفتوگۆکردن و بڕیاردان سەبارەت بە ئامادەکاری و وەڵامدانەوەی کارەساتی کەشوهەوا ناسنامە سەرەکییەکان لەبیر بکرێن.
لەگەڵ هەموو ئەم قسانەدا دەبێت ئاگادار بین کە کەش و هەوا دەبێتە هۆی نایەکسانی و نادادپەروەری تر: بۆ نموونە گۆڕانی کەشوهەوا و برسێتی چونکە خۆراک کەم بووە بەهۆی گەرمبوونی جیهانەوە شانبەشانی یەکتر دەڕۆن. کارەساتێکی کەشوهەوا یان تەنانەت شکستی ڕۆژانە لە بەرامبەر قەیرانەکاندا مەترسی لەسەر پەروەردەی ملیۆنان منداڵ لە جیهاندا دروست دەکات. ئەمە دەتوانێت کاتی بێت (وەک کاتێک قوتابخانەیەک وێران دەکرێت یان وەکو پەناگە بەکاردەهێنرێت لە کاتی قەیرانێکدا) یان درێژخایەن بێت (ئەگەر دایک و باوک منداڵان لە قوتابخانە دەربهێنن بۆ ئەوەی لە ماڵەوە یارمەتی بدەن.) هەر لەبەر ئەمەشە سەیرکردنی گۆڕانی کەشوهەوا و هەڕەشەکانی قەیرانی کەشوهەوا لەسەر هەندێک کۆمەڵگا دەبێ لە چاویلکەیەکی فرەلایەنەوە سەیر بکرێت.