کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی پزیشکی یاسایی ئێران: لە ساڵی ١٤٠١دا، هەزار و ٩٠٠ کرێکار گیانیان لەدەست داوە

17:42 - 11 بانەمەڕ 2723

جێگری پزیشکی و تاقیکاریی ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی ئێران ڕایگەیاند کە لە ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، هەزار و ٩٠٠ کرێکار لە ئێران بەهۆی ڕووداوی کار گیانیان لەدەست داوە.

مەسعوود قادی پاشا، بە ڕاگەیاندنی ئاماری قوربانییانی ڕووداوی کار لە ئێران لە ساڵی ڕابردوو، وتوویەتی لە بەراورد لەگەڵ دوو ساڵی پێشوو، ڕووداوی کار ١.٣ لەسەد دابەزیوە. بەڵام سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئامارەکان لەوە زیاترە.

پێش لەمە و بەپێی ئامارە ڕاگەیەندراوەکانی ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی ئێران، لەنێوان ساڵەکانی ١٣٨٧ هەتا ٩٦ی هەتاوی، لانیکەم ١٦ هەزار کەس بەهۆی ڕووداوی کار گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی ئەو ئامارەی کە مەسعوود قادی پاشا ڕۆژی دووشەممە ١١ی بانەمەڕ بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆی گشتیی گیانلەدەستدراوانی ڕووداوی کار لە ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، هەزار و ٨٧٠ کەس پیاو بوون و ٣٠ کەسیش ژن بوون. لە حاڵێدا ڕێژەی مەرگی پیاوان لە ڕووداوی کار لە ساڵی ١٤٠٠دا هەزار و ٩١٠ کەس و ڕێژەی ژنانیش ١٦ کەس بووە.

بە بەراوردی ئەو ئامارانە ڕوون دەبێتەوە کە ڕێژەی ژنان لە زیانەکانی ڕووداوی کار دوو بەرابەر بووەتەوە.

وەکوو ساڵانی پێشوو ''بەربوونەوە لە بەرزایی'' زۆرترین پشکی لە ئاماری مەرگی کرێکاران بە خۆی تەرخان کردووە.

ئێران لە بواری لەبەرچاوگرتنی ئیمەنیی کار لەنێوان وڵاتانی جیهان لە پلەی ١٠٢دایە کە بە پلەیەکی زۆر کەم دێتە ئەژمار.