کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەربڕینی ناهومێدیی ٢٦ دامەزراوەی ئێرانی لە دەستنیشانکردنی کۆماری ئیسلامی وەک سەرۆکی کۆڕی کۆمەڵایەتیی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ

11:35 - 10 جۆزەردان 2723

٢٦ ڕێکخراو، شۆرا و دامەزراوەی چالاکی ئێرانی، لەوانە کۆمەڵەی پزیشکان، پارێزەران و چالاکانی مەدەنی، لە نامەیەکدا بۆ واتسلاو باڵک، سەرۆکی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٣، سەبارەت بە دەستنیشانکردنی نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک سەرۆکی کۆڕی کۆمەڵایەتیی ئەو شۆرایە، ناهومێدیی خۆیان دەربڕی.

هەروەها ئەو ٢٦ ڕێکخراوە لەو نامەیەدا ئاماژەیان بە ڕاپۆرتی ئەم دواییەی جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران کردووە.

لە نامەکەیاندا باسیان لەوە کردووە کە بەپێی ڕاپۆرتەکان، کاردانەوەی توندوتیژانەی هێزە سەرکوتکەرکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئێراندا، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم سەدان کەس لە خۆپیشاندەران کە لانیکەم دەیان منداڵ و ژنی تێدا بووە و سەدان خۆپیشاندەری دیکە بە سەختی بریندار بوون و هەزاران کەسیش دەسبەسەر کران.

ئەو ڕێکخراو و دامەزراوانە لەسەر ئەم بەشەی ڕاپۆرتەکەی جاوید ڕەحمان جەختیان کردەوە کە "توندوتیژی دژی ژنان و کچان، لەوانەش کوشتن، دەستدرێژیی جەستەیی و سێکسی و سەرکوتی توندی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان، بەتایبەتی بەلووچ و کورد، لە ئێران بەردەوام بووە."

هەروەها لە نامەکەیاندا نووسیویانە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دەیان ساڵەی حوکمڕانیی خۆیدا بە تاوانی جۆراوجۆری دژ بە مرۆڤایەتی تاوانبار کراوە.

ئەو ڕێکخراوانە هەروەها ئاماژەیان بە گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی کرد و لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی گەمارۆی ئامانجدار بە دژی ڕێژیم جەختیان کردەوە.

ئەو دامەزراوانە سەبارەت بە سەرکوتی ئۆپۆزیسیۆن لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە نووسیویانە کە ڕێژیمی ئێران بەهۆی سەرکوتی توندی نەیارانی سیاسی، چالاکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان و خوێندکاران، ڕەخنەی بەرفراوانی لێ گیراوە و ڕاپۆرتی زۆریش لەبارەی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژیی سێکسی و دادگاییکردنی نادادپەروەرانە لە ئێراندا بڵاو کراوەتەوە.