کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر لە ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ کۆچی دوایی کرد

11:18 - 15 بانەمەڕ 2723

کاک محەممەدئەمین مێهفەر، ناسراو بە مام ئەحمۆ، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و خۆشناوی ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٤ی بانەمەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، کاک محەممەدئەمین مێهفەر، خەڵکی گوندی ''مەلا عیسا'' سەر بە ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ و برای شەهید لوقمان مێهفەر، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا بەهۆی بەساڵاچوویی و نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

تەرمی کاک محەممەدئەمین مێهفەر، ئێوارەی هەمان ڕۆژ لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ئاوایی مەلا عیسا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

کاک محەممەدئەمین مێهفەر، لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری ناوچەی دەشتەبێڵ و لەژێر ڕێنوێنی و ڕاسپاردەکانی مام خورشیدی باوکی کە یەکێک لە پێشمەرگە و فەرماندەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان بوو، بە بیری نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی بۆ خاک و خەڵکی کورد، پەروەردە بوو.

ناوبراو وەک سێهەمین برا گەورەی شەهید لوقمان مێهفەر هەردەم لەژێر گوشار و هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا خۆڕاگریی دەکرد و سەربەرزانە شانازیی بە ڕێبازی باوک و براکەیەوە دەکرد.

شەهید  لوقمان مێهفەر، تێکۆشەری دێرین و ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، پاش ماوەیەک بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشیی کۆرۆنا لە تەمەنی ٥٧ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر کۆچی دوایی کرد.

کاک لوقمان تێکۆشانی سیاسیی خۆی لە تەمەنی ١٥ ساڵی لە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتەوە دەست پێ کرد. دواتر لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات و لەپێناو ڕزگاریی نەتەوەکەی لە بندەستیدا جێی گرت و لە ماوەی دەیان ساڵ خەباتی بێوچاندا زۆر بەرپرسایەتیی سیاسی و نیزامیی گرینگی کەوتە سەر شان.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک محەممەدئەمین مێهفەر، سەرخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵەی مێهفەر و خەڵکی ناوچەی شنۆ دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.