کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ویستی ئێمە لە خواستی ئەوان ناچێ!

20:38 - 15 بانەمەڕ 2723

ئاسۆ مینبەری

لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەروەک چەند مانگی ڕابردوو کە ژمارەیەک میدیا ببوون بە تریبوونێک بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی هەندێ کەس کە خۆیان بە مۆرەیەکی گرینگ لە هاوکێشەکانی ئەمڕۆی ئێراندا دەزانی، دیسانەوە ئەم میدیایانە بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک ئەویش بە شێوەی ئامانجدار هەوڵیان دا هەندێ بابەت بکەنە ڕۆژەڤ و هاوکێشەکان بە قازانجی لایەنە دیاریکراوەکەی خۆیان بشکێننەوە.

ئەوەی کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بینیمان، هەوڵدانی لایەنە جیاوازەکان بۆ پێکهێنانی بەرە یان هاوپەیمانییەک بوو کە بتوانرێ لەم ڕێگەیەوە ئاڵترناتیڤێکی گونجاو بۆ قۆناغی تێپەڕین لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دیاری بکرێ، بێگومان هەمووشمان بینیمان کە چۆن هەندێ کەس و لایەن بەبێ گرینگیدان بە قازانجە گشتییەکە، ویستیان خۆیان و ڕەوتێکی تایبەت کە تەنیا پەسەندکراوی خۆیان بوو بەسەر باقی لایەنەکاندا بسەپێنن و دۆخەکە بەرەو ئاقارێک ببەن کە زیاتر لە قازانجی گشتی، قازانجی تاکەکەسیی خۆیانی تێدا بێ.

لەم نێوانەدا ڕەوتی پاشایەتی‌خوازی بە هێنانەپێشی سیمبول و کارەکتەری دیاری ڕەوتەکەیان توانی بە پشتبەستن بە پارە و سامانێک کە پێشتر حەمەڕەزاشا لە ڕاکردنەکەیدا لە سامانی گشتیی وڵاتی بەتاڵان بردبوو، و بە بەدەستەوەگرتنی چەند میدیای دیار و بەرچاو زیاتر لە باقی کەس و لایەنەکان دەرفەتی خۆدەرخستن و دیاربوونی هەبێ. ڕەوتی ڕووداوەکان بەرەو مەنشووری مەهسا ڕۆیشت و لەوێشدا پاشایەتی‌خوازەکان ویستیان هێژمۆنیی خۆیان بەسەر باقی ئەندامەکانی ئەم گرووۆەدا بسەپێنن. هاتنەدەرەوەی حامید ئیسماعیلیوون لە مەنشوورەکە و ئەو هۆکارانەی کە ناوبراو بۆ هاتنەدەرەوە لە مەنشوورەکە باسی کرد و هەروەها جیابوونەوەی ئەندامانی دیکەی مەنشوورەکە لە کوڕی شا یان بەپێچەوانەکەی هەموویان بوون بە هۆکار بۆ ئەوەی کە ئەو تۆزقاڵە هیوایەش کە هەندێ لایەن بە مەنشوورەکەیان بوو لەنێو بچێ و هاوکێشەکە گۆڕانی بەسەردا بێت.

بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە هەوڵی بەردەوامی میدیاکانی سەر بە پاشایەتی‌خوازانە کە هێشتا پەلەقاژەی وەسەرتەخت‌خستنەوەی ئەم بنەماڵەیە دەکەن و بە پڕوپاگەندە دەیانەوێ بڵێن تۆرەمەی شا شانسی ئەوەی هەیە دەسەڵاتی داهاتووی ئێران بگرێتە دەست.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، یەکێک لەو مێدیایانە بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ژنە ئەکتەرێکی ئێرانی کە لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئێران بەبێ سەرپۆش بەشدار بووە و گوارەکانی نیشانی "شیر و خورشید"ی پێوە بووە، هەرایەکی ساز کرد تاکوو جارێکی تر وەبیر خەڵک بێنێتەوە کە هیوای پاشایەتی‌خوازی لە ئێران هێشتا هەیە و خەڵک دەتوانن پشتی پێ ببەستن. ئەوەی کە لەم ڤیدیۆیەدا گرینگە نە بێ سەرپۆشبوونی ئەم ژنە ئەکتەرەیە کە لە هەموو ساڵانی کاری خۆیدا و لە دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامیدا کاری بۆ پەرەدان بە هەوڵە سیستماتیکەکانی ڕێژیم کردووە و لە پەرەدان بە کلیشە ڕەگەزییەکاندا ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە و نە پشتیوانیکردن لە بزووتنەوەی شۆڕشێ ژینا، ژن، ژیان، ئازادییە کە لە کوردستانەوە سەری هەڵدا و ئەو هەموو خوێنەشی بۆ ڕژا!

زۆرجار باس لەوە کراوە کە خواستی دانیشتووانی ناوەند جیاواز لە خواستی نەتەوە بندەستەکان لە ئێرانە، ئەمە ئەو ڕاستییەیە کە لە شۆڕشی ژینادا زۆر بەڕوونی خۆی دەرخست. پاش قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی ژنان وەکوو توێژی ستەملێکراوی کۆمەڵگە لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران هاتنە سەر شەقام، بەڵام هاتنەسەر شەقام بە چ مەبەستێک؟ ئایا خواستی ئەوان و ژنانی کوردستان یەکێک بوو؟ ئایا هەموویان لەپێناو یەک ئامانجدا هاتنە مەیدان؟ تاکوو ئێستا کە زیاتر لە ٧ مانگ بەسەر دەسپێکی ئەم شۆڕشەدا تێپەڕیوە ئایا دەسکەوتێکیش هەبووە؟ قازانجەکە کێ کردوویەتی و هاوکێشەکە بۆ کێ لەبار بووە؟

ژنان لە کوردستان مەرگی ژینا بەهۆی حیجابی زۆرەملێیان کرد بە دەرفەتێکی نوێ بۆ بەگژداچوونەوەی داگیرکەرانی خاک و نیشتمانەکەیان، لەم پێناوەدا کەوتنە بەر فیشەکی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و زامی ساچمە و لەدەستدانی ئازیزانیان چێشت و بوون بە هاواری پەنگخواردووی نەتەوەکەیان، بەڵام ئەمانە تەنیا بۆ لابردنی سەرپۆش نەبوو بەڵکوو لەپێناو خواستی نەتەوەکەیاندا بوو، لە بەرانبەردا ژنان لە ناوەند وەک هەمیشە دەرفەتەکەیان قۆستەوە تاکوو بتوانن سەرپۆشەکانیان لاببەن، چونکە لای ئەوان ئازادی هەر لابردنی ئەو لەچکە بوو!

بێگومان زۆر بوون ئەو ژن و کچانەش کە لە شارەکانی دیکەی ئێراندا لە شۆڕشی ژینادا گیانیان لێ ئەستێندرا، بینایی چاوەکانیان لەدەست دا و ئاواتەکانیان لەگەڵیان نێژران، بەڵام لە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠١ەوە هەتا ئەمڕۆ وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لە شارەکانی دیکەی ئێران جیاوازییەکەیان بە باشی دەرخستووە. لە کوردستاندا هێشتا بچووکترین دەرفەت ئاگری شۆڕشەکە هەڵدەگیرسێنێتەوە، خەڵک دێنێتەوە سەر شەقام و ئارامی لە دەسەڵات ئەبرێ بەڵام لە تارانی پێتەختی جەلادەکاندا، ژنە ئەکتەرەکان سەرپۆش لا دەبەن و گوارەیەکی "شیر و خورشید" لە گوێ دەکەن و وەک بڵێی هەوڵی زۆریان بۆ سەرکەوتنی شۆڕشەکە داوە، دەچنە بەر چاوی کامێراکان و پڕوپاگەندە بۆ کوڕی دیکتاتۆرێک دەکەن کە وەک ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تینووی خوێنی خەڵک و بەتایبەتیش نەتەوە بندەستەکان بوو.

تێگەیشتن لە دۆخەکە سەخت نییە، لەم ڕستەیەدا کورت دەبێتەوە کە خواستی ئێمە لە خواستی ئەوان ناچێ!