کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتێکی نوێ لەسەر پەرەسەندنی کڕین و فرۆشتنی ئەندامی لەش لە ئێران و هەناردەکردنی بۆ دەرەوە

17:15 - 14 بانەمەڕ 2723

ڕۆژنامەی ''جیهانی سەنعەت'' لە ڕاپۆرتێکی مەیدانی کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی بانەمەڕ، بڵاوی کردووەتەوە، باسی لەوە کردووە کە بەهۆی ئەوەیکە شارۆمەندان لە ئێران کەوتوونەتە ئەوپەڕی هەژارییەوە، کڕین و فرۆشتنی ئەندامی لەش بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە نزیک مەیدانی وەلیعەسری تاران، ڕووبەرووی بینای دادگوستەری، کۆڵانێکی لێیە کە بووەتە بازاڕی فرۆشتنی گورچیلە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، هەر کەسێک ویستوویەتی گورچیلە بفروشێت یان بکڕێت، سەردانی ڕاگەیەندراوەکانی سەر دیواری ئەو کۆڵانەی کردووە.

ڕۆژنامەی ''جیهانی سەنعەت'' نووسیویەتی کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لەو کۆڵانە جگە لە گورچیلە، ڕاگەیەندراوی پێوەندیی جەرگ، مۆخی ئێسک و گلێنەی چاو لەسەر ئەو دیوارە زیاد کراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، سەرەڕای ئەوەیکە ئەنجومەنی گورچیلە لە ساڵی ڕابردوو نرخی بەخشینی گورچیلەی ٨٠ میلیۆن دیاری کردبوو، بەڵام تێچووی کڕین و فرۆشتنی گورچیلە گەیشتبووە ٣٠٠ ملیۆن تەمەن. ئەمسالیش نرخی گورچیلە لە ٥٠٠ میلیۆن تەمەن هەتا یەک میلیارد تمەن لە بەرزی و نزمیدا بووە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، لە ساڵی ١٣٩٩ لە ئێران ٤٢٠ حاڵەتی پێوەنددانی گورچیلە لە کەسی زیندوو ئەنجام دراوە.

لە ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیەدا هاتووە کە لە ئێستادا لە ڕێگەی دەڵاڵەکان و بازاڕی ڕەش، کڕین و فرۆشتنی گورچیلە زیاتر بووە و لەمبارەوە ئامارێکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

پەرەسەندنی هەژاری و قەیرانی ئابووری لە ئێران، توێژی کەمداهاتی کۆمەڵگەی هان داوە کە بۆ بەدەستهێنانی پارە ئەندامانی لەشیان بفرۆشن و بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئەو ڕۆژنامەیە، هەموو فرۆشیارانی گورچیلە بەهۆی هەژاری و کێشەی ئابوورییەە ئەندامی لەشی خۆیان دەفرۆشن.

هەروەها بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هێندێک لە دەڵاڵەکان لە ڕێگەی تۆڕێکەوە لەگەڵ کسانی دیکە لە دەرەوەی وڵات، فرۆشیاری گورچیلە ڕەوانەی وڵاتانی وەکوو ئیمارات و تورکیە دەکەن هەتا ئەندامانی لەشی خۆیان بە نرخی ٧ هەزار هەتا ١٥ هەزار دۆلار بفرۆشن.