ڕەزا محەممەدئەمینی
دۆخی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، سەرەڕای سەرکوت و زەبروزەنگی دڕندانە و هەمەلایەنە بەرەو شڵەژانی زیاتر دەڕوات. ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردوو نیشانیان داوە ڕێژیم بۆ مانەوەی لەسەر دەسەڵات، لەلایەک لە هیچ کردەوەیەکی دڕندانە و خوێناوی خۆ ناپارێزێ و لەلایەکی دیکە تەنیا چەکی دەسەڵات بۆ مانەوەی هەر هێزی سەرکوت و ترس و تۆقاندن و بەندیخانەیە؛ چەکێک کە ئیدی کاریگەریی ساڵانی پێشووی نەماوە و بەڕوونی دیارە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەتایبەت ژنان، کرێکاران و بەگشتی کۆمەڵانی ئازادیخوازیی خەڵکی ئێران ترسیان شکاوە ولە ڕاستیدا ئەوە ئاخوندەکان و دەستوپێوەندەکانیانن سەریان لێ شێواوە و ترسیان ڕێ نیشتووە و نازانن چۆن لەو گێژاوەی بۆخۆیان خوڵقاندوویانە، بێنەدەرێ.
سەرکوت و لێدان و گرتن و ئەشکەنجە ئەگەر توانیویەتی تا ڕادەیەک شەقامی شارەکان بێدەنگ بکات، ئەوە خەبات و بەربەرەکانێ بە شێوازی جۆراوجۆر هەر بەردەوامە و کۆمەڵانی خەڵکی ئیران بەو ئاکامە گەیشتوون کە ئەمجارە دەبێ بۆ هەمیشە و هەتا لەگۆڕنانی ئەو ڕێژیمە نگریسە پاشەکشێ بە ئاخوندەکان بکەن. لێرەدا ئەوەی زۆر بەڕوونی دیارە و خۆ دەنوێنێ چاونەترسیی خەڵکی بەتایبەت کچان و ژنانی ئازادیخوازە کە زیاتر لە هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتی ڕەشیی کۆماری ئیسلامیدا تووشیی چەوسانەوە و سەرکوت و نەهامەتی هاتوون.
کۆماری پەت و سێدارە پەشۆکاوە و نازانێ لە ئاست شەپۆلی ناڕەزایەتی و بێزاریی خەڵکی ئێران لە نێوخۆ و لە دەرەوەش لە ئاست ئەو تەریکبوونەوەی بەسەر خۆیدا سەپاندووە چ بکات. ڕێژیم دەزانێ چووکترین پاشەکشێ لە هەمبەر کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە مانای ڕووخانی هەیمەنە و تابۆی ڕەشی کۆماری ئیسلامییە، هەربۆیەش بە هیچ شێوەیەک لە ئاست ویست و داخوازییەکانی خەڵکی ئێران، بەتایبەت ژنان و لابردنی "حیجابی ئیجباریی" نەرمی نانوێنن و زۆر پێداگرن لەو سیاسەتەی گرتوویانەتە بەر. بەوحاڵەش ئەوەی لەو ماوەیەدا ڕووی داوە و دەیبینین بەپێچەوانەی ویستی دەسەڵاتە و تابۆی ڕەشیی کۆماری ئیسلامی شکاوە و سەرکوت و زەبروزەنگ وەڵامدەریی دۆخی شۆڕشیی ژن، ژیان ئازادی نییە. بۆ وێنە ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوودا خۆپێشاندەران بۆ ئەوەی نەناسرێن و پاشان تووشی گرتن و بەندیخانە نەبن، دەموچاویان دادەپۆشی، ئێستا ئەوە سەرکوتکەران، بەتایبەت "لیباس شەخسییەکانن" کە لە ترسی ڕق و تۆڵەی خەڵکی وەزاڵەهاتوو و بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە، دەموچاویان دادەپۆشن. ئەوە پێمان دەڵێ ترس لە تۆڵەی کۆمەڵانی خەڵک و بێهیوایی بە داهاتووی کۆماری ئیسلامی هێزە سەرکوتکەرەکانی هەراسان کردووە و بیر لە داهاتووی خۆیان دەکەنەوە.
شۆرشی ژن، ژیان، ئازادیی، شۆڕشی ژینای کوردستان بەردەوامە و بێگومان سەرەڕای سەرکوت و گرتن و ئاخنینی بەندیخانەکان لە ئازادیخوازان، لە داهاتوودا زۆر بەهێزتر لە پێشوو پەرە دەستێنێ. کۆماری ئیسلامی بە گرتنی نووسەران، ڕەخنەگران و بەگشتی ئازادیخوازان و سیما ناسراوەکانی کۆمەڵگەی ئێران، ناتوانێ دەنگی ئازادیخوازی کپ بکات و وەک ڕابردوو خۆی لە ئاکامەکانی ڕق و تووڕەیی پەنگخواردووی خەڵکی ئێران دەرباز بکات. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرینگە و دەبێ بەهێند بگیرێ، لەلایەک چۆنیەتیی کانالیزەکردنی ئەو شۆڕشە و بەهێزکردنیەتی بە کەمترین تێچوویە و لەلایەکی دیکە کەڵکوەرگرتن لە هەموو پۆتانسیەلەکانی گەلانی ئێران و یەکگرتوویی نەتەوەکان بۆ مەبەستی بەئاکامگەیاندنی خەباتی گەلانی ئێرانە. دیارە جگە لە کوردستان و بەلووچستان کە لەڕاستیدا بوون بە کۆڵەکەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، بەتایبەت ژنان توانییویانە بە نافەرمانیی مەدەنی بەتەواوی دەسەڵاتی ئاخوندەکان تەنگەتاو بکەن و ڕێژیم هیچی بۆ بەرگری لە بەناو بەها ئیسلامییەکانی بەتایبەت "حیجاب" نەماوە جگە لە هەڕەشە لە ژنان و کچان و پلۆمپکردنی دووکان و بازار و شوێنە بازرگانییەکان. بەوحاڵەش وەک چۆن دەمڕاستەکانی دەسەڵات بەناچاری دانیان پێ داناوە ئەو چەکە، واتە هەڕەشە و گرتن و ... ئیتر کاریگەریی نەماوە و سەرکوتکەرانی ڕێژیم ناتوانن شەپۆلی نافەرمانی مەدەنی و نا بۆ حیجابی ئیجباری کۆنترۆڵ بکەن، ڕەوتی ڕووداوەکان وانیشان دەدەن کە ڕێژیم بە لەبەرچاوگرتنی هەموو هۆکارەکان هەنگاو بەهەنگاو ناچار بە پاشەکشێ دەبێ و خۆڕاگریی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لەلایەک و داماوی ئاخوندەکان بۆ کپکردنی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لەلایەکی دیکە پێمان دەڵێن نە کۆمەڵانی ئازادیخوازیی خەڵکی ئێران دەیانهەوێ وەک پێشوو ملکەچیی یاسادواکەوتووەکانی کۆماری ئیسلامی بن و واز لە ویست و داخوازییەکانیان بێنن نە ئاخوندەکان سەرەڕای هاری لە سەرکوت و کوشت و بڕین دەتوانن ڕاپەڕینی گەلانی ئێران سەرکوت بکەن.
شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، شۆڕشێکی هەڵقوڵاوە لە ناخی کۆمەڵگە و پەنگخواردووی ڕق و تووڕەیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانە لە ستەم و دیکتاتۆڕی ئاخوندەکان کە لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەستیان لە بینەقاقای گەلانی ئێران ناوە و وڵاتێکی پڕ پیت و بەرەکەتی وەک ئێرانیان وێران کردووە. ئەو شۆڕشە دەبێ بە کەمترین تێچوو دەسکەوتی مەزنی بەدواوە بێ؛ هەر بۆیەش دەبێ بەپێی هەلومەرجی خەبات شێوە و شێوازی نوێ لەخۆ بگرێ، ئەگەر لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا شەقامەکانی شارەکان لە بەستێنی ناڕەزایەتییەکان بوو و ئێستا کۆماری ئیسلامی بە هێزی سەرکوتی خۆی توانییەتی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بە ڕواڵەت هێوەر بکاتەوە، بەڵام ناڕەزایەتییەکان، بەتایبەت لەلایەن کچان و ژنان و هەروەها کرێکاران بەردەوامە و کۆماری ئیسلامی دەزانێ ئەو هێوەربوونەوەیە سەرەتایەکە بۆ سەرهەڵدانێکی گەورەتر کە دەتوانێ هەڵیتەکێنێ. نووسەران و ڕۆژنامەوانان و هونەرمەندان و بەگشتی سیما ناسراوەکانی وڵات هەتا ئێستای شۆڕش کەمترخەمیان نەکردووە و توانیویانە ڕۆڵی خۆیان لە پێشڤەچوونی شۆڕشی ژینادا بەڕێوە بەرن. بەڵام بۆ داهاتووی ئەو شۆڕشە دەبێ کاری ڕێکخراوەیی چالاکتر بکرێ.
لە کوردستان وەک مەکۆی شۆڕشی ژینا، حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، بەتایبەت حیزبی دێموکرات توانیویانە لە هەموو بوارەکاندا شوێندانەر بن لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان و خەباتی جەماوەریی لە کوردستان چالاک بکەن. هەرچەند ئەو خەبات و تێکۆشانە تێچووی خۆی هەبووە و زۆر لە لاوەکانمان بەدەستی جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامی شەهید بوون و بە سەدان کەسیش لە چاڵەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی لەژێر ئەشکەنجەدان، بەڵام زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێن پیلانی کۆماریی ئیسلامی لە کوردستان شکستی هێنا و حیزبەکانی کوردستان بە لێکدانەوەیەکی دروست و بابەتیانە توانیان هەم ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان پەرە پێ بدەن و هەم لە داوی ئاخوندەکان نەکەوەن کە بەتەمابوون بۆ مەبەستەکانیان نەتەوەی کورد و ئەوەی وەک "شەوە" لێی بەگومانن "جیاوازیخوازیی" زەق بکەنەوە. هەر بۆیەش کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان، بەتایبەت حیزبی دێموکراتی بە مووشەک و پەهپاد کردە ئامانج و دەستی لە هیچ جینایەتێک نەپاراست.
شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی لە ڕاستیدا پشوودرێژیی دەوێ و دەبێ هەموو لایەک بەپێی توانای ڕێخۆشکەر بن بۆ سەرکەوتنی. بەڵام دەبێ ئەو ڕاستییەش باش بزانیین دەسەڵاتی کۆنەپەرست و دواکەوتووی ئاخوندەکان بە چەنگ و ددان پارێزگاری لە ڕێژیمەکەیان دەکەن و لەو ڕێیەدا هێڵی سووریان نییە. بەدڵنیاییەوە یەکگرتوویی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەتایبەت خوێندکاران، ژنان و کچانی ئازادیخواز و کرێکاران و مافخوراوەکان دەتوانێ زامنی سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە بێ. ئەو ڕەوتەش لەلایەک بەسراوەتەوە بە حیزب و ڕێکخراوە سیاسیی و پیشەییەکان کە چەندە دەتوانن ناڕەزایەتییەکان کانالیزە بکەن و لەلایەکی دیکەش دەبێ باڵانسیی هێز بە کار و چالاکی و خەباتی خۆمان بەسوودی شۆڕش بگۆڕین.
ئەو شۆڕشە هەتا ئێستا ڕەنگدانەوەی لە دەرەوەی وڵات زۆر باش بووە و هەم یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا لە ئاستیدا هەڵوێستی ئەرێنییان هەبووە و هەم لە دونیای مەجازیدا کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە ڕەوتی سەرکوت و زەبروزەنگ و کوشتاری لاوانی ئازادیخوازی ئێران پووشبەسەر بکات. کەوابوو کۆماری ئیسلامی لەلایەن زۆربەی وڵاتانی جیهان و کۆڕوکۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان بەهۆی سەرکوتی بێبەزەیانەی خەڵکی ئێران لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا مەحکووم کراوە. هەروەها ئەو ڕێژیمە بەردەوام بووە لە سیاسەتەکانی کە هەڕەشەن بۆ سەقامگیریی جیهان و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سەرەڕای هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچە، ئەوەی دیار و ڕوونە بێمتمانەیی وڵاتانی ناوچەیە بە کۆماری ئیسلامی. ئەو بێمتمانەییەش دەبێتە هۆی تەریککەوتنەوەی زیاتری ڕێژیم لە هەموو بوارەکانی ئابووری، سیاسی و پێوەندییەکان و... .
شۆڕشی ژینای کوردان، ئەگەر لەلایەک زۆر بەهێز بووە و توانیویەتی بۆ یەکەمجار لە ماوەی دەسەڵاتی ئاخوندەکان بۆ ماوەی چەند مانگ بەردەوام بێ و ڕێژیم هەراسان بکا، بەداخەوە خاڵی لاوازیشی هەیە کە لەلایەن ڕێژیمەوە کەڵکی لێ وەرگرتووە. نایەکگرتوویی، دووریی ئۆپۆزیسیونی دەرەوە لە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، نەبوونی ڕێبەرایەتییەک کە زمانحاڵی شۆڕش و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بێ و هەروەها پێداگریی لە سەر کەسایەتیی سێلێبریتی کە سەرەڕای ڕۆڵی ئەرێنی و ئەکتیڤیان، جێگە و پێگەی ڕێکخراوەیی و جەماوەرییان نییە، دەرکردنی مەنشووری لە چەشنی "جۆرجتاون"، بەڵام بەدوور لە ڕاستییەکانی ئێران و ویست و داخوازییەکانی گەلانی ستەمدیدەی ئەم وڵاتە، هەمووی خاڵەڵاوازەکانی ئەو شۆڕشەن. ئەو خاڵە لاوازانە بۆ سەرکەوتنی شؤڕشی ژینا دەبێ چارەسەر بکرێن و هەموو لا و لایەنێک دەبێ تێ بکۆشن لەسەر بەستێنی لێکتێگەیشتن؛ نەک خۆداسەپاندن، لەبەرەیەکدا یەک بگرنەوە. ئەوەی لێرەدا گرینگە ڕۆڵی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانە کە دەبێ لە هەمان کاتدا بۆخۆیان یەکگرتوو بن و هەڵوێستێکی کوردانەیان لە ئاست ئۆپۆزیسیۆنی ئێراندا هەبێ، دەبێ تێ بکۆشن هاوپەیمانییەک لە نێوان نەتەوەکانی ئێراندا هەر لە ئێستاوە پێکبێنن. نەتەوەکانی کورد و بەلووچ لە درێژەی شۆرشی ژینادا زۆر شەهید و تێچوویان داوە و ئاخوندە دەسەڵاتدارەکان زۆر بێبەزەییانەتر لە شوێنەکانی دیکە دەزگای سەرکوتیان بۆ سەرکوتی ئەو دوو نەتەوەیە وەگەر خستووە، هەربۆیەش بۆ بەردەوامی شۆڕش و خەبات و کەمکردنەوەی تێچوویەکەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان، بەتایبەت حیزبی دێموکرات دەبێ تێ بکۆشێ بەرەیەکی بەرفراوان لە نوێنەرانی ڕاستەقینەی گەلانی ئێران پێک بێنێ کە زامنی ماف و داخوازییەکانی نەتەوەکانی ئێران بێ.
داهاتووی نەتەوەکانی ئێران بە کوردەوە بە هاوپەیمانی و یەکگرتوویی نەتەوەکانی ئێران و داننان بە مافی نەتەوەیی بەر لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بەسراوەتەوە، ئەگینا هەر ڕێژیمێک لە داهاتوودا دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ، بۆ ئێمەی کورد و گەلانی ئێران ناڕەوایە.