کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندام پارلمانێکی کانادا: گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران درێژە پێ دەدەین، بۆ ئەوەی ڕەوایی لێ بستێنین

11:20 - 14 بانەمەڕ 2723

تۆم کەمێج، ئەندام پارلمانی کانادا لە لێداونێک بۆ ''کوردکاناڵ''، پشتیوانیی لە شۆڕشی ژینا کردەوە و باسی لەوە کرد: "لە هەوڵێکی زۆرداین کە کانادا سپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێنێت. هەروەها گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران درێژە پێ دەدەین بۆ ئەوەی ڕەوایی لێ بستێنین."

 تۆم کەمێج، ئەندام پارلمانی کانادا لە لێداونێک بۆ کوردکاناڵ وتی: ''لەو کاتەوە ناڕەزایەتییەکان پاش کوشتنی ژینا ئەمینی لە سێپتامبری ٢٠٢٢ـەوە دەستیان پێ کرد، ئێمە وەکوو دەوڵەت، موحافیزەکاران، پارلمان و هەموو حیزبەکانی کانادا، هاندەر بووین بۆ ئەوەی دەوڵەتی وڵاتەکەمان دامەزراوە ئێرانییەکان وەکوو سپای پاسداران بخاتە نێو لیستەی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.''

ناوبراو باسی لەوە کرد کە ساڵی ٢٠١٨ پارلمانی کانادا داوای کردبوو کە سپا بە تێرۆریست بناسێندرێت، بەڵام هێشتا بە ئەنجام نەگەیشتووە و هەتا ئێستا میلیشیا و ڕێکخراوی زۆری سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان خستووەتە نێو لیستی تێرۆرەوە.

ئەو ئەندام پارلمانەی کانادا وتی: ''دەوڵەتی موحافیزەکاران ساڵی ٢٠١٢ باڵوێزی ڕێژیم ئێرانی لە کانادا دەر کرد و باڵوێزخانەکەشیان داخست. دەست بەسەر هەموو داراییەکانیاندا گیرا و ئەو داراییانە ئێستا بەردەستن بۆ بڵاوکردنەوە لەنێوان قوربانییانی تێرۆریزم وەکوو قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی کە سپا و ڕێژیمی ئێران بەئەنقەست خستیانە خوارەوە.''

تۆم کەمێج لە درێژەی قسەکانی سەبارەت بە گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران وتی : ''ڕەوتی موحافیزەکار داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ئێران لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژن دەر بکرێت، لەبەر ئەوەی ئێمە پێمان وابوو ئێران نابێ لەوێ بێت. کەوابوو هێشتا زۆر شت هەیە کە بکرێت.''

ناوبراو سەبارەت بە کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە شۆڕشی ژینا وتی: ''من دەزانم کە پارلمانی کانادا پشتیوانی لە کوردەکان دەکات و لەگەڵیان دەمێنێتەوە و دەزانین کە سپای پاسداران گەورەترین هێزە کە خەڵکی ڕۆژهەڵات سەرکوت و مافەکانیان پێشێل دەکات، بۆیە دیسان پێداگرین کە بخرێتە لیستی تێرۆرەوە. ئێمە لەوە تێگەیشتووین کە ئێوە تا گەیشتن بە ئامانجەکانتان شەقامەکان چۆڵ ناکەن.''

تۆم کەمێج  لە کۆتاییدا وتی: ''ئەوەندە بزانن کە لە پارلمانی کانادا داوای ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی دەکرێت. ئێمە خوازیاری ئێرانێکی ئازاد و دێموکراتین. هەر بەو شێوەیەی کە ئێوە دەتانەوێت، ئێمە درێژە بە گوشارەکانمان بۆ سەر ڕێژیم دەدەین، بۆ ئەوەی ڕەوایی لێ بستێنین."