کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕی پەردەلادان لەسەر دوو کتێبی کوردیی منداڵان لە شاری سنە

10:05 - 15 بانەمەڕ 2723

لە شاری سنە پەردە لەسەر دوو کتێبی کوردیی منداڵان بە ناوەکانی "کۆتری ئاشتی" و "کەروێشکی خۆ بە زل زان"، بەرهەمی فەرید ڕاژین، لا درا.

ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە سینەما بەهمەنی شاری سنە، ڕێوڕەسمێک لەلایەن ئەنجومەنی ئەدەبیی ئادانی شاری سنە بۆ پەردەلادان لەسەر دوو کتێبی شێعریی کوردی تایبەت بە منداڵان بە ناوەکانی "کۆتری ئاشتی" و "کەروێشکی خۆ بە زل زان"، بەرهەمی فەرید ڕاژین، بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی "خوایە وەتەن ئاوا کەی" لەلایەن کۆڕی سروودی منداڵانی فێرگەی ڕاژە بە سەرپەرستیی سۆهەیلا محەممەدی، دەستی پێ کرد.

لە بەشێکی دیکەدا سوێسن ئیسماعیل‌نژاد و سەحەر موعێزی لەسەر کتێبەکان و شێعرەکانی فەرید ڕاژین قسەیان کرد و پاشان ڕێز لەو کەسانە گیرا کە بۆ چاپی کتێبەکە یارمەتیی نووسەریان دابوو.

 لە کۆتاییدا هونەرمەند عادڵ نادری بە چەند گۆرانییەک ڕێوڕەسمەکەی زیاتر ڕازاندەوە.