کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی باوکی شەهیدێکی کوردستان لە وڵاتی دانمارک

10:02 - 14 بانەمەڕ 2723

کاک عەلی ‌محەممەد خوسرەوی، باوکی شەهید ئەردەشیر خوسرەوی لە وڵاتی دانمارک، لە تەمەنی ٩٤ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، کاک "عەلی محەممەد خوسرەوی"، باوکی شەهید ئەردەشیر خوسرەوی و باوکی جەمشید خوسرەوی بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک، لە نەخۆشخانەی شاری "غاناسـ"ـی دانمارک، لە تەمەنی ٩٤ ساڵیدا دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک عەلی محەممەد، کەسایەتییەکی ناسراو و وڵاتپارێزی یارسان کەسێکی خۆشناو، نیشتمانپەروەر، کۆمەڵایەتی، خەمخۆری گەل و نیشتمانەکەی بوو کە لە پێناو ئازادی و ڕزگاریی گەل و نیشتمانەکەیدا قوربانیی ‌دا و بۆ گەیشتن بە ئامانجە لەمێژینەکانی تا کاتی کۆچی دوایی، وەفادار بە ڕێبازی پڕسەروەریی شەهیدانی کوردستان مایەوە.

کوڕێکی ناوبراو بە ناوی شەهید "ئەردەشیر خوسرەوی"، ساڵی ١٣٤٩ی هەتاوی لە گوندی "بازگری گۆران" سەر بە سەرپێڵ‌زەهاو لەدایک بوو.  شەهید ئەردەشیر کادری دەرەجە سێی حیزبی دێموکرات بوو و ساڵی ١٣٧٣ بەهۆی خیانەتی خۆفرۆشانەوە لە پیلانێکدا لە گوندی "سیاوانەداڵەهۆ" شەهید کرا.

هەروەها کاک عەلی محەممەد، وێڕای ئەوەیکە باوکی شەهیدە، مامی شەهیدان "کاکە، عەزیز محەممەد، بەهمەن، محەممەد و بارام خوسرەویـ"ـیشە کە لە ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، گیانی ئازیزیان بەخت کردووە.

کاک عەلی محەممەد خوسرەوی بە ھەزاران داخ و حەسرەتی دیتنەوەی نیشتمان، بەھۆی چوونەسەرەوەی تەمەن، لە غوربەتدا ماڵاوایی لە ئازیزانی کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک "عەلی‌ محەممەد خوسرەوەی"، سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵەی بەڕێزیان و کۆمەڵگەی یارسان دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.