کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور: دۆخی ئازادیی میدیاکان لە ئێران لەوپەڕی نیگەرانیدایە

17:48 - 13 بانەمەڕ 2723

ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور لە ڕاپۆرتێکی نوێدا، ڕایگەیاندووە کە دۆخی ئازادیی میدیاکان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا هەروا لەوپەڕی نیگەرانیدایە و ئێران لە بواری ئازادیی میدیاکانەوە لەنێوان ١٨٠ وڵات لە پلەی ١٧٧دایە.

ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور لە ٢١ـەمین ڕاپۆرتی پلەبەندیی خۆی باسی لەوە کردووە کە ساڵی ڕابردوو دوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، ئێران جێگەی خۆی وەکوو یەکێک لە سەرکوتکەرترین وڵاتانی جیهان لە بواری ئازادیی میدیاییەوە بەهێز کردووە.

هەروەها ئەو ڕاپۆرتە، ئێرانی بە یەکێک لە گەورەترین زیندانەکانی جیهان بۆ ڕۆژنامەوانان وسف کردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەگەرچی سەرکوتی دەستپێڕاگەیشتن بە زانیارییەکان بە شێوەی زۆر بەهێز و بەربڵاو لە ئێران لە ئارادایە و ڕۆژنامەوانان بەردەوام لەگەڵ مەترسیی ''دەسبەسەری، لێکۆڵینەوە، زیندانی، لەژێر چاوەدێریدابوون و ئازار و هەڕەشە'' بەرەوڕوون، بەڵام ئەو دۆخە هاوکات لەگەڵ دەسپێکی شۆڕشی ژینا، چڕتر و خراپتر بووەتەوە.

دۆخێک هاتە پێش کە زیاتر لە ٧٠ ڕۆژنامەوان کە ڕێژەیەکی زۆریان ژنن، لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان دەسبەسەر کران، چونکە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ پێشگرتن لە ڕووماڵی خۆپیشاندانەکان، دەست بۆ هەر کردەوەیەک دەبەن.

هەواڵنێرانی بێ‌سنوور لە درێژەدا ئاماژەی بە سەرکوت و هەڕەشە لە ڕۆژنامەوانانی ئێرانی لە دەرەوەی کردووە و نووسیویەتی: ''تەنانەت ڕۆژنامەوانانی ئێرانیش کە لە وڵاتانی دەرەوە نیشتەجێن، لەژێر هەڕەشە و گۆشاری ڕێژیمی ئێراندان.''

ساڵی ڕابردووی زایینی، ئێران لە پلەی ١٧٨ی جیهاندا جێی گرتبوو و تەنیا لە وڵاتانی "ئیریترە و کۆرەی باکوور" باشتر بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور، لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامی لە ئێران لە زیاتر لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، ڕێژیم لانیکەم هەزار ڕۆژنامەوان و شارۆمەند- هەواڵنێری دەسبەسەر، زیندانی، بێسەروشوێن یان لەسێدارە داوە.