کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی ١٥ ڕێکخراوی کرێکاری و سێنفی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکارەوە

12:48 - 11 بانەمەڕ 2723

١٥ ڕێکخراوی سێنفی و کرێکاریی ئێران بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و لەسەر ئەوە پیداگرییان کردەوە کە شۆڕشی ژینا لە ئێراندا هەر بەردەوامە و کۆماری ئیسلامی نە لیاقەتی مانەوەی هەیە و نە دەتوانێت درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدات.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، ١٥ ڕێکخراوی سێنفی و کرێکاریی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش، سەرەڕای باسکردن لەوە کە سەرکوتی ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا بە شێوەیەکی دڕندانە بووە، کۆمەڵگەی ئێران بە هەموو چین و توێژەکانییەوە وەکوو مامۆستایان، کرێکاران، فەرهەنگییان، هونەرمەندان، چالاکانی مەدەنی و سیاسی و پیر و لاو لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا ڕاوەستان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی گەلانی ئێران هەروا زیندووە و بەردەوامە و ناڕەزایەتییەکان گۆڕانخوازن.

ئەو ١٥ ڕێکخراوە سێنفی و کرێکارییە داوایان لە هەموو کرێکاران، مامۆستایان و خوێندکاران، ژنان و سەرانسەری گەلانی ئێران کردووە کە پەیوەست بە ڕێکخراو، گرووپ و شۆراکانەوە بن تاکوو لە داهاتوویەکی نزیکدا بە هاوئاهەنگی و یەکگرتووییەکی زیاترەوە، بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی خەبات بکەن.