کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی سپای پاسداران بۆ زاڵبوون بەسەر سیستمی پەروەردەی ئێراندا

18:33 - 10 جۆزەردان 2723

بەپێی ڕێککەوتنی نێوان سپای پاسداران و وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم، لە دامەزراندنی مامۆستایان لە قوتابخانەکان ئەولەوییەت بەو مامۆستایانەیە کە لە ڕێکخراوی بەسیج چالاکییان هەیە و کارتی تەواوکەریان هەیە.

بەپێی بەخشنامەی نوێی سەرباز- موعەلیم، کە لەلایەن هەیئەتی دەوڵەتەوە پەسەند کراوە، سپای پارێزگاکان لە ناساندن، ڕێکخستن و دامەزراندنی کەسانی بەسیجی لەژێر ناوی "سەرباز- موعلیم" بەرپرسیارە و ئیتر  پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لەم بارەوە بڕیاردەر نابێت.

ساڵانێکی زۆرە ڕێکخراوی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران لە سەرباز- موعلیمەکان کە کەسانی خوێندەوارن لە ناوچە بێبەشەکاندا کەڵک وەردەگرێت.

هەروەها بەپێی ئەم بەخشنامەیە، هەیئەتی دەوڵەت دامەزراندی ٣ هەزار و ٢٠٠ سەبازی به ئەولەوییەتی ئه‌ندامبوون له به‌سیج پەسەند کردووه.

خستنەڕووی ئەم پلانە لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران دۆسیەسازی و گوشارهێنانی ئەمنییەتی بۆ سەر مامۆستایان و چالاکانی سێنفیی زۆر زیاد کردووە.

هەر لەو پێوەندییەدا مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و جانبازانی وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند کە پێشخستنی فەرهەنگی شەهیدبوون لە قوتابخانەکان دەستی پێ کردووە و ناوەڕۆکی کتێبی خوێندن بەم ڕوانگەیەوە دەگۆڕێت.

هەروەها عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوودا فەرمانی بە وەزارەتی پەروەردە دا کە ناوەڕۆکی ٢٠٠ کتێبی دەرسی بگۆڕێت.