کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیوزلەند چوار کەس و دوو دامەزراوەی ڕێژیمی ئێرانی خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە

11:47 - 14 بانەمەڕ 2723

دەوڵەتی نیوزلەند چوار کەس و دوو دامەزراوەی ڕێژیمی ئێرانی بەهۆی دابینکردنی دڕۆن بۆ ڕووسیە بۆ بەکارهێنانی لە شەڕی ئۆکراین، خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەو کەسانەی کە خراونەتە نێو لیستی گەمارۆکانی وڵاتی نیوزلەند بریتین لە: "قاسم دەماوەندیان، بەڕێوەبەری شیرکەتی پیشەی ئاسمانیی قودس؛ عەلیڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سپای پاسداران؛ حوسێن شەمس‌ئابادی، بەڕێوەبەری شیرکەتی پەرئاوەر پارس و ئەسغەر مەحموودی، خاوەنی شیرکەتی سلین تەکنیک."

هەروەها دەوڵەتی نیوزلند ڕێکخراوی هەوا و فەزای سپای پاسداران و شیرکەتی خزمەتگوزاریی فڕۆکەخانەی ''سەفیرانـ''ـی بەهۆی دەستێدابوونیان لە ناردنی دڕۆن بۆ ڕووسیە خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

هەر لەو پێوەندییدا وەزارەتی دەرەوەی کانادا ڕایگەیاندووە کە یازدەهەمین بەستەی گەمارۆکانی خۆی هاوتەریب لەگەڵ گەمارۆکانی ئەم دواییانەی یەکیەتیی ئورووپا، بریتانیا و ئەمریکا دژی ڕێژیمی ئێران پەسەند دەکات.

کانادا ڕایگەیاندووە کە دامەزراوەیەک و ٩ کەس لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران کە ڕۆڵی بەرچاویان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و دەرەوەدا هەیە، دەخاتە نێو لێستی گەمارۆکانەوە.